رۆڵی وەرگێڕان لە ناساندنی جینۆسایدا

09:44 - 2024-09-15
تەها سلێمان
79 خوێندراوەتەوە

باوەڕناکەم هیچ میللەتێک هێندەی کورد تاوان و ستەمی بەرامبەر کرابێت؛ ئەوانەشی کە تاوان یان ستەمیان لێکرابێ، بەجۆرێک لە جۆرەکان دوای تاوان و ستەمەکە خۆیان کۆکردووەتەوە و کرۆکی پەیامی تاوانەکەیان کردووەتە هۆکار و پاڵنەری دامەزراندن و دروستکردنی قەوارەی تایبەت بەخۆیان و نموونەی نزیکیشمان هەیە.
هەمیشە لەسەر ئەوە مکووڕ بووین لەسەر ئەوەی کە کورد (بەداخەوە) میللەتێکی بێ دەربەستە بەرامبەر بابەتە سەرەکی و گرنگەکانی خۆی، کە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین بابەتەکانی، دۆسێی جینۆسایدکردنێتی؛ لەکاتێکدا ئەگەر دۆسێی جینۆسایدی کورد، هی هەر میللەتێکی تر بووایە، لەسەر ئاستی تێکڕای رەهەند و کاریگەرییەکانی کاری شێلگیرانەی لەسەر دەکرد و دەیکردە بنەمای دروستبوونەوە و هەستانەوە.
دەمەوێت پوخت و کورت بێژم؛ نامەوێ ژمارەی تاوانەکان بژمێرم، تەنیا ئەوەندە بەسە کە هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەک لە مێژووی دوور و نزیکمان، بەتاوانێک و کاریگەرییەکانی داپۆشراوە و پرسیاری سەرەکی و مەبەست ئەوەیە: ئایا توانیومانە پەیام و کاریگەرییەکانی جینۆساید لەڕووی (فەلسەفی و مرۆیی، فیکری، مێژوویی، کەلتوری و فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و دەروونی، ژینگەیی) لە زمانی لۆکاڵی خۆمانەوە بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا وەربگێڕین و ئاڕاستە بکەین؟ 

 

ئەگەر دۆسێی جینۆسایدی کورد، هی هەر میللەتێکی تر بووایە، لەسەر ئاستی تێکڕای رەهەند و کاریگەرییەکانی کاری شێلگیرانەی لەسەر دەکرد و دەیکردە بنەمای دروستبوونەوە و هەستانەوە

 

باوەڕی تەواوم بەوە هەیە داننان بە ناتەواوی نەک نەنگی نییە، بەڵکو بوێرییە و لەوەش بوێریی تر ئەوەیە کە بێین و رەخنەی توندو شێلگیرانە لە خۆمان بگرین کە بۆچی بەدرێژایی مێژوو لەم ئاست و بەرپرسیارێتییەدا بەردەوام لەپەراوێزداین و ئەوەی دووبارە و سەدبارەی دەکەینەوە، تەنیا زمانی گریان و پاڕانەوەی بێسوودە؟ روونتر بڵێم، باوەڕی ئێمە وایە ئەمە یەکێکە لە هۆکارە بنچینەییەکانی پەنا نەبردن بۆ پرۆسەی وەرگێڕانی زمانی تاوانەکە و دواکەوتنمان لە ناساندنی جینۆساید لە دژمان بە دنیای دەرەوە.
کات و شوێنی خۆیەتی لێرەدا باسی ئەوە بکەم؛ پێش دوو ساڵ واتە 2022 هاوڕێیەکی ئازیز لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم پەیوەندیی پێوە کردم و هەواڵی ئەوەی پێدام کە پرۆژەیەکیان هەیە بۆ وەرگێڕانی کۆمەڵێک کتێب لەسەر جینۆساید و ئەنفال بۆ زمانە زیندووەکان بەتایبەتی (ئینگلیزی و عەرەبی) و لە نزیکترین کاتدا دەست پێدەکەن؛ بەداخەوەم هەر لە نیوەی رێگەدا پرۆژەکە مردار کرایەوە و یەک لاپەڕەش نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە!.
پێشنیاز دەکەم لە دەرەوەی بەرپرسیارێتیی حکومەت؛ نووسەر و وەرگێڕە زمانزانەکان، پرۆژەی دامەزراوەیەکی تایبەت بە وەرگێڕان بۆ جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران ئامادە بکەن و دایبمەزرێنن، بۆئەوەی لەوە زیاتر ئەم ئەرکە گرنگە دوانەکەوێت کە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و زمانی تاوانەکەش تەنیا لە جوغزی گریان و پاڕانەوەدا نەخولێتەوە و ببێتە دۆسێیەکی نێودەوڵەتیی مرۆیی جێبایەخ نەک پشتگوێ خراو.

وتارەکانی نوسەر