دوو بژاردە و سێ رێگە

11:27 - 2024-07-02
ئەرسەلان مەحمود
140 خوێندراوەتەوە

ئەم رەوشە ئیداری و سیاسی و ئابوورییە نەخوازراوەی هەرێم کە چەند ساڵێکە بەهۆی پاوانخوازی لە حکومڕانیدا و جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ناهاوسەنگی لەسیاسەتکردندا، لەلایەک بووە بە مۆتەکەی سەر دڵ و دەروون و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی و لەلایەکی ترەوە بووە بە کەرەستەی میدیایی تاقمە پۆپۆلیزمە مشەخۆر و پەرێزخۆرەکان کە ئامانجیان تەنها و تەنها بەرخۆرییە، پێویستییەکی حەیاتی و حەتمی بە راستکردنەوەی رێڕەوەکە و ریشەکێشکردنی عەقڵییەتی جیاکاریخواز و هێنانە ئاراوەی هاوسەنگییە لە بەڕێوەبردنی وڵات و سیاسەتکردندا. 

رێگە مەدە دەنگی نەشاز، ئەو دەنگەی کە جگە لەخۆی نە هیچ دەیبیستێ و نە لە هیچ تێدەگات، دەنگی ناخت بکات بە خۆرکەی خۆی

لە بیرت بێ سبەی هەڵبژاردنە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناهەموارییە یاسایی و دەستوورییەکانی بەردەم حکومڕانیی رەشیدی هەموارکردۆتەوە و ئێستا تۆپەکە کەوتۆتە گۆڕەپانی تۆی هاووڵاتی و هاونیشتمانییەوە، هەر بۆیە سبەی دەرفەتێکە لە ئێستاوە دەبێ خۆتی بۆ ئامادە و یەکلابکەیتەوە، لە ئێستاوە رێگە مەدە دەنگی نەشاز، ئەو دەنگەی کە جگە لەخۆی نە هیچ دەیبیستێ و نە لە هیچ تێدەگات، دەنگی ناخت بکات بە خۆرکەی خۆی و وەک دوێنێ لەژێر دروشم و قسەی باق و بریقدا نقومت بکات لەخۆیدا. 
ئەوەی شەیدای ژیانێکی شایستەتر و نیشتمانێکی گەشەکردوتر و کەشێکی سەقامگیر ترە، بە ئاوڕدانەوەیەک لەم رابردووە دەتوانێ لەوە تێبگات دۆخ بەهاتوهاوار و نانەوەی پشێوی و بەخشینەوەی بوغز و غەریزەی رووت یان تۆمەتبارکردنی بێمروەتانە، پاکنابێتەوە لە هزری پاوانخواز و جیاکاریخواز و بێدادی.
ئەم واقیعە ئیداری و سیاسی و ئابوورییە نەخوازراوە ئیقلیمییەی تێیکەوتووین، خەڵک دەخاتە بەردەم دوو بژاردە و سێ رێگەی دەرباز بوون، بژاردەی یەکەم قبووڵکردنییەتی وەک خۆی یان وەک ئەوەی هەیە کە ئەمە تەسلیمبوونە و سەرەنجامەکەی خود کوژییە، بژاردەی دووەم هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی رەتکردنەوە و راستکردنەوەی رێڕەوەکەیە، لێرەوە تۆی تاک، ئەم خاک و خەڵکە، سێ ئامڕاز یان سێ رێگەی دەربازبوون گەرەکیەتی، یەکەمیان یەکێتی، دووەمییان یەکێتی و سێیەمیشیان هەر یەکێتی، هەڵبژاردنی ئەمجارە دەبێ رەنگدانەوەی هیوا و خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵک بێت، ئەمە شتێک نییە چاوەڕوان بکرێ، دەبێ بەدەست بهێندرێ، بەشداری نەکردن و خۆ هێشتنەوە لەژێر هەر بڕو بیانوێکدا خۆت و خەڵک و خاک سپاردنە بە قەدەر کە قازانجەکەی دەچێتە باخەڵی دەستە و تاقم و گروپە بەرخۆرەکان یان ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی لەوەهما نەبێ توانای ژیان و هەڵکردنیان نییە، تاک و خەڵکی راستەقینە بەو رێگەیانەدا دەڕۆن بژاردەی خۆیانە، بە پێچەوانەوە کۆمبارس و ئەوانەن کە رێگەکەیان پێدەڕازێندرێتەوە.
چارەنووس هیچ پەیوەست و پەیوەندییەکی بەشانسەوە نییە، هەڵبژاردنە، سەختترین هەڵبژاردنیش بەتەنها هەرچی راستە و چی هەڵەیە نییە، بەڵکو باشترینەکە چیە؟ منی تاک و خەڵکی کوردستان بەگشتی، ئەمجارەیان کەوتووینەتە بەردەم باشترینی بژاردەکان، وڵاتەکەمان، حکومەتەکەمان، ئابووریمان، سیاسەت و دیبلۆماسییەت و نیشتمانیبوونەکەمان پێویستیان بە بونیادنانەوە هەیە، ئەم ریفۆڕمە بە حزبێک، هێزێک، نوێنەرایەتییەک دەکرێت نیشتمانی و وڵامدەرەوە بێت، ئەو تاکەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بتوانێ کۆنتڕۆڵی تێگە و هەستەکانی خۆی بکات، ئەو کەسەیە پێگەی هەرێم و کوردبوونەکەی، ژیانێکی باشتر و ئایندەیەکی ساغڵەمی بۆ خۆی و میللەتەکەی بەلاوە گرنگ و بەهادارترە، ئەوەی بشتوانێت ئەمە لەخۆیدا بەرجەستە بکات، دواجار توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هەموو لایەنەکانی ژیانی خۆی بکات.

وتارەکانی نوسەر