دیاردە دزێوەکان

خوا هەقیان بسەنێت

09:48 - 2024-08-13
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
94 خوێندراوەتەوە

- 20 -

بەم گەرمایە لە ترافیکێکدا چاوەڕێی تیشکی سەوزمان دەکرد، پیرەمێردێک و ژنێکی کامڵ خۆیان شەل کردبوو، چەند پاکەتێک دەستەسڕی کاغەزیان بەدەستەوە بوو دەیانویست بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان (ساغیان بکەنەوە)، کیژۆڵەیەکی نزیک پانزە ساڵ پاکەتێک بنێشتی سەهمی بەدەستەوە بوو و بە بزەیەکی شەیتانانەوە لە شۆفێرە گەنجەکان نزیک دەبووەوە و بە لاچاو غەمزەیەکیشی بۆ دەکردن و هەندێکیشیان پلارێکی ماناداریان تێدەگرت، منداڵێکی هەشت نۆ ساڵیش بوتڵێک تایتاو و جامسڕێکی بچووکی بەدەستەوە گرتبوو بێ مۆڵەتی شۆفێرەکە ئۆتۆمبیلێکی راوەستاوی هەڵدەبژارد و جامەکەی دەسڕی، شۆفێرێک لەجیاتی ئەوەی سوپاسی بکات و شتێک پارەی بداتێ پێیدا هەڵشاخا و تێر جنێویشی کرد. هەڵبەت بۆ منێکی بەم تەمەنەی ئێستامەوە نەدەکرا هیچ بڵێم بە دەمڕوتێک لەو ئاستەدا، بێگومان بووم هیچ ئامۆژگارییەکی وەرنەدەگرت لەو چەند چرکەی وەستانی ترافیکەدا، ئەمە ئەگەر قسەیەکی بەرز و نزمیشی لە روومدا نەکردایە و نەیگوتبایە جا حاجی تۆ هەقت چییە!
من لەو ماوە کەمە و دواتریش پەستییەکی بێئامان دایگرتم بەو دۆخەی تێیکەوتووین کەوا هەموو شارەکانمان پڕ بوون لە سواڵکەر و وەک خۆمان کەممان هەبێت لە باشووری عیراق و سووریا و ئێرانیشەوە بەلێشاو بۆمان هاتوون. راستە یاسایەک هەیە بۆ لێپێچینەوە لە سواڵکردن، بەڵام یاسا و پۆلیس دەتوانێت چی بکات لە ئاست ئەم لێشاوەدا کە زۆر زەحمەتە بەری پێ بگیرێت و بە کردەوەش لەم دۆخە ناهەموارەدا چارەسەر ناکرێت. هەرچۆنێک بێت ئەمە بۆ خەڵکی گەورە هەر نەیسە(قەینا)، بەڵام قوڕبەسەرییەکە لە منداڵدایە کە هەر ئەوەندە راهات دەستبەرداری نابێت و هەزار و یەک دەرد و شێواوی دەروونیشی تووش دەبێت. تۆ لەو کەلتوورەشمان گەڕێ کە بە بیانووی گوناح و خێر ئەو پارە کەمەی دەیداتە سواڵکەرەکە و بەتایبەتی منداڵ ئەوەندەی تر خووی شەڕ دەکات.
پەستییەکەی من لەوەدایە ساڵانێکی زۆر لە منداڵپارێزی کوردستان بەرپرسی بەرنامەکانی هەموو لێقەومانەکانی منداڵ بووم و لەگەڵ هاوکارە دڵسۆزەکانمدا رەنجی زۆرماندا، بەتایبەت لە بواری منداڵی پەرتەوازە و سەرجادە، لەخوێندن دابڕاو، هەتیو، گرفتاری نەخۆشی درێژخایەن و کۆمەڵێک دەردی سەختی تری منداڵ، بە سەرپەرشتی و رێنمایی راستەوخۆی هێرۆ خان و لێبڕانی کۆمەڵە گەنجێکی کچ و کوڕی بە ئەمەک بۆ کار و پەیامە مرۆڤ دۆستییەکەیان، نموونەی بەرچاوی ئەوانە کاک عەلی بوو کە سەرپەرشتی چارەسەر و فریاکەوتنی منداڵانی لانەواز و سەرجادەی دەکرد لەگەڵ دەستەیەکی هاوکاریدا و هێندە چووبووە ناخی کارەکەیەوە ناوی (عەلی سەرجادەی) بەسەردا بڕابوو، ناوەکەش مایەی شکۆیەکی گەورە بوو بۆ خۆی و منداڵپارێزیش، کاک عەلی و هاوکارانی رەنجی بێ ئامانیاندا بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی سواڵکردنی منداڵ و کەوتنە سەرجادەیان، بەتایبەت لە سەردەمی سەرەتای نەوەدەکاندا، کە هەژارییەکی سەخت باڵی کێشابوو بەسەر هەرێمدا و چەندین خێزان تەنانەت نانی وشکیشیان دەست نە دەکەوت بیخۆن زۆریش هەبوون لەتاو برسێتی و نەداری سەری خۆیان هەڵگرت بۆ وڵاتانی تر. ئەگەرچی هەوڵی منداڵپارێز و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەر بەردەوامە لەو بوارەدا، بەڵام دۆخی ناسەقامگیری خۆمان و وڵاتانی دەوروبەرمان هێشتا هەر درێژەپێدەری ئەم دیاردە دزێوەیە و بنبڕکردنیشی ئاسان نییە. یادت بەخێر کاک عەلی سەرجادە، دڵنیام شایستەی پەیکەرێکی شکۆمەندی بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەی بە منداڵانی لانەوازت کرد.

وتارەکانی نوسەر