پێویستیی هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (6) ساڵی 2008

09:39 - 2024-08-18
نەرمین عوسمان محەمەد
104 خوێندراوەتەوە

لە ساڵی 2008 دا یەکێک لەو یاسایانەی لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵک و خزمەتی زیاتری کۆمەڵگە دەرکرا یاسای ژمارە (6) بوو، کە بە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان ناسێنرا و لە چەند بڕگەیەک پێکهاتبوو، بڕگەی دووەمی ئەم یاسایە پوختەکەی ئەوەیە هەر کەسێک ئامێرەکانی پەیوەندیکردن خراپ بەکاربهێنێت بۆ مەبەستەکانی هەڕەشەکردن یاخود تۆقاندن یان هەر کارێکی دیکە کە دەبێتە مایەی ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسێک ئەوا کەسی تاوانبار سزاکەی بریتی دەبێت لە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە نێوان شەش مانگ بۆ پێنج ساڵ و غەرامەکردنی بەبڕی ملیۆنێك بۆ پێنچ ملیۆن دینار، دەتوانین بڵێین ئەو جۆرە سزادانە بۆ ئەو سەردەمە کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و بەرنامەکانیان بەم جۆرەی ئێستا بەربڵاو نەبوو گونجاو بوو، بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆماندا و بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایدا، لەگەڵ هاتنە ئارای زیرەکی دەستکرد و بەردەست بوونی هەموو جۆرەکانی ئامێری پەیوەندی لە هەرێمی کوردستاندا، پێدەچێت هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە و توندترکردنی سزاکانی کارێکی پێویست بێت، دەکرێت لێرەدا کەسێک بپرسێت بەڵگە بۆ پێویستیی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە چییە؟

 

 ئەمساڵ لە ماوەی شەش مانگدا بە تەنها لە دادگای سلێمانی 378 کەیسی سکاڵاکردن هەبووە، دژی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن

 

 

لە وەڵامدا دەڵێین لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (واتا لە مانگی شوبات بۆ مانگی ئاب) و بە تەنها لە دادگای سلێمانی (378) کەیسی سکاڵاکردن هەبووە، دژی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژادنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەر کەسێک بە وردی سەیری هەندێک لە پێگەکانی سۆشیال میدیا بکات ئەوا بەڕوونی بۆی دەردەکەوێت کە یەکێک لە شێوازەکانی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردن کە هەندێک پارت و لایەن بەکاریدەهێنن لە رێگەی چەند پەیج و کەسایەتییەکەوە بریتییە لە ناوزڕاندنی کەسانی خاوەن دەسەڵات و بەربژێرانی لایەنێکی دیکە، بە چوونە نێو ژیانی تایبەتییانەوە یاخود هەڵبەستنی چەند چیرۆکێک کە زۆر دوورە لە راستی بۆ ئەو کەسایەتییانە و کارەکەی، بەوەشەوە نەوەستاون بەڵکو هەندێکجار تۆماری دەنگیی ئەو کەسایەتییانە دزەی پێدەکرێت یاخود چەند وێنەیەکیان بو دروست دەکرێت کە زۆرکات گومانی ئەوە لەسەر ئەو وێنە و تۆمارە دەنگییانەیە کە دروستکراوی زیرەکی دەستکردبن، ئەم بابەتانەش زۆر بە سادەیی تێدەپەڕن و دەچنە نێو خەڵک و کۆمەڵگەوە و هەندێک جاریش دەبنە ترێند، لەوانەیە لێرەشدا کەسێک بڵێت ئەم پڕۆسەیە ئاسایی و باوە و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەی جیهانیشدا لەکاتی هەڵبژاردندا ئەم تەکنیکە بەکاردێت، لە وەڵامدا دەڵیم: لەو وڵاتانەدا ناوزڕاند بەو رێژەیەی لای ئێمە کاریگەر نییە بۆ کەسایەتییەکان بە تایبەتی بۆ خانمان، هەروەها لەوێ کە یاسا بڕیاریدا نە گەڕانەوەی هەیە و نە نێوەندگیریی وەک ئەوەی هەندێکجار لەلای خۆمان دەکرێت، کەواتە لەپێناو پاراستنی ژیانی تایبەتی بەربژێرەکانمان بۆ هەڵبژاردن و جێگیرکردنی ئاسایشی کۆمەڵگەکەماندا، تکایە با سەرلەنوێ هەمواری یاسای ژمارە (6) ی ساڵی 2008 بکەینەوە.

وتارەکانی نوسەر