تۆمەتبارانی جینۆساید هەر هێندەن؟

11:01 - 2024-07-17
تەها سلێمان
245 خوێندراوەتەوە

تەها سلێمان




تائێستا بە دیاریکراوی قسە لەسەر (422) تاوانبار و تۆمەتباری دۆسێی جینۆسایدی ئەنفال لەسەر ئاستی عیراق دەکرێت و لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە داواکراون و بەشی زۆریان نەچوونەتە بەردەم دادگا، کە (258) کەس لەو تۆمەتبارانە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و ئەوانەی دیکەش لە باشوور و ناوەڕاستی عیراقن.
 لەو ژمارەیە، لەسەر ئاستی عیراق و کوردستانیش تیایاندایە کۆچی دوایی کردووە یان هەڵهاتووە و لە دەرەوەیە، یاخود لە زینداندایە، تیاشیاندایه لەدوای راپەڕینی 1991 و دوای رووخانی رژێمی بەعس لە2003 سەرەڕای تاوانەکانیان و تۆمەتباربوونیان، پلە و بەرپرسیارێتی جۆراوجۆریان وەرگرتووە.
بەرلە هەموو شتێک دەبێت لەسەر ئەو ژمارەیە رابوەستین و بپرسین: ئایا راستە تەنیا ئەو (422) کەسە تاوانبار و تۆمەتبارن لەو دۆسێیانەدا؟ ئاخۆ ئێمە تەنیا تاوانبار و تۆمەتبارەکانی دۆسێی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالمان هەیە؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێرە و راستییەکەی ئەوەیە کە (17) دۆسێی تاوانەکانی رژێمی بەعس بەدیاریکراوی دژبە گەل و خاکی کوردستان لەناو دۆسێکانی دادگای باڵای تاوانەکاندایە لە عیراق، کە هەریەک لە دۆسێکانی (جینۆسایدی ئەنفال، جینۆساید و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانییەکان، جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان، جینۆسایدی قەڵادزێ، جینۆسایدی سەیدسادق، تاوانی قەتڵوعامی راپەڕین، تاوانی راگوستن و...هتد) کە لە دۆسێ دیارەکانن.
کەواتە ئەو ژمارە (422) تاوانبار و تۆمەتبارە داواکراوەی (دۆسێی ئەنفال) راست نییە و ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە بۆ دۆسێی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، چونکە دەوڵەتێک بەکۆی سێکتەرەکانی حکومڕانییەوە (لە سەرۆک کۆمارەوە تا فەرمانبەرە پلە نزمەکانی) بڕیاردەربووبن و بەشدارییان کردبێت لەتاوانەکەدا، راست نییە ژمارەی تاوانبار و تۆمەتبارەکان ئەوە بێت. ئەمە سەرباری ژمارەی ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەی تر، کە لە تاوانەکاندا بەشدارییان کردووە و لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن.
کەواتە ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەلایەک و  ئەخلاقی و مێژووییداین لەلایەکی دیکەوە، بۆئەوەی ناوی تەواوی تاوانبار و تۆمەتبارەکانی تاوانەکانی جینۆساید لە کوردستان ساغ بکەینەوە و دۆسێ بە دۆسێ جیایان بکەینەوە و شێلگیرانە کار لەسەر دادگاییکردنیان بکەین.
سەرنج بدەن، ژمارەی ئەو جاش و موستەشار و مەفرەزە تایبەتانەی کورد کە بەشدارییان لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا کردووە زیاترە لە ژمارەی کۆی ئەو داواکراوانەی لەناو حکومڕانیی عیراقدابوون و داواکراون لەلایەن دادگاوە؟ ئەمە بەهەموو پێوەرێک جێگای پرسیارە و هیچ لە راستییەوە نزیک نییە و لەمبارەیەشەوە تەنیا لیستەکەی نووسەر و رۆژنامەنووسی بنکۆڵکار (دەرسیم پێشەوا) لیستێکی سەروو (740 )کەسی تاوانبار و تۆمەتبار ئامادەکردووە بە هەموو وردکارییەکانەوە و دەکرێت ئەمە بکرێتە بنەمایەکی باشی ساغکردنەوەی ناوی تەواوی تاوانبار و تۆمەتبارەکانی کوردستان کە لە تاوانەکاندا بەشدارییان کردووە و لە هەمانکاتدا، گرنگ و پێویستە ناوی تەواویان لەسەر ئاستی عیراق کە زۆر زیاترن لەو ژمارەیەی لە لیستە (422) کەسییەکەدا هاتوون، ساغ و پشتڕاست بکرێنەوە.

وتارەکانی نوسەر