مرۆڤ لە کاربۆنەوە تا ئەڵماس

09:51 - 2024-08-28
مەحمود شێرزاد
96 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

 

 

حەکیمەکان بۆ ئاماژەکردن بە گەشەکردنی ئاگایی مرۆڤ و بۆ روونکردنەوەی رەوتی وەرچەرخانی ئاگایی، هەمیشە نموونەی سروشتی دێننەوە، بۆ نموونە لە یۆگادا لەناو گوڵەکاندا گوڵی لیخ و لەناو بەردەکانیشدا خەڵووز و ئەڵماس بە نموونە دەهێننەوە. گوڵی لیخ (لیلوپەر – لوتوس) لەناو ئاودا دەڕوێ و گوڵ دەردەکا و بۆنێکی خۆش بە چواردەوری خۆیدا بڵاودەکاتەوە. لێرەدا گیاکە بە مرۆڤ دەچوێندرێ، ئەو رەوتەش لە روانەوە تا گوڵ دەرکردن بە رەوتی گەشەکردنی ئاگایی مرۆڤ لە ئاستی دنیاییەوە تا ئاستی خوایی شوپهێندراوە. گوڵی لیخ دەماری لە قوڕ و لیتەی ژێر ئاوەکەدایە، کەچی ئەو پیسییەی ژێرەوە دەکا بە لق و پۆپ و گەڵا و گوڵ و بۆن و بەرامەیەکی خۆش، واتە ئەم پیسییەی خوارەوە دەگۆڕێ بە جوانی و ئەو بۆگەنەی ژێرەوە دەکا بە بۆنێکی خۆش و بەچواردەوری خۆیدا بڵاوی دەکاتەوە. مرۆڤیش دەبێ وابێ، یانی قوڕ و لیتە و پیس و پۆخڵی دنیایی و زەینی لە خۆیدا بگۆڕێ بە جوانی و لێبوردەیی و هاوسۆزیی و تێگەیشتن و رووناکبوونەوە و...هتد.

 

هەموو مرۆڤێک دەبێ لە قور و لیتەوە ببێتە گوڵێکی جوانی بۆنخۆش و لە خەڵووزێکی تاریکەوە ببێتە ئەڵماسێکی تابان

لە یۆگا هەر بەو مەبەستە لەناو بەردەکانیشدا ئەڵماس بە نموونە دەهێنرێتەوە. ئەڵماس ئەو کاربۆنەیە لە قووڵایی 120 تا 200 کیلۆمەتری ژێر زەویدا بە هۆی زەختی زۆر و تینی 900 تا  1300 دەرجەدا دەگۆڕێ و دەبێ بە ئەڵماس و دواتر لە رێگەی بورکان یان رووداوێکی سروشتییەوە دەێتە سەر زەوی و مرۆڤ دەتوانێ بیدۆزێتەوە. کاربۆن یان خەڵووز لە یۆگادا نموونەی مرۆڤی بێ ئاگایە، مرۆڤی بێ ئاگا ئەو مرۆڤەیە کە تیشکی هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدی بەردەکەوێ، بەڵام وەکوو خەڵووز هەڵیدەمژێ و نایداتەوە، تەنانەت هەر هەستی پێناکا، بەڵام هەندێکجار، کەسەکان کەم تا زۆر لە ژێر زەختی ژیان و ئازارەکاندا رووناکدەبنەوە، کە بودا یان مەولانا و سەرجەم عارفەکان گوتوویانە، ئازار سووتەمەنی رووناکبوونەوەیە، مەبەستیان ئەوەیە ئازار زەختێکی زۆر بۆ ئاگایی و توانا سەرووفیزیکییە خەوتووەکانی مرۆڤ دێنێ، ئەم توانا و هێزانە وەخەبەر دێنێ و چالاکییان دەکا، واتە کەسەکان لەم رووداوەدا لە کاربۆنەوە دەبن بە ئەڵماس. لە هەندێ حاڵەتی تایبەتیشدا کەسەکە خۆی بە جدی و بە قورسی، بە دڵخوازی خۆی کار لەسەر خۆی دەکا و تین و زەختێکی زۆر تابشت دێنێ تا تاریکییەوە دەبێ بە رووناکی و لە بێ ئاگاییەوە و دەبێ بە ئاگایی. کاتێ مرۆڤ لە بێ ئاگاوە بە هۆی ئازار یان کارکردن لەسەر خۆی گۆڕا بۆ بەئاگا، بەهەمان رەوتدا رۆیشتووە کە خەڵووز تا بوون بە ئەڵماس پێیدا رۆیشتووە. کاتێ مرۆڤ بێ ئاگایە، هەقیقەت تێیدا ون دەبێ، بەڵام کاتێ بەئاگایە هەقیقەت دەداتەوە و دەبێتە هۆکاری زیاتر دەرخستنی هەقیقەت. رێک وەک خەڵووز و ئەڵماس، خەڵووز رووناکی هەڵدەمژێ و کەسیش ناتوانی لە خەڵووزدا رووناکی ببینێت، بەڵام کاتێ ئەو خەڵووزە بوو بە ئەڵماس هەم خۆی دەدرەوشێتەوە، هەم روونە و رووناکی پێیدا تێدەپەڕێ و هەمووانیش دەتوانن ئەو رووناکییە ببینن.
هەموو مرۆڤێک دەبێ لە قور و لیتەوە ببێتە گوڵێکی جوانی بۆنخۆش و لە خەڵووزێکی تاریکەوە ببێتە ئەڵماسێکی تابان.

وتارەکانی نوسەر