خۆمانە و خێزانیی

رۆژی بوون مانای چییە؟

09:58 - 2024-10-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
99 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

(22)

لە دنیادا بە زانست هەوڵی سەلماندنی گەورەیی دایک دەدەن، بەڵام ئێمە بە ناوی پێشکەوتنەوە ئەو شەرەفەش لە دایک دەسەنینەوە

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە زانکۆی کالیفۆرنیای سانفرانسیسکۆ کراوە، بەشێوەیەکی زانستی پەیوەندیی پتەوی نێوان دایک و منداڵ دۆزراوەتەوە. ئەوەی لەلای من جێی سەرنج بوو ئەوەیە، منداڵ بۆ ئەبەد خوێنی دایکی دەگۆڕێت. ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە هەموو ئەو بیرکردنەوانە پێچەوانە دەکاتەوە، کاتێک لەم سەردەمەدا دەیانەوێت دایک وەک تەنیا ماڵێک بۆ گەشەی کۆرپە وێنا بکەن. ئەو ژنەی کۆرپەیەک لە جەستەیدا هەڵدەگرێت لە هەفتەی شەشەمەوە خانەکانی خوێنی منداڵەکەی دەچێتە دەمارەکانییەوە. تەنانەت وەک پزیشکی پسپۆر لە توێژینەوەکەدا باسی دەکات، ئەو ژنەی پێش 27 ساڵ منداڵی بووە، هێشتا خانەکانی خوێنی منداڵەکانی لە خوێنیدا ماون، ئەوەی زیاتریش جێی سەرسوڕمانە لەو ئەندامانەی جەستەی دایکەکەدا زۆرە کە نەخۆشن و پێویستیان بە چاکبوونەوە هەیە، تەنانەت ژنێک کە منداڵێکی لەبارچووە، چەندین ساڵ خوێنی منداڵەکەی لە جەستەیدا دەمێنێتەوە، جگە لەوە مێشکی ژن کاتی دووگیانیی، لە رووی کیمیای مێشکەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و دوای منداڵبوونیش بەشێکی زۆری وەک خۆی لێنایەتەوە، وەک زیادبوونی سەرنج و پتەوبوونی ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە کۆمیونیکەیشنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە..هتد، بۆیە وەک دایکێک زیاتر لە جاران بە هەندێ وشەی نوێ پەست دەبم کە وەک زۆرێک لە وشەی دیکەی داتاشراو هێنراوەتە ناو زمانی کوردییەوە، بە رای من زۆر ناشیرینە کاتێک بۆ جەژنی لە دایکبوون دەوترێت رۆژی بوونت پیرۆز بێت. هاوڕێیەکم لە رۆژی لە دایکبوونمدا نامەیەکی بە دنیایەک گوڵ و دڵەوە بۆ ناردبووم، بەڵام هاتمەوە سەر سفر کاتێک بینیم وەک زۆر کەس دوای شەپۆلی زمانە سەقەتەکەی سۆشیال میدیا و ئێستا کەوتووە و بۆی نووسیووم «رۆژی بوونت پیرۆز بێت» ئاخر رۆژی بوون چییە؟ کاممان لە پڕ لەم وجودەدا پەیدا بووین؟ هەر یەکێک لە ئێمە دایکێکی هەیە و شانازییە بۆ خۆم و بۆ منداڵەکانیشم وشەی دایک بە یادی لە دایکبوونمانەوە بکرێت، هاوکات کاتێک دەبیستم کەسێک دەڵێت (رۆژی بوونت پیرۆز بێت) بە داخەوە من ئەوە بە سووکایەتی بە گەورەیی و پیرۆزی دایک ئینجا ژن دادەنێم، ئەوەتا لە دنیادا بە زانست هەوڵی سەلماندنی گەورەیی دایک و ئەو پەیوەندییە ئەفسووناوییە دەدەن کە لە نێوان دایک و منداڵدا هەیە، بەڵام ئێمە بە ناوی پێشکەوتن و پەرەپێدانی زمانی کوردییەوە ئەو شەرەفەش لە دایک دەسەنینەوە.  

وتارەکانی نوسەر