لەدوای ساڵی 2003 بۆ ئێستا 2024؛ کورد بە پێی ژمارەی دانیشتوانەکەی لە باشووری کوردستان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی (پەرلەمان) هەیە و بەلێکدانەوەیەکی کورت، ئەم نوێنەرایەتی کردنە لەڕێگای پەرلەمانتارەوە، نوێنەرایەتییەکی (نەتەوەیی-نیشتمانی-سیاسیی)یە و جیاوازە لە نوێنەرایەتی ناوچەی سونەنشین و شیعە نشین، چونکە ئەوان (سونە) شەڕی ناسنامەی مەزهەبی و دینی و دواجار خزمەتگوزاری و پێداویستی ناوچەکانیان دەکەن و (شیعە) بەبڕیک جیاوازییەوە شەڕی مەزهەبی و دینی و دواجار سەپاندنی هەژموونی حکومڕانی خۆیان و خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. پرسیاری جەوهەری و کرۆکی مەبەست ئەوەیە:(ئایا نوێنەرانی کورد توانیویانە قوبەی ئەنجومەنی نوێنەران بکەنە جێگای راستەقینەی ئەو دۆسێ و پرس و بابەتانەی کە لە پێناویدا لەوێن)؟
بە بڕوای ئێمە دەبێت لەوێوە تێهەڵچینەوە و راستییەکی تاڵ بخەینە پێش دەست و چاوی خۆمان؛ ئەویش ئەوەیە زۆرینەی ئەوانەی رۆیشتوون یان دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەری (نیشتمانیی و نەتەوەیی و سیاسیی) کوردستان نین کە لەبنەڕەتدا دەبێت وابێت، بەڵکو نوێنەری حزب و گروپی سیاسی و (بازرگانین) لەناو حزبی سیاسیدا و تەنانەت هۆشیاری و توانای سیاسییان ئەوەندە لاوازە، ناتوانن لەگەڵ بەرامبەرەکانیان بەپوخت و رەوانی گوزارشت لە تێڕوانینی سیاسی حزبەکانیشان بکەن نەک پرسێکی گەورەی وەک (نیشتمانی-نەتەوەیی) کورد و کوردستان!
بۆیە دوای (21) ساڵ و لەدوای ئەنجومەنی حوکم (کاتی)یەوە، کوردە هەڵبژێردراو و نێردراوەکان، تەنانەت نەیانتوانی لەوە تێبگەن گوتارێکی شلگێرانەی پشت ئەستوور بە( فیکری و رۆشنبیریی، زانیاریی جۆراوجۆر، بە بەڵگەی سەلمێنراو، مێژوویی) لەبارەی مێژووی تاوانەکانی جینۆساید لەلایەن حکومەتە یەک لەوای یەکانی عێراق تا دەگاتە بەعس و ئەنجامیش سیاسەتی ئێستای هێز و گروپە سەرەکییەکانی پێکهێنەری رووکنەکانی دەوڵەتی عێراق پێشکەش بکەن، تایبەت بەم پرسە گرنگتر و پێویسترە لە دەمەتەقێی ناو تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان!
کاتێک نوێنەرێک و بگرە زۆربەیان؛ زمانی عەرەبی نەزانن و جیاوازی لەنێوان (تاوان و کارەسات) نەکەن، هیچ شارەزاییەکیان لەبارەی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەتاوانی جینۆساید نەبێت، تێنەگەن لەوەی نوێنەرایەتی ئەوان جیاوازە لەنوێنەرایەتی (شیعەو سونە)، ئەلفێک لەمێژووی کۆن و نوێی سیاسی و رووناکبیریی و ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق نازانن، بێگومان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شەڕی فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سەرەواوێک بەلای ئەرکە راستەقینە و سەرەکییەکەیدا نەچێت!
هەرکەس و نوێنەرێک لەوانەی بەغدا (ئەنجوومەنی نوێنەران) بڵێ نەخێر وانیە؛ دەپرسین :(کوا یاسای قەرەبووکردنەوەی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد و کوردستان، کوا بڕیاری لێبوردنی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر تاوانەکان و کەس و کاری قوربانییەکان، کوا ئیلزامکردنی دەوڵەتی عێراق بەناوەڕۆکی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان، کوا چارەسەرکردنی پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تاوانەکانی جینۆساید لەعێراقدا، کوا ناچارکردنی دەوڵەتی عێراق بە ئیمزاکردنی و ئیلتزامکردن بەناوەڕۆکی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەتاوانی جینۆساید و زۆری تریش؟
ئەگەرچی ساڵانی رابردوو بەئێستاشەوە ئەم بابەتە بەسەر تەواوی نوێنەرانی کورد ئاسان تێپەڕیووە؛ داهاتوو لێپرسینەوەی مێژوویی (نیشتمانی-نەتەوەیی) و ئەخلاقی لێیان خۆش نابێت نە لەخۆیان و نە لەحزبەکانیشیان!
ئەوەشی کە زیانمەندی پلەیەکە؛ لەم ئاستە کورد و کوردستان و پرس و بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانێتی؛ بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەم شێوازەی نوێنەرایەتیکرن و هەڵبژارنە لە رەگ و ریشەوە دەربهێنرێ و تێک بشکێنرێ و بخرێتە سەر رێگا راستەکەی نوێنەرایەتیکردن، بۆ چیتر دۆسییەی تاوانەکانی جینۆسایدکردنی کورد و کوردستان وەک یەکێک لەگرنگترین پرس و بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، ئاوا بەم هەژاری و کڵۆڵییەوە نەمێنێتەوە.