ناكۆكیی نێوان روسیا و ئەرمەنستان روو لە هەڵكشانە

09:38 - 2024-07-04
پ.د.خالید ئەلعزی*
147 خوێندراوەتەوە

وا دیارە درزی نێوان مۆسكۆ و یەریڤان تا دێ فراوانتر دەبێت، چونكە ئاڵۆزبوونی دیپلۆماسی نێوانیان لە گێژەڵوكەی ناو پیاڵەیەك دەرچووە و نوقڵانەی دەرچوونی ئەرمینیا لە ژێر عەبای روسیا لێ دەدات، لەبەر ئەوەی روسیا پابەند نییە بەو ئەركانەی بەرامبەر بە ئەرمینیا لە ئەستۆیەتی و یەریڤانیش روو دەكاتە یەكێتیی ئەوروپا. لەبەر ئەوەی روسیا ناگۆرنی كاراباخی لە ئەرمینیا سەندەوە و دایە ئازەربایجان. (ئەگەری روسیا هەرێی نەدایە جەنگ رووی نەدەدا). ئێستاش چارەنووسی پەیوەندییەكانی نێوان ئەرمینیا و روسیا پەیوەستە بە روسیاوە.
یارمەتییەكانی بۆ ئەرمینیا كەمی كردووە
بەم دواییانە تێبینی دەكرێت بەشە یارمەتی سەربازی بۆ یەریڤان لە %95ەوە كەمی كردووە بۆ كەمتر لە %10. هۆكارەكەشی ئەوەیە روسیا خۆی بۆ شەڕی ئۆكرانیا پێویستی پێیەتی. روسیا گلەیی ئەوە لە ئەرمینیا دەكات، كە چەك لە وڵاتانی دیكە دەكڕێت، لە كاتێكدا روسیا دواكەوتووە لە وادەی رادەستكردنی چەكە فرۆشراوەكانی لە (2021 و 2022)دا.
بەڵام مۆسكۆ دوو بابەت دەخاتە روو: یەكەمیان لە كانونی دووەمی 2024دا وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا رایگەیاند، كە كێشەكانی تایبەت بە وەرگرتنی ئەو چەكانەی پێشتر لە روسیایان كڕیوە چارەسەر كراون. دووەمیش دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا ئابوونە نادەن بە رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەرگری و روونیشیان كردۆتەوە، كە ئەندامێتیان لەو رێكخراوەدا هەڵپەساردووە، ئەویش بەهۆی هەڵوێستی رێكخراوەكەوە لەمەڕ ململانێی ئەرمینیا و ئازەربایجان.

 


ئەرمینیا دەیەوێت، لەدەستدانی ناگۆرنی كاراباخ- لەسەر خۆی لا ببات و بیخاتە سەر روسیا

 

لە رێكخراوی ئاسایشی بەرگری دەكشێتەوە
لە دوای ئەوەوە روسیا وای دەبینێت كە (باشینیان)ی سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا نەیارێكی راستەقینەی سیاسەتەكانییەتی لە قەوقاز، ئەویش دوای رەزامەندیی ئەرمینیا لەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و هەروەها دوای ئەوەی ئەرمینیا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە رێكخراوی ئاسایشی بەرگری دەكشێتەوە.
باكۆ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە روسیا هیچ شتێكی لە ئەرمینیا نەبردووە، بەڵكو ئازەربایجان خۆی دەستی بەسەر خاكی كاراباخدا گرتووە و سوپاكەی لە 2020 ەوە ئامادەیی تەواوی تێدا بووە بۆ سەندنەوەی كاراباخ، بە (ستیباناكیرت)یشەوە. باكۆ دەڵێ: پێویستە ئەرمینیا دەرەنجامی تێكشكان لە جەنگدا وەرگرێت. بەڵام یەریڤان هەوڵ دەدات روسیا بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تۆمەتبار بكات.
دەتوانین بڵێین، ئەرمینیا دەیەوێت، لە لەدەستدانی ناگۆرنی كاراباخ-دا لۆمە لەسەر خۆی لا ببات و بیخاتە سەر روسیا. بێگومان روسیاش بەشێك لە بەرپرسیارێتی لەسەر شانە، بە تایبەت لە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكەدا.

لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

شەری کاراباخ هۆکاری تێکچوونی پەیوەندی روسیا-ئەرمینیا بوو

وتارەکانی نوسەر