ئاوڕ لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی بدەنەوە

12:05 - 2024-08-05
نەرمین عوسمان محەمەد
131 خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان محەمەد 

 

 

هیواخوازین لایەنە بەرپرسەکان ئاوڕێکی جدی لە گرفتەکانی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی بدەنەوە بۆئەوەی لە ئەرکەکانی بەردەوام بێت 

 

یەکێک لەو پڕۆژە تایبەت و دەگمەنانەی دەکرێت بە دەستکەوت بۆ ژنان هەژمار بکرێت و تاکە نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەرکردنی ژنانی توشبوو بە نەخۆشی دەروونی، نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی یە لە سلێمانی، بەڵام ئەوەی لەم رۆژانەدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیەدا باسی لێوە دەکرا شایستەی هەڵوەستە لەسەر کردنە، لێرەدا دەکرێت بپرسین چۆن هەڵوەستە بکەین؟
بەپێی لێدوانەکانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بێت کۆی بەڕێوەچوون و پێداویستییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بۆ نموونە نەخۆشخانەکە جێگەی 60 سیستەمی تێدا دەبێتەوە، بەڵام لەبەر کەمیی ژمارەی کارمەندانی نەخۆشخانەکە تەنها 40 سیستەم بۆ وەرگرتنی چارەخوازان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش هۆکارە بۆ بێبەشبوونی ژمارەیەک خانمی چارەخواز لە سوود وەرگرتن لەم نەخۆشخانەیە، خاڵێکی دیکەی لێدوانی پزیشکی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە سەبارەت بە کەمیی بودجەی تەرخانکراوە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە کە بۆتە هۆکاری نەتوانینیان بۆ گرێبەست کردن لەگەڵ ژمارەیەک لە کارمەندانی دیکە بۆ هاوکاریکردنی کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە و هاوکات زیادکردنی ژمارەی وەرگرتنی چارەخوازان، یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی لەم نەخۆشخانەیەدا هەیە بریتییە لە نا تەندروستی ئاودەست و حەمامەکانی نێو نەخۆشخانەکە کە بووەتە مایەی ناڕەحەتی بۆ چارەخوازان ئەمە بێجگە لە گرفتەکانی جۆر و شێوازی وەرگرتنی چارەخوازان و مامەڵەکردنی  خانەوادەکانیان لەگەڵیاندا، کە ئەمەش دەبێتە بارگرانییەکی دیکە بۆ سەرشانی نەخۆشخانەکە و کارمەندەکانی ئەمە وێڕای نەبوونی بودجەی پێویست لە هەندێک کاتدا بۆ دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ خانمانی چارەخواز.
لێرەدا دەکرێت بڵێین لەوانەیە ئەم گرفتانە مشتێک بن لە خەروارێک لە گرفتەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، کە زۆر بەسەر پێیی و بەکورتی پزیشکی بەڕێوەبەری نە خۆشخانەکە ئاماژەی پێداوە و لەوانەیە سەردانێکی مەیدانی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە چەندین کێشە و پێداویستی گەورەتر و گرنگتر دەربخات، لەنێو چوار دیواری نەخۆشخانەیەک کە تاکە نەخۆشخانەی  لەوجۆرەیە لە هەرێم، کە بۆ چارەخوازانی ژن تەرخانکراوە بۆیە لێرەوە و لەم گۆشە نیگا بچکۆلەیەوە هیواخوازین لایەنە بەرپرسەکانی بەڕێوەبردن و بەردەوام بوونی ئەم پڕۆژە ناوازەیە ئاوڕێکی جدی لەم نەخۆشخانەیە و گرفتەکانی بدەنەوە تاکو بەردەوام بێت لە ئەرک و هەوڵە گرنگەکانیدا بۆ خوڵقاندنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست.

وتارەکانی نوسەر