دیاردە دزێوەکان

بەندبێژی ئێستا

09:42 - 2024-07-07
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
141 خوێندراوەتەوە

- 15 -

بێگومان هونەر سەرخانە و رەنگدانەوەی باری ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسی و ..هتد، کۆمەڵگەیە. کاتی خۆی کە داروباری کۆمەڵگە تاڕادەیەک جێگیر بوو و خەڵکەکە کەم و زۆر قەناعەتیان بە ژیان و گوزەرانی خۆیان هەبوو، راستە بەگشتی خەڵک هەژار بوون، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان سەرچاوەی بژێوییان رەنجی شان و نانی حەڵاڵ بوو، ئەوەی چەوت بوایە و هەڵپەی نانی حەرامی بکردایە، رێژەیەکی هێجگار کەمی خەڵک بوو و هەر زوو بەر نەفرەتی کۆمەڵ دەکەوت و دادەسەکنا. 
ئەو دەمە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهای بەرزی خۆیان هەبوو، بۆیە تاکەکانی کۆمەڵ نەیاندەتوانی سنووری مۆراڵ و نەریتی گشتی ببەزێنن و جوانییەکان هێشتا کێش و قورسایی خۆیان هەبوو. 
ئەم بارە وایکردبوو کە هونەری گۆرانی و تەنانەت بەندبێژیش سەنگی خۆیان هەبێت و چێژی زۆری لێدەبینرا و هەردوو بوارەکە بە رێز و سەنگینییەکی تەواوەوە لە دڵ و دەروونی خەڵکیدا جێگەی خۆیان کردبووەوە و بە تێپەڕینی رۆژگاریش لە یادەوەریی خەڵکیدا دەمانەوە و بەردەوام لەسەر زاران دەوترانەوە.

 

پاش تێکچوونی هەموو بەهاکان و سەرهەڵدانی چین و توێژێکی مفتخۆر کە بە هەر هۆکارێکی چەوت و ناسروشتی ئامانجی پارە پەیداکردن بێت، لەگەڵ خۆیدا توێژێک بەندبێژ و گۆرانیبێژی هەرزان بەهای هێناوەتە ئاراوە کە ئەرک و فەرمانیان لە تێکدانی زەوق و سەلیقە بەولاوە چیتر نییە

 

ئەستێرە پرشنگدارەکانی ئەو سەردەمە زێڕینە پاش خۆشیان هەر بە زیندوویی ماونەتەوە، بەڵام لەم هەشۆکە و هەژانەی سەرجەمی کایەکانی کۆمەڵدا و پاش تێکچوونی هەموو بەهاکان و سەرهەڵدانی چین و توێژێکی مفتخۆر کە بە هەر هۆکارێکی چەوت و ناسروشتی ئامانجی پارە پەیداکردن بێت، لەگەڵ خۆیدا توێژێک بەندبێژ و گۆرانیبێژی هەرزان بەهای هێناوەتە ئاراوە کە ئەرک و فەرمانیان لە تێکدانی زەوق و سەلیقە بەولاوە چیتر نییە و رێک رەنگدانەوەی باری ژیانی ئەو چینە مفتخۆرەیە کە بەشداری سەرەکییە لە شێواندنی بەهاکانی کۆمەڵگەدا و لە رووی رۆحی و مۆراڵییەوە تەواوکەری یەکترن و بیسەر و بینەرێکی ئاست نزمیشیان بۆ خۆیان دروستکردووە کە لەم هونەرە نزمە بەولاوە درک بە هیچ جوانییەک ناکات. 
بۆ نموونە، بەندبێژی جاران تێی دەچریکاند و بەیتێکی میللیی  دەیگوت «هەسارە گەشەی بان کەلی زمکان ... پەلکەی خورماوەن ئاوڕێژی مەمکان»، کەچی بەشێکی زۆر لەمانەی ئێستا لە قسەی هەلەق و بەلەق بەولاوە هیچی تریان پێ نییە، ئەوەش وەک رەنگدانەوەیەک بۆ هزر و رەفتار بەشێک لەو کەسانەی بەندەکانیان بەسەردا هەڵدەدەن کە هەر ئەوانەش ئەم داروبارەیان خولقاندووە لەم وڵاتەدا!

وتارەکانی نوسەر