دیاردە دزێوەکان

بەڵای ماددەی هۆشبەر

10:36 - 2024-07-23
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
110 خوێندراوەتەوە

- 17 -

دادگایی کردن و سزایان دیار نییە و قەناعەتی خەڵکیش وایە ئەوانە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و ئەم ماستەش بێ موو نییە



تا ساڵانی دوو هەزارەکانیش یەکێک لە شانازییە زەق و بەرچاوەکانمان ئەوە بوو کەوا کۆمەڵگەی کوردەواری هێشتا پاکە و سەرباری ئەو ستەمە جۆراوجۆرانەی کە بە دەست رژێمی بەعسی عیراقەوە چەشتبوومان، کە زۆرێکیشیان پلانی پێشتری بۆ داڕێژرابوو بۆ هەڵتەکاندنی بنەماکانی کۆمەڵگە و تێکدانی مۆراڵ و پچڕاندنی شیرازەی خێزان، سەرباری هەژاریی و نەداریی زۆربەی خەڵکەکەمان، کەچی مرۆڤی ئێمە هێشتا سەربەرز بوو، نەیدەویست بەها رەگ داکوتاوەکانی لەدەست بدات و گیانی بەرگری و بەگژداچوونەوەی دیاردە دزێوەکانی لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیی پەسەنددا بوو و گەلێک دیاردەی لەلا پەشم و عەیبە بوو. ناڵێم ملکەچی و خۆفرۆشی و ویژدان فرۆشی نەبوو، بەڵێ هەبوو، بەڵام ئەگەر بەڕێژە وەرتبگرتایە هێشتا بەراورد نەدەکرا لە نێوان زۆرینە باشەکە و کەمینە ملکەچەکەدا. با بێینە سەر ئەسڵی بابەتەکە و لەناو ئەم هەموو دیاردە دزێوانەدا کە ئەمڕۆ بەردەرگایان پێگرتووین و خەریکە تەواوی بەها و شانازییەکانی ئەوسامان لە گرێژەنە دەبات و لەمەودوا دەرفەتم هەبوو دێمە سەر هەندێکیان. دەڵێم لەناو ئەو هەموو ناشیرینییانەدا، ئێستا رۆژ نییە لەم سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنانەمانەوە گوێبیستی ماددەی هۆشبەر و جۆرەکانی نەبین، چ بەکاربەر و چ بازرگانەکانیشی. کار گەیشتووەتە ئەوەی کە لە راگەیاندنەوە دەبیستین ئەوەندە و ئەوەندە کیلۆ بەو جۆرە کەسانە گیراوە و لەناو براوە و دواتر هیچ باسێک نییە لە سزادانی ئەو جۆرە کەسانە، یان هەیە و لە چاوبەستەکیی بەولاوە ناچێتە خانەی جێبەجێکردنەوە. باسی ئەوە دەکرێت کە ژن و پیاوە بازرگانەکانی ئەم ماددە لە ئەندازە بەدەر ترسناکە نازانم لە کوێی جەستەیاندا شاردوویانەتەوە و دادگایی کردن و سزایان دیار نییە و قەناعەتی خەڵکیش وایە ئەوانە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و ئەم ماستەش بێ موو نییە و وا باسە ئەوانە پشتیان هەیە. دەگوترێت مەسەلەکە هەر ئەوە نییە و ئەم وڵاتە بووە بە ترانزێتی ئەو بازرگانییە نەگریس و چەپەڵە. مەسەلەکە ئاشکرا و بە بەرچاوەوەیە کە رێژەی تاوان و تاوانی ناسروشتی و لە عەقڵ بەدەر چەند زیادیکردووە لەم وڵاتەدا و یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانیشی کاریگەریی بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەم ماددەیەیە کە ئێستا هەزار و یەک جۆری هەیە و هێندەی ئەوەش فێڵ و تەڵەکە هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی لەناو خەڵکدا و دۆزینەوەی بازاڕ بۆی. دەشگوترێ کەوا «کوردستانی» ئێمە لەچاو ناوەڕاست و باشووری عیراقدا بە حەوت ئاو شۆراوەتەوە و بە ناخێری گیانی بەهۆی بێباکی یان دەست لەپشتدانی دەسەڵاتدارانەوە بووین بە پردێکی «ستراتیجیی» ئەم بازرگانییە لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا.

وتارەکانی نوسەر