وتاری رادەربڕین

ئاماژەکانی پشت هەڵبژاردنی پزیشکیان لە ئێران

09:53 - 2024-07-11
فەرید ئەسەسەرد
186 خوێندراوەتەوە

لە هەلومەرجێکی دژواردا کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێ، جێی سەرنج بوو کە ئێران بتوانێ لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رێکبخات کە لە خولی یەکەمدا هیچکام لە کاندیدەکان رێژەی 50 ٪ی تێنەپەڕاند و بەهۆی ئەمەوە گەڕی دووەم رێکخرا و مەسعود پزیشکیان زیاتر لە 17 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا و رێژەی پێویستی تێپەڕاند.

ئەو تەنگوچەڵەمانەی کە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی خۆرئاوا بوونەتەوە، رەنگە ژینگەیەکی لەبار بۆ دروستکردنەوەی پرد لەنێوان ئێران و خۆرئاوادا دروست بکەن

سەرۆکی تازە، نۆیەم سەرۆکە لە مێژووی ئێراندا و لە باڵی چاکسازیخوازانە، لەدایکبووی ساڵی 1954ی شاری مهابادە لە پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوا. لە کابینەی دووەمی سەرۆک خاتەمیدا، وەزیری تەندروستی بووە و لە پەرلەمانیش نوێنەری تەورێز بوو.
سەرۆکی تازە ئاڵنگاریی سەخت و دژواری لەبەردەمدایە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، بەڵام هەڵبژاردنی دەرفەتێکە، هەم بۆ ئێران، هەم بۆ خۆرئاوا بۆ دابەزاندنی ئاستی گرژیی نێوانیان کە ئەمەش پێویستی بە نواندنی نەرمییە لەلایەن هەردوولاوە.
بەڵام لە هەلومەرجی ئێستای جیهاندا، لەکاتێکدا کە رکابەریی نێوان ئەمریکا و چین تا دێ بەرەو هەڵکشان دەچێ و پەیوەندیی نێوان روسیا و ئەوروپاش تا دێ  ئاڵۆزتر دەبێ، ئێران دەستکراوەترە لە بژاردەکانی بەردەمی و بە دڵنیاییەوە لە بەرەی  چین و روسیادا دەبێ و بەمە پێگەی خۆی بەرامبەر بە رکابەرە ئەوروپییەکانی بەهێزتر دەکات، بە دڵنیاییەوە سەرۆکی تازەش هەر ئەم بژاردەیە هەڵدەبژێرێ، بەڵام دەشێ ئێران لە سەردەمی پزیشکیاندا بایەخێکی زۆرتر بە یەکێتیی ئەوروپا بدات، بەتایبەتی کە لانیکەم دوو پێشهاتی ئەم دواییەی ئەوروپا لە بەرژەوەندیی ئێراندایە:
یەکەمیان شکستی پارتی پارێزگارانی بریتانیایە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا و هاتنە سەر کاری پارتی کرێکارانە کە سیاسەتێکی نەرمتر و واقیعییانەتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پیادە دەکات و چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی پارتی کرێکاران بایەخێکی ئەرێنیتر بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدات و رۆڵێکی ئەکتیڤتری تێدا ببینێت.
پێشهاتی دووەمیش شکستی راستڕەوە توندڕەوەکانە لە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا و سەرکەوتنی گروپە چەپەکانە کە ئەمەش دەشێ ململانێیەکی سەخت لەناو فەرەنسادا دروست بکات و لە سەرەنجامدا ململانێکە بەو ئاکامە بگات کە فەرەنسا لە پاشاگەردانیدا نغرۆ ببێ و رۆڵی لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا بپوکێتەوە.
ئەو تەنگوچەڵەمانەی کە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی خۆرئاوا بوونەتەوە، رەنگە ژینگەیەکی لەبار بۆ دروستکردنەوەی پرد لەنێوان ئێران و خۆرئاوادا دروست بکەن. دەشێ ئێران لە سەردەمی پزیشکیاندا پێویستی بە ئاگربڕێکی دیپلۆماتیکی بێت بۆ پشوودان.
ئەزموونی ئێران نیشانی داوە کە سەرکردە میانڕەوەکانی چانسی زۆرتری سەرکەوتنیان لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، بەتایبەتی کەیسی کوورەی ئەتۆمی کە ئێران بە نەختێک نەرمی نواندن دەتوانێت چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری بەها شارستانییەکانی بێت و بەبێ ئەوەی مل بۆ خۆسەپاندنی هیچ لایەنێک کەچ بکات.
ئێرانییەکان سەرۆکێکی میانڕەویان هەڵبژارد، ئەمەش ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە ئێرانییەکان ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنیووە کە وڵاتەکەیان بەرەو گۆڕانی ئەرێنی هەنگاو بنێت، هەم لە پەیوەندییەکانی لە دەرەوە هەم لە ناوخۆ.

وتارەکانی نوسەر