ژیانی 4754 گیراوی پێوە بەندە

چاودێریکردنی چاکسازییەکان رەچاو بکەن..

10:44 - 2024-07-02
نەرمین عوسمان محەمەد
136 خوێندراوەتەوە

لە میانەی باسکردن لە دۆخی زیندانییان و چاکسازییەکان راپۆرتێکی میدیای ناوخۆیی ئاماژە بەوە دەدات کۆی گیراوانی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان دەگاتە چوار هەزار و 754 کەس بەگشتیی لە نێویاندا 464 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان هەیە تائێرە ئەمە داتایە و گرفتی تێدا نییە.

پێویستە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی ورد بۆ سیستمی بەڕێوەبردن و دۆخی چاکسازییەکان بکرێت


ئەوەی گرفتە لەمەڕ ئەم بابەتە ئەوەیە هەمان راپۆرت ئاماژەی بەوەداوە کە دۆخی تەندروستی ئەم گیراوانەی نێو چاکسازییەکان کە سیانیان تەرخانکراوە بۆ ژنان و منداڵان باش نییە ئەمە وێڕای خراپی ئەو خانوانەی کە ئەم چاکسازییانەی تێدایە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چاکسازییانە دوو هێندەی ژمارەی رێگەپێدراو گیراویان تێدایە کە ئەمەش بۆتە مایەی کۆمەڵێک کێشە بۆ ئەم گیراوانە لەوانە کەم خەوی بەهۆکاری نەبوونی شوێن، ئەوەی جێی نیگەرانییە چاکسازییەکان بەپێی ناوەکانیان بێت بۆ سەرلەنوێ راهێنانەوەی کۆمەڵێک کەسی سزادراوە بۆ ناو کۆمەڵگە و چاکردنی دۆخی ژیان و باری دەروونییانە، پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا لەو دۆخە نالەبارەدا کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە ئەم چاکسازییانە دەتوانن سەرکەوتووبن لەپێکانی ئامانجەکانی خۆیاندا؟
بێگومان راشکاوانە وەڵامەکە نەخێر دەبێت، هەر بۆیە پێویستە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی ورد بۆ سیستمی بەڕێوەبردن و دۆخی ئەم چاکسازییانە لە هەموو لایەنێکەوە بکرێت و دواتر سیستمێکی چاودێری مانگانەی رێکخراو دابڕێژرێت بە جۆرێک کە هەموو لایەنەکانی ژیان و مانەوەی گیراوەکان لەو سیستمی چاودێرییەدا رەچاوبکرێت و کۆی پێداویستییەکانی گیراوەکان دەستەبەر بکرێت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند کە پێکهاتبێت لە لایەنەکانی تەندروستی، پسپۆڕانی بیناسازی و دەروونناسەکان و ئامادەبوونی هەمیشەییان لەنێو چاکسازییەکاندا و بەشێوەیەکی رۆژانە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەر رووداوێکی نەخوازراو کە روو دەدات لە چاکسازییەکاندا، هاوکات لە پێناو فەراهەمکردنی هەر جۆرە پێداویستییەکی ژیانی رۆژانەی گیراوەکاندا، چونکە نابێت لەیادمان بچێت کە چارسەرکردنی تاوان و لادان لەنێو کۆمەڵگەدا تەنها بە پەیڕەوکردنی یاسا دەبێت، بەڵکو بە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵێک لایەنی دیکە دەبێت کە دۆخی ژیانی رۆژانە و هەڵسوکەوتی گیراوەکان دیاری دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە باشکردنی دۆخی ئەم چاکسازییانە رووی گەشی ئەزموونی سیاسی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا دەخاتەڕوو، لەم ساتەوەختەدا کە رووی زۆربەی دەزگا راگەیاندنەکانی جیهان و میدیا جیهانییە بەناوبانگەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەزموونی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنەکەیەتی و رۆژانە وەفدی وڵاتان سەردانی هەرێم دەکەن ئەمە بێجگە لە بوونی نوێنەرایەتی و کونسڵی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەناو هەرێمی کوردستاندا کە بەشێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە رەوشی  مافی مرۆڤ و دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش بە وڵاتەکانی خۆیان و دواتریش پێشکەش بە پێگە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
دواجار دەڵێین ئەمە تەنها دیدێکی خاکەڕایانەیە لەپێناو بەرەوپێشچوونی رەوشی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

وتارەکانی نوسەر