دوای چۆڵکردنی کەمپی ئاوارەکان لە عەربەت

10:09 - 2024-07-21
جەمال ئارێز
142 خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی-ەوە و لە راگەیاندنی بەرنامەی کاری وەزارەتەکەوە لەلایەن خاتوو ئیڤان فایەق، رایگەیاند کە ئەرکی لە پێشینەیان گەڕاندنەوەی ئاوارە عەرەبەکانی شارە جیاجیاکانی عیراقە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەنجامی داگیرکردنی  ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بۆ ئەوەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەو وەزارەتە بە شێوازی جیاجیا و هاندانی ماددیی و مەعنەویی ئاوارەکان، توانییان قەناعەتیان پێ بکەن، تا کار گەیشتە ئەوەی هەفتەی رابردوو کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارە عیراقییەکان لە سنووری سلێمانی داخران و دوا ماڵی ناو کەمپەکە ماڵئاواییان کرد. 
سەرەتا دەبێت قسە لەسەر ئەوە بێت کاتێک حکومەت یان وەزارەتێک بڕیارێک دەردەکات، پێویستە هەموو رەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و دەروونییەکانی لێکبداتەوە، بۆیە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش کە بڕیارەکەی دەرکرد، سەرەتا بە زمانێکی رۆتینی و فەرمان دەرکردن بوو، بۆیە وەک پێویست لەلایەن ئاوارە عەرەبەکانەوە بەدەنگییەوە نەچوون. 
لە قۆناغی دووەمدا وەزارەت بڕیارەکەی کرد بە (شێوەی ناچارکردن) و بڕی چوار ملیۆن دیناریشی وەک قەرەبوو دیاریکرد بۆ ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە و جگە لە هاوکارییکردنیان لەوەی ئەگەر خانوو و مومتەلەکاتیان زیانی بەرکەوتبوو. 
ئەوەش بۆخۆی بووە هاندەرێکی باش و لە کەمتر لەو وادەیەی دیاریکرابوو، کەمپەکەی سنووری سلێمانی چۆڵکرا.
 ئێستا پێویستە حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سلێمانی کە پارێزگاری لەو کەمپە بکات و وەک سەرەتاش داوابکات هێزێکی سەربازی یان ئەمنی بەشێوەی کاتی لەوێ جێگیربکرێت و تەلبەند بکرێت، پاشان لەڕووی ئیدارییەوە پارێزگا خانووەکانی کەمپەکە لەدوای چۆڵبوونی چاک بکاتەوە تا هەمیشە ئامادەبێت بۆ نیشتەجێکردنی خەڵکی دیکە.
لە زۆرێک لە وڵاتاندا کەمپی ئامادە هەیە، بۆئەوەی حکومەت و ئیدارە خۆجێییەکان لەکاتی قەیرانەکانی وەک لافاو، ئاگرکەوتنەوە، بوومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکانی دیکە بتوانێت بەپەلە خەڵکی ناوچە کارەساتبارەکان بگوێزێتەوە بۆ ئەو شوێنانە کە بەشێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی تێدابێت، چونکە هاوکات لەگەڵ روودانی کارەساتدا ئامادەکردنی کەمپی لەو جۆرە کارێکی زەحمەتترە وەک لەوەی شوێنێکی ئامادە هەبێت کە لانیکەم بتوانێت (500 بۆ 1000) خێزان لەخۆبگرێت، دیارە لەوکاتەدا ئاسانتریش کۆمەک و هاوکاریی رێکخراوە خێرخواز و فریاگوزارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشیان پێ دەگەیەنرێت و لەڕووی گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئەمنیشەوە ئاسانترە، نەک بەجێهێشتنی وەک شوێنەوارێکی وێرانە.
ئەم پێشنیازە لەکاتێکدایە کە سەرەڕای سەقامگیریی ئارامیی و ئاسایش لەم دەڤەرەدا، بەڵام هیچ ناوچەیەکیش لەو دۆخە کتوپڕانە بەدوور نییە کە ئاماژەمان پێکرد، بۆیە دەشێت حکومەت و ئیدارەی خۆجێی بەرچاوڕوونانە مامەڵە لەگەڵ هەر دۆخ و پیشهاتێکدا بکات کە پەیوەست بێت بە ژیانی خەڵکەکەیەوە. 
بۆئەوەش جێی خۆیەتی جگە لە دروستکردنی ژمارەیەک خانوو ئەگەر سەرەتاییش بێت، شوێنی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و موەلیدە و بینایەک بۆ بنکەی تەندروستی و بنکەیەکی پۆلیس بە کابینەی (سەندویج پەناڵ)یش بێت تێیدا دروست بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ ئەو ئەگەر و پێشهاتانە کە هیچ وڵات و ناوچەیەک لە جیهاندا لێی بەدەر نییە.

وتارەکانی نوسەر