دیواربەندی ئاواییەکان

12:25 - 2024-07-02
تەها سلێمان
169 خوێندراوەتەوە

لە رابردوودا لە جارێک زیاتر دنەی بابەتی(دیواربەندی ئاواییەکان)مان داوە و مکوڕبووین لەسەر ئەوەی کە یەکێک لە کارە گرنگ و پڕبایەخەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی (تاوانی جینۆسایدی ئەنفال)، دروستکردنی (دیواربەند یان مۆنۆمێنتی قوربانییەکانی ئاواییەکان)ە.
دوور نییە پرسیارێک بەردەوام بکرێت؛ ئەویش ئەوەیە: بیرۆکەی ئەم دیواربەندە بۆ و لەپێناوی چیدا؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە، بمانەوێ یاخود نا، ئێمە میللەتێکین (بەهەموو پێوەر و پێوانە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان) جینۆساید کراوین، بەداخەوە هێشتا نەمانتوانیووە کارکردن لە تێکڕای رەهەندەکانی ئەم تاوانەدا بگەیەنینە دەرەوەی دروشمی پاڕانەوە و گریان و کڕووزانەوە؛ کە ئەمە یەکێکە لە خەوشە هەرە خراپەکانمان!
بۆئەوەی لە ئەسڵی مەتڵەب دوور نەکەوینەوە، تا ئەم ساتەوەختە کە دەتەوێ ئامارێکی ورد و متمانە پێکراوت لەبارەی تاوانەکان و زیانە مرۆییەکانییەوە چنگ بکەوێت و کاریان لەسەر بکەیت، لە باشترین حاڵەتدا دەبێت پەنا ببەیتە بەر گێڕانەوەی ناتەواو یان پچڕپچڕ لە دەمی قوربانییەکانەوە، خۆ ئەمە گوناهـ یان خەتای قوربانییەکان نییە، بەڵکو گرفتەکە لەوێدایە کارکردنی ئێمە لەم بوارە، نەبووەتە پڕۆژەیەکی (نەتەوەیی -نیشتمانی) و دامەزراوەیەکمان نییە کە بتوانێت لە ئاست گەورەیی تاوانەکانی جینۆسایدکردنمان و لەخۆگرتنیدا بێت!
بۆیە (دیواربەندی ئاواییەکان) کە ناوی قوربانییەکانی تاوانەکان لەخۆبگرێت (وەک نموونەی چەند ئاواییەک کە خۆیان لەسەر ئەرکی خۆیان کردوویانە)، باشترین کار و هەنگاوە کە هەموو ئاواییەک و بە راوێژ لەنێوان دانیشتوانەکەی و کەسوکاری قوربانییەکاندا بیکەن.
ئەم هەنگاوە نە قورسە و نە تێچوویەکی هێندە زۆریشی دەوێت، بەڵکو تەنیا ئەوەندە بەسە خەڵکی ئاوایی، کۆبوونەوەیەک بکەن، یەکەم شت لەو کۆبوونەوەیەدا ناوی قوربانییەکان (رەگەزی نێر، رەگەزی مێ، پیر، گەنج، منداڵ) و خێزان بەخێزان ئامادەی بکەن و جیای بکەنەوە و پاشان لەنێو یەکتریدا بڕی تێچووی دیواربەندەکە لەڕووی داراییەوە کۆبکەنەوە.
کە ئەم دوو هەنگاوە نرا، باشترین شوێنی ناو ئاواییەکە هەڵبژێرن و بە دیزانینێکی جوان و شایستە، دیواربەندەکە دروستبکەن، کە بۆ هەتایە پارێزگاریی لە ناوی قوربانییەکانی تاوانەکە و پاراستنی لە فەوتان دەکەن و لەهەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئەخلاقی خۆیان لەبەرامبەر قوربانییەکانیاندا بەجێدەگەیەنن.

وتارەکانی نوسەر