دیاردە دزێوەکان

نەفس بەرز

09:29 - 2024-07-04
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
121 خوێندراوەتەوە

- 14 -

دۆستێکم بۆیگێڕامەوە لە بارودۆخی قاتوقڕی و هەژاریی ساڵانی نەوەدەکان، زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەمان لە رێکخراوێکی مرۆڤ دۆستیدا کاری کردووە بەرپرسی بەرنامەیەکی هاوکاریی ژنانی سەرۆک خێزانی ناوچەی گەرمیان و ناوشوان بووە، کە هەریەکە لەو ژنە کارەساتبارانە چوار پێنج سەر ئاژەڵی  مەڕ و بزنیان بدریتێ وەک دەستگیرۆییەک بۆ ئەوەی بەخێوی بکەن و شتێک باری گوزەرانی خۆیانی پێ باش بکەن و پێی بژین.
ئەمە بۆ ئەو رۆژگارە پڕ نەهامەتییە یارمەتییەکی فریادڕەسی خراپ نەبوو، بۆ ئەم مەبەستە ژنەکان هەموو بەپەرۆشی و پەلەقاژەوە خۆیان ناونووس کردبوو، کە بەشێکیان لە ئۆردوگاکانی ئەودەمی سموود و شۆڕش و ئەوانیتر لە گوندە تازە ئاوەدانکراوەکانی دوای راپەڕینی ساڵی 1991دا دەژیان.
دۆستەکەم دەڵێت: هەندێک دامودەزگای حکومەتی هەرێم مەسەلەی ناونووسینی ژنەکانیان لە ئەستۆگرتبوو بە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کێ شایستەی بەرنامەی یارمەتیی رێکخراوەکەیە و کێ ناگرێتەوە. لەم رووەوە هەندێک هەڵە و سەرچیغ چوون و خوا پێمنەگرێ وردە گەندەڵییش کەوتبووە کاری ئەو دەزگا حکومییەوە و ناوەکان بەشێوەیەکی کۆتایی درانە رێکخراوە خێرخوازەکە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوکارییەکە و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بەپێی ناوەکان.

 

 

هەندێک لە خەڵکی ئەمڕۆمان چۆنن و بۆ بەرژەوەندییەکی گەورە یان بچووکی خۆیان چ مەراییەک دەکەن؟

 

 

 لەکاتی دابەشکردنی ئاژەڵەکاندا دۆستەکەم وەک چاودێریکردنی کارەکە بە گوندەکاندا گەڕابوو، لەوانە گوندی کڵاوقوتی ناوشوان و بۆی دەرکەوتبوو کە دوو پیرەژنی خێزانی جارانی حەمەسووری رابەری هەقە، ناوی خۆیان نەنووسیوە بەو پێیە لە هاوکارییەکە بێبەش دەبوون، ئەو بەشەی رێبازی سۆفیگەریی هەقە، کە بە خەتی حەمەسووری کڵاوقوت ناسرابوو، لە خەتی مامەڕەزاییەکان جیاببووەوە و بۆ خۆی کۆمەڵگەیەکی مەزهەبی هاوبەشی سەرەتایی (المشاعة البدائیة) پێکهێنابوو و موریدەکانی لەسەر پاکی و نەفس بەرزی راهێنابوو، کە پاش نەمانی خۆیشی ئەم سیفەت و ئاکارە لای شوێنکەوتووانی بە هەردوو ژنەکەیەوە بەردەوام دەبێت. 
هەر ئەم نەفس بەرزییەش بووە وایکردووە کە پێیان عەیب و نەنگی بێت بچنە پێشەوە و ناوی خۆیان بنووسن، سەرباری هەژارییان. بەهەرحاڵ، وەک دۆستەکەم دەگێڕێتەوە مەسەلەکە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆری دەوێ لای رێکخراوە بیانییەکە بۆ ئەوەی چاو بە بەرنامەی کۆتایی پێهێنراوی خۆیاندا بگێڕنەوە و ئەم دوو پیرەژنەش بخەنە بەرنامەکەیانەوە. ئەوجا تۆ لە مێشک و هزری خۆتدا لێکی بدەرەوە کە هەندێک لە خەڵکی ئەمڕۆمان لەم رووەوە چۆنن و چییان بەسەرهاتووە و بۆ بەرژەوەندییەکی گەورە یان بچووکی خۆیان چ ریایی و مەراییەک دەکەن بۆ ئەو کەسەی کارەکەی بەدەستە؟.

وتارەکانی نوسەر