لە دەرهێنانی تیمی پارتی لە (حکومەت)

سیناریۆیەکی دیکەی بۆلیودی

10:50 - 2024-07-03
جەمال ئارێز
246 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

پ.د.ک هەرکاتێک ویستبێتی گەمەیەکی حزبییانەی نابەجێ بکات، بە چەندین شێواز زەمینەسازیی بۆ دەکات و کاتێک شکستیان تیادەخوات، پەنا دەباتە بەر سیناریۆیەکی بۆلیودییانە

لە تەقینەوەکەی زاخۆی ساڵی 1995ەوە بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی بەردەوامن لە داڕشتنی سیناریۆی بۆلیودی لە دژی یەکێتی و لایەنە رکابەرەکانی دیکەی و هەموو ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە سیاسی و مەدەنییانەی کە ئەو حزبە لەجیاتی دوژمنانی گەلەکەمان لە خانەی دوژمنی پلەیەکی خۆیدا پۆلێنی کردوون و بە پێچەوانەشەوە دوژمنانی گەلی کوردستانیان لە خانەی دوژمنی پلە دوودا پۆلێن کردووە.
دەشێت ئەگەر زۆر بگەڕێینەوە بۆ دواتر سیناریۆی فاشیلی دوورتریش هەبێت، بەڵام ئیدی با لەو ساڵەوە بەس بێت کە پ.د.ک هەرکاتێک ویستبێتی گەمەیەکی سیاسیی حزبییانەی نابەجێ بکات، ئەوا بە چەندین شێواز زەمینەسازیی بۆ دەکات و کاتێک لە هەموویاندا شکست دەخوات، پەنا دەباتە بەر سیناریۆیەکی بۆلیودییانە کە لەمێژە لەناو خەڵکی رەشۆکیشدا چ جای خەڵکی رۆشنبیر و دەستەبژێردا کە درۆیەک زۆر زەق و بێتام بێت، دەوترێت (خۆ فیلمی هیندی نییە!) دیارە لەگەڵ رێزمان بۆ خەڵکی هیندستان و فیلمە باشەکانیان، بەڵام ئەوانیش وەک هەندێک میللەتی دیکە فیلمی بازرگانی و لاوازیان لەڕووی دەق و سیناریۆوە هەیە کە تەنانەت لەناو خەڵکی (عەوام) یشدا تراژیدیا و گریانی ئەکتەرەکانیشی مایەی پێکەنینە!
ئەو حزبە لە سیناریۆکەی (شێخ زانا) وە بۆ تیرۆرکردنی (زەردەشت عوسمان، فەرەیدون جوانڕۆیی، عەقید هاوکار جاف و دەیانی دیکە تا دەگاتە کوژرانە گوماناوییەکەی لیوا موحسین، هەریەکەیان سیناریۆیەکی فاشیلی بۆ دادەڕێژن کە لەجیاتی ئەوەی بتوانن راستیی راگەیەندراو و روونکردنەوەکانیان بسەلمێنن، هێندەی دیکە گومان لەسەر کەیسەکە دروست دەکەن، کاتێکیش دەزانن سیناریۆکە فاشیلە و کەس بڕوای پێ ناکات و لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاریی نهێنیی هوروژمیان بۆ دەهێنێت، ئەوا هەوڵ دەدان بە سیناریۆیەکی دیکە ئەو بابەتە لەبیر خەڵک ببەنەوە و قەیرانێکی دیکە هەناردەی ناو کۆمەڵگە دەکەن.
گریمان ئەو سیناریۆیەی پارتی لەبارەی سووتان و ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوکەوە دەیڵێت راستە، ئەدی خێرە لە هەموو لێدوانەکانی دەماودەمی ئاگر کەوتنەوەکاندا ئۆباڵی ئاگرەکانیان دەخستە ئەستۆی (شۆرتی کارەبا)؟ 
یاخود گریمان ئاگرەکە دەستی لە پشتەوەیە، ئەدی سیناریۆی چی ئامادەیە بۆئەوەی هەموو ساڵێک لە پایزەوە بۆ بەهار لافاو زیانی گیانی و ماددی بە سەدان خێزان و هاووڵاتی  گەڕەکە هەژارنشینەکان دەگەیەنێت لەسەر حسابی قازانجی کۆمپانیا و سیتییە مۆدێرنەکان ئەوەش هەر دەستی دەرەکییە یان نەبوونی خزمەتگوزاریی و فەشەلی ئیدارە؟
ئەسڵی مەقسەدیش لەم سیناریۆ فاشیلە بۆلیودییانە هێنانەئارای دۆخێکی ئاڵوز و نائارامە بۆ جارێکی دیکە خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن، چونکە ئەو حزبە دابەزینی دەنگەکانی خۆی پێ قووت ناچێت، نەک هەر لەسەر ئاستی هەرێم بەڵکو لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبەکەشیان، کە لە رۆژانی رابردوودا و لە هەڵبژاردن و کۆنفرانسە محەلییەکانیاندا خەڵکی کوردستان لە سنوورە جیاجیاکانی هەرێمدا شایەتی شەڕ و دەمەقاڵەی ئەندامانی لق و ناوچە و رێکخراوەکانی ئەو حزبە بوون، بۆیە حزبێک ئەمە حاڵی ناوخۆییەکەی بێت لە ململانێی دوو باڵەکەیدا، دەبێت لەگەڵ رکابەر و نەیارە حزبییەکانیدا چۆن مامەڵە بکات؟    

وتارەکانی نوسەر