هەڵوێستێکی راستەقینەیە، یان جۆرە تەکتیکێکی سیاسی؟

سنوار بێ گوێیی مەشعەل و هەنییە دەکات

11:06 - 2024-07-22
جەمال ئارێز
147 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

لە نۆ مانگی رابردووی جەنگی غەززەدا، هەرچی ئیسرائیلە لە هەوڵی ئەوەدایە زوو کۆتایی بەو جەنگە بێت، بەو پێیەی جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان بنیامین نەتانیاهوی سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری ئیسرائیلدا هەیە لەسەر چۆنێتیی بەپەلە یەکلاییکردنەوەی جەنگەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان بەبێ گوێدانە رەخنەکان لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، هەرچی نەتانیاهو - یە، دەیەوێت بەهەر نرخێکە جەنگەکە درێژە بکێشێت تا دۆخەکە هێور نەبێتەوە، چونکە دووبارە لایەنە رکابەرەکانی و شەقامی ئیسرائیل داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، لەولاشەوە هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە و خالید مەشعەل بەرپرسانی باڵای باڵی سیاسی بزووتنەوەی حەماس وەک خۆیان رایانگەیاندووە بە خوێندنەوەی دۆخە ئیقلیمییەکە و گۆڕانی وردە وردەی هەڵوێستی دۆستەکانیان لە قەتەر و میسر و تورکیا و ئێرانیش، دەیانەوێت بەو چارەسەرە سیاسییانە رازی ببن کە لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا وەک پەیامی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا پێیان دەگات، بەڵام ئەم دوو سەرکردەیە لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەوانی و لە کۆمێنتەکانیشیاندا لە ئەکاونت و لاپەڕەکانیان لە تۆڕی  (x) ئاماژە بەوە دەکەن کە یەحیا ئیبراهیم سنوار کە هەنووکە فەرماندەی فیعلی و راستەوخۆی هێزەکانی حەماسە و تاکە سەرکردەی مەیدانیی جەنگەکەیە لەناو غەززەدا، وەک سەرکردایەتییەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی بڕیاری بە کۆمەڵی بزووتنەوەکە خۆی تاکلایەنە بڕیار دەدات و گوێ لەوان ناگرێت.

سنوار و هاوکارەکانی لەناوەوە
جەنگی غەززە دەشێت تەنها ئەو جەنگە نەبێت کە لەناوخۆی غەززەدا روودەدات، بەڵکو وەک دەبینرێت چەند شوێنێکی دیکە بەخواستی خۆیان بێت یان بە ناچاری کەوتوونەتە بازنەی ئاگری جەنگەکەوە، بەتایبەتیش لوبنان و یەمەن، لەڕووی سیاسییشەوە هەریەکە لە میسر و قەتەر تێوەگلاون و داوالێکراون لەلایەن خۆرئاواوە کە بتوانن وەبەرهێنان لە پەیوەندییەکانیاندا بکەن لەگەڵ سەرکردەکانی حەماسدا بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئیسرائیل، هەر ئەوەشە کە قەتەر و میسر و تورکیای خستۆتە سەر کەڵکەڵەی تەنگ هەڵچنین بە ئیسماعیل هەنییە و خالید مەشعەل، چونکە حەماس وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەگەرچی فەرمانڕەوای فیعلیی کەرتی غەززە بووە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی (دۆستانی ئیسرائیل) دانپێدانراو نین، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە هەریەکە لە میسر و قەتەر و تورکیا کە دۆستایەتییان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا هەیە جۆرێک گوشاری ئەو وڵاتانەیان لەسەرە بەهۆی ئەوەی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ خالید مەشعەل و ئیسماعیل هەنییە و سەرکردە سیاسییەکانی ئەو بزووتنەوەیەدا هەیە و لەو وڵاتانە مافی مانەوەیان پێدراوە، جا یان ئەوەتا دەریان بکەن لە وڵاتەکانیان، یاخود ناچاریان بکەن بە رێکەوتن لەسەر ئاگربەست.
بەگوێرەی لێدوانی ئەو سەرکردە سیاسییانە، سنوار گوێ لەوان ناگرێت و خۆی بڕیاردەرە لەناو غەزەدا و پەیامەکانی ئەوان بە هەند وەرناگرێت، لەکاتێکدا زۆربەی هاوکارەکانی سنوار لە ناو غەززە و تەنانەت لە باشووری لوبنانیش لەماوەی ئەم چەند مانگەی جەنگەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئەمانج و کوژراون، بۆیە لە وێنە گشتییەکەدا پێدەچێت ئیدی هەر بەڕاستی یەحیا سنوار گوێ بۆ کەس نەگرێت بەو پێیەی ئەو لەناو ئاگری جەنگەکەدایە و سەرکردەکانی دیکە لە سەیر و سەفای خۆیاندان لەم پایتەخت بۆ ئەوی دیکە.

دیوی پشتەوەی شانۆگەرییەکە

بەگوێرەی رای بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی فەلەستین و عەرەب، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و جوگرافی و هەژمووندایە و هەرلایەنە و مرخی لە قاشێک لە کێکەکە خۆش کردووە و هەندێکیش لەبەردەم هەڕەشەدان، بۆیە قسەکردن لەسەر ئاگربەست بۆ هەندێک مایەی خێر و بێرە و بۆ هەندێکیش مایەی بەڵا و نەگبەتییە.

ئاگربەست بەو مەرجانە
بە تێڕوانینی بەشێک لەو شرۆڤەکارانە، وا پێدەچێت ئیسرائیل بەبێ مەرجی لەناوچوونی حەماس، بەهیچ شێوازێکی دیکە رازی نەبێت لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی، چونکە سەرکردایەتیی تەلئەبیب پێیانوایە مانەوەی حەماس واتا شکست و شکانی شکۆی دەوڵەتی ئیسرائیل. وڵاتانی ناوبژیوانیش پێیانوایە ئەگەر حەماس بەتەواوەتی لەناوبچێت، ئەوا ئیسرائیل ئەجێندای دیکەی دەبێت بۆ رەوت و هێزە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە و هەرجارەی پەڵپ بە وڵاتێک و هێزێکی ناوچەکە دەگرێت، جگە لەوەش دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە رێگەخۆشکەر نییە بۆ هیچ کام لەو وڵاتە ناوبژیوانانە کە هاوبڕیار و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ ئیسرائیلدا لەپێناوی دەربازکردنی دۆخی فەلەستیندا، چونکە چ وەک لایەنی نەتەوەیی لەسەریان دەکەوێت و شەقامیان لێ دەورووژێت، چ وەک لایەنی ئایینیش بۆیان ئاسان نابێت. بەتایبەتی بۆ وڵاتێکی وەکو میسر کە تا ئێستاش وەک قیبلەگای رەوتی ناسیۆنالیستی عەرەبی لێی دەڕوانرێت و زۆرێک لە هەوڵەکانی ئیسرائیلیش لە سەرەتای جەنگەکەوە بەو ئاراستەیە بوو کە قاهیرە دەروازەی رەفح بەڕووی خەڵکی غەززەدا بکاتەوە و لە سینا نیشتەجێیان بکات، بەڵام عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەهەموو شێوەیەک ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە، بۆیە پێناچێت هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکانیش لە دەریای سوور بەدەربێت لەو هاوکێشەیە، بەو ئامانجەی بزووتنەوەی کەشتیوانی لە دەریای سوور و کەناڵی سوێس پەکی بکەوێت کە ئەوەش گەورەترین زیانی ئابووریی بە میسر گەیاندووە.

 


شرۆڤەکارانی سیاسی:
«سەرکردایەتیی حەماس وای نیشان دەدەن ناکۆکن لەسەر ئاگربەست، بەڵام راستیی بابەتەکە ئەوەیە کە حەماس یەک دیدگایان هەیە و تەنها رۆڵەکانیان دابەشکردووە» 

 


ناکۆکی یان دابەشکردنی رۆڵ؟

بەشێک لەو شرۆڤەکار و شارەزایانەی کایەی سیاسی پێشیانوایە دوو هەڵوێستیی حەماسییەکان جۆرێکە لە تاکتیکی سیاسی، بەجۆرێک مەشعەل و هەنییە وای نیشان دەدەن کە سنوار تاکلایەنانە بڕیار دەدات و گوێ لە داواکارییەکانی ئەوان ناگرێت، بەڵام راستیی بابەتەکە ئەوەیە کە حەماس یەک دیدگای هەیە و تەنها رۆڵەکانیان دابەشکردووە و چاوەڕوانی گوشاری زیاتری کۆمەڵی نێودەوڵەتی و گەلی ئیسرائیلن بۆسەر نەتانیاهو و حکومەتەکەی، کە ئەگەری هەیە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کارێکی زۆر زەحمەت بێت لەم دۆخە نالەبارەدا. 

 

وتارەکانی نوسەر