فەلسەفەی گەڕانەوە بۆ بنەڕەت

11:20 - 2024-07-21
مەحمود شێرزاد
195 خوێندراوەتەوە

ئەم ساڵانەی رابردن و ئەوانەش کە دێن، پڕن لە رووداوی سروشتی و گەردوونیی سەرسوڕهێنەر. گێژەڵووکەی گۆڕانکارییەکان لە جاران بەهێزتر هەڵیکردووە. هەموو گۆی زەوی دەگرێتەوە. مرۆڤ هاوسەنگی نێوان پڕانا (تاقەی ژیانی) زەوی و ئاسمانی تێکداوە. چەندین ساڵە زەوی و ئاسمان بە نەرمی دەیانەوێ هاوسەنگ ببنەوە. لە بەرەنجامی ئەمە، رووداوی وەک نەخۆشییەکان، شەڕ و ئاژاوە، بومەلەرزە، بارانی ناسروشتی، گێژەلوکە و زریان و رەشەبا و...هتد روودەدەن. زەوی و ئاسمان هەوڵدەدەن فریکوینسی گۆی زەوی لەجاران بەرزتر و رێکتر بکەنەوە و لەگەڵ لەرە لەری ئاسمانەکان هاوئاهەنگی بکەنەوە. بەڵام مرۆڤ لەسەر زەوی ئەو هاوکێشەیەی پێچەوانە کردۆتەوە و بۆتە کۆسپی سەر رێگەی ئەم گۆڕانگارییە سروشتییانە. هەربۆیەش لە مێژە، هەنگاوبەهەنگاو گۆی زەوی بە هۆی بیر و گوتە و کردارەکانی مرۆڤەکانەوە لە ریتم لای داوە و لەگەڵ ئەوانیتر کۆک نییە. لە سروشتدا هەمووان نۆتەی ژیان دەژەنن، مرۆڤ نۆتەکانی مەرگ لێدەدا.

 

لە سروشتدا هەمووان نۆتەی ژیان دەژەنن، تەنیا مرۆڤ نۆتەکانی مەرگ لێدەدا، ئەمەش کاری کردۆتە سەر هێزی موگناتیسی جەمسەرەکانی گۆی زەوی و ژیان لەسەر زەوی 

 

ئەمەش کاری کردۆتە سەر هێزی موگناتیسی جەمسەرەکانی گۆی زەوی و ژیان لەسەر زەوی و ژیانی زەوی لەگەڵ ناوەندیی گالاکسی خۆیدا. هیچ یەک لەم رووداوانە بە تایبەتی بۆ وەخەبەر هێنانی ئێمە نین، بەڵام ئێمەش وەخەبەر دێنن و دەبێ پێیان وەخەبەر بێین. مرۆڤ ساڵەهایە خۆی بەدەستی خۆی خەریکی خەولێخستنی خۆیەتی. خەوی دینی و دنیایی، خەوی خورافی و زانستی و...هتد هەموو لایەک خەوتوون. واتە زۆربەمان مێشکیان لەسەر بوارەکەی خۆیان داخستووە. کەم کەس مێشکی کراوە و گەردوونییە. زۆربەمان مێشکیان لەسەر پێوەرە رێژەییە دینی و زانستی و کەلتوریی و ئایدۆلۆژییەکانمان دەقی گرتووە. بە هێزی سروشت یان بە خواستی مرۆڤ، ئەم حاڵەتە دەبێ نەمێنێ. هەقیقەت لای یەک کەسمان نیە، تەنیا لای رۆحی تاک و تەنیای گەردوونە، هەرکەس بە پێی یاسا گەردوونییەکان هەڵسوکەوت بکات دەبێتەوە بە بەشێک لەم هەقیقەتە. ئەوەی ئێستا روودەدا هاوکات بانگەوازیشە بۆ گەڕانەوەی مرۆڤی سەرزەوی بۆ سەر بنەما گەردوونییەکان. بە گوێرەی ئەزموونی یۆگی و عارف و فەیلەسووفان لە گەردووەندا یەک بنەما هەیە، ئەویش ئەشقە و هەموو بنەماکانیتر لەسەربنەمای ئەشقن. ئەگەر دەتەوێ بەشێک بی لەم رووداوە گەردوونییە سەرسوڕهێنەرە، مێشکت بکەوە و دڵت خاوێن بکەوە. دەمارگرژی فڕێ بدە و بێ بەرامبەر لە قووڵایەتییەوە ئەشق بدە بە خۆت و ئەوانیتر و گۆی زەوی. تۆ زۆر بەختەوەری کە لەم سەردەمەدا دەژی و ئەو بەختەت هەیە رەهەندە پێشکەوتووەکانی خۆت ئەزموون بکەی، لە کۆندا هەندێ فەیلەسوف و عارف ئەم کارەیان کردووە، ئێستا مەجال رەخساوە بە کۆمەڵ چێژەری ئەم چێژە باڵایە بین. هیوادارم کەس ئەم دەرفەتە لە کیس نەدا، هەر ئێستا تێڕابمێنە، بۆ نموونە کۆرۆنا بۆ لەخەوهەستانیش بوو، بۆ گەڕانەوەش بوو بۆ سەر بنەماکانی ژیانی سروشتی و گەردوونی، کۆرۆنا و رووداوەکانیتری دوای کۆرۆنا بۆ ئەوەش بوون خۆمان رادەستی بنەمای ئەزەلی و ئەبەدی گەردوون بکەینەوە. ئەمە تاکە چارەسەرە دروست و هەمیشيیەکەیە، ئەمە داهاتوو و لووتکەی علیم و فەلسەفە و عیرفانە. داهاتووی پرشنگداری مرۆڤە. گەڕانەوەیە بۆ بنەڕەتی ئەزەلی و ئەبەدی.

وتارەکانی نوسەر