داهاتوو بۆ ئەوان نابێت

10:06 - 2024-07-14
ئەرسەلان مەحمود
108 خوێندراوەتەوە

لەوەتەی مرۆڤایەتی ئاشنای ململانێ و جەنگەکان بووە، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و پڕوپاگەندە، سیناریۆ، وروژاندنی بوغز و غەریزەی شەڕانگێزی، لە ئاستە جیاوازە مرۆیی و جڤاکی و سیاسییەکاندا، بوون بە ئامڕازی گەمارۆدانی ئەوی بەرامبەر و سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەکتردا.
بوارە زانستییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ئەو هۆکارانەیان روون و ساغکردۆتەوە کە راستەوخۆ کاریگەریی لە رەفتارەکانی مرۆڤ دەکەن، جا مرۆڤ چ  وەک تاک یان وەک دەستە و گروپ و حزب، بەتایبەتیش لەسەر ئەو تاک و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسی و جڤاکییانەی، تێگەیشتن و هۆشیارییە گشتییەکەیان لەسەر لێکەوتەکانی بە شەیتان و رەحمانیکردنە.
گۆڕەپان و مەیدانی ئەم جۆرە ململانێیانە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، چەقەکەی میدیا و سۆشیال میدیا هۆکارەکانی تری بڵاوکردنەوە و گەیاندنن، چونکە هەرچی پەیامە لەم پێگانەوە باشتر و خێراتر دەتوانن بگەنە خەڵک و لە رێگەیانەوە بیر و هزریان لەق بکرێ یان درزێکی قووڵ بخرێتە سەر خەسڵەت و رەفتار و باوەڕ و ئینتیما و بەها مەعنەوی و روحیەکانیان.
چاوگە بەرهەمهێنەر و بەکاربەرەکانی ئەم فۆڕمە لە ململانێ، چەندە زۆرن، ئەوەندەش بەربڵاو و هەڵگری مەهام و ئامانج و توخمی جیان، مرۆڤ گەر بیەوێ ورد لێیان تێبگا و بیانناسێتەوە، دەبێ هێزی خوێندنەوە و تێگەیشتن و خۆخاڵیکردنەوە لە بارگاوی بوونیان هەبێت.

 

جۆرە هەژموون و هەیمەنەیەکی ئاست نزم لە گۆڕەپانی سیاسیدا پێکراوە، ئیتر کاتیەتی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بڕیار بدات، بڵێت: داهاتوو نابێ هی ئەوانە بێت

 

ئەگەر ئامانج لە میدیای خۆرئاواییدا هەناردەکردنی بیرۆکە جیاکان بێت، ئەوا لە میدیای وڵاتانی تازە گەشەسەندودا بە شوێنکەوتەیی کردنە، لە هەردووکیشیاندا هەژموون و هەیمەنە پێکردنە لە رێگەی لەباربردنی ئیرادە و کاڵکردنەوەی شوناس و فڕێدانی ناسنامەوە.
ئەو وڵاتەی تیایدا ئازادیت، نیشتمانی تۆ نییە، مرۆڤی بێ شوناس و بێ ناسنامە، شکۆ و ئازادی لە کوێ بوو، ئەمە بۆ بێ ئیرادەکردنتە، بۆ هەڵاتنتە لە روبەڕوبوونەوە و تێکۆشان لەپێناوی خۆبنیادنان لەسەر خاک و نیشتمانەکەی خۆت.
لەم دوو جۆرەش خراپتر، میدیای هەلپەرستی بێ ئامانج کە خۆی لە بە بازاڕیکردنی بیرۆکەی پڕوپوچ و درۆینەدا دەبینێتەوە و بێباکانە پێشکەش بە خەڵکیان دەکات بەگشتی تا توانای تێگە و هەستی بەرپرسیارێتییان تێدا بکوژێ و نەفامی و پشتگوێ‌ خستنی بابەتە پەیوەست بە نەتەوە و نیشتمانیەکایان لە هزرا بکات بە جێگرەوە.
زمان لە میدیای هەلپەرستدا بەرهەمهێن و بونیادنەر نییە، ئایدیا لای ئەوان چەند بگۆی باوەڕ بوون بە دیالۆگ و ئازادییەکان و پابەند بوون بە بنەماکانی دیموکراسییەوە بکەن لە پراکتیکدا باتڵە، چونکە جگە لە بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان، نایانەوێت هیچی تر ببیستن.
ئامانج لای ئەوان تەنها و تەنها خۆبژێوی و بەرخۆری بارهێنەرەکەیەتی، بێگومان لەسەر کەوڵی کۆمەڵگە بەگشتی. بەداخەوە لە دەستپێکی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، جۆرە هەژموون و هەیمەنەیەکی ئاست نزم لە گۆڕەپانی سیاسیدا پێکراوە، ئیتر کاتیەتی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بڕیار بدات، بڵێت: داهاتوو نابێ هی ئەوانە بێت.

وتارەکانی نوسەر