خۆمانە و خێزانیی

دایکی رۆژنامەنووس

10:53 - 2024-07-21
رۆزا دڵشاد مەریوانی
194 خوێندراوەتەوە

(11)
لەو رۆژەوەی هاتوومەتە نێو دنیای رۆژنامەنووسییەوە بەشێکی زۆری نووسینەکانم لەسەر دایک بووە، زۆر لایەنی دایکایەتیم  خستۆتەڕوو، بەتایبەتی ئەوانەی دایکان لەم سەردەمەدا رووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ئەوەی زۆر بە دەگمەن قسەم لەسەر کردووە، دایکی رۆژنامەنووسە، بێگومان زۆرێک لەو ژنانەی رۆژنامەنووس یان میدیاکارن دووچاری ئەو ناخۆشییانە بوونەتەوە و لەداهاتووشدا دووبارە دەبێتەوە، تەنانەت هەندێک لەو دۆخانەی وەک دایکێکی رۆژنامەنووس کە لە رۆژنامەیەکی رۆژانەدا کاردەکات بەئێستاشەوە و دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ هێشتا وەک برینێک لە ناخمدا ماوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە هەر کاتێک منداڵەکەت نەخۆش دەکەوێت وەک دایکێک لە هەر پیشەیەکی دیکەدا، ناتوانیت نەچیت بۆ کارەکەت بەتایبەتی لە تەمەنێکدا کە منداڵ لە دایەنگە یان باخچەیە و زوو زوو ڤایرۆس و نەخۆشیی لە منداڵەکانی دیکەوە وەردەگرێت و بەهۆی پیشەکەتەوە کە رۆژنامەنووسییە و وەک عەرەب دەڵێت «زوج الغیور» مێردێکی ئیرەبەرە ناتوانیت ئەوەندە مۆڵەت وەربگریت و بەدیار منداڵە نەخۆشەکەتەوە دابنیشیت و ئاگاداری بیت، بۆیە ئەوەی هەموو دایکێک دەیەوێت بەدەستی بێنێت کە دایکێکی نموونەیی بێت لەو کاتانەدا هەستدەکات ناتوانێت ئەو دایکە بێت، بۆ نموونە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 14 ساڵ ئێستاش وێنەی کچەکەمم لەبەرچاوە بەهۆی ئەوەی نەخۆش بوو بەپێی رێسای دایەنگە وەریناگرن نەبادا منداڵی دیکە نەخۆش بخات، لەگەڵ خۆم بردم بۆ رۆژنامە و تا کارەکانم تەواو کرد بە کزی لەسەر تاکێ قەنەفە خەوی لێکەوتبوو ئەوە یەکێکە لەو دیمەنانەی هەرگیز لەبەرچاوم ون نابێت.

 

کاتێک هەموو خەڵک پشوویانە و کات لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەسەر دەبەن، بەڵام لەبەرئەوەی رۆژنامە بەردەوامە، دەبێت تۆ ئەو دایکە بیت کە منداڵەکانت لەماڵەوە بەجێدێڵیت

 

هاوکات ئەو شتەی لێی بێبەش دەبیت ئەوەیە کاتێک هەموو خەڵک پشوویانە جگە لە سەری ساڵ و نەورۆز و دوو جەژنەکە، ئەوان کات لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیاندا بەسەر دەبەن، بەڵام لەبەرئەوەی رۆژنامە و پەخشی رادیۆ و تەلەفزیۆن بەردەوامە، دەبێت تۆ ئەو دایکە بیت کە منداڵەکانت لەماڵەوە بەجێدێڵیت، ئەگەر تەمەنیشیان بچووک بێت، دەبێت بیانبەیتە لای کەسێک ئاگاداریان بێت.

دایکایەتی کارێکی پیرۆز و قورسە هاوکات بۆ ژنێک لە دەرەوەی ماڵ کاربکات دوو هێندەیە، بەڵام بە رای من بۆ رۆژنامەنووس سێ هێندە گرانە، بۆیە خۆزگە هەموو دەزگا میدیاییەکان بیرێکیان لەو ژنە رۆژنامەنووسانە دەکردەوە کە دایکن و داینەگەیەکی بچووکیان لەنێو دەزگاکانیاندا دەکردەوە، تا لەکاتی کاردا خەمی منداڵەکانیان نەبێت و هەستی ئەوەی دایکێکی خراپن لە توانایان کەمنەکاتەوە. 

وتارەکانی نوسەر