لەناوچە کوردستانییەکان

ژوورێكی ئۆپەراسیۆن... بۆ نا؟

11:31 - 2024-07-23
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
129 خوێندراوەتەوە

زیاتر لە مەترسییەك لەسەر پێگەی كورد لە ناوچە كوردستانییەكاندا هەن، كە شایەنی ئەوەن ببنە هۆی كۆدەنگیی هێزە كوردییەكان. ئەگەر جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستوور، هەڕەشە گەورەكە بێت، ئەوا دیاردەكانی بە عەرەبكردن، زەوتكردنی زەویوزاری جووتیارانی كورد، ناهاوسەنگیی لە دابەشبوونی پۆستە ئیدارییەكان، نادادپەروەری لە بەڕێوەبردن،  بێبەشبوونی گەڕەكە كوردییەكانی ناوچە كوردستانییەكان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، تازەترین مەترسییش پرسی سەرژمێریی لە عێراقدا، كە دەبێتە هۆی زیانی سیاسی و ئابووریی بەرچاو بۆ كوردی ئەو ناوچانە، كۆمەڵە دۆسێیەكی دیكەن كە دەهێنن لە پێناویاندا یەكبن و یەكبگرن.

پێویستە لە دەشتی نەینەواوە تا خانەقین، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی كوردستانیی بەردەوام و كراوە هەبێت و ئەندامانی ئەو ژوورە کەسانی شارەزای سیاسی و ستراتیژیی بن بە سەڵاحییاتی پێویستەوە 

 

ئـــەو هـــەڕەشـــــــــەو هەلومەرجە نائاساییانە، وایــــان پێویستە كە لـــە ئاســـتی باڵاتردا هەڵوێســــــتیان لــــــێ وەربگیرێت. ئـــەزموونی بۆشایی هەمـــاهەنگیی سیاســـیی نێوان پارتە كوردییەكانمــــــان لـــە رابردوودا، زیـــانی زۆری سیاسی و مـــەعنەوییان لـــەو دۆســـێیانە داوە كە بە هەمـــوو مانایەك پرسی پێكــەوەژیان و چارەنووســـی ئێستا و ئایندەی ئەو نـــاوچانە دیاری دەكەن.
  بابەتەكە هەر لەوەدا كۆتایی نایەت كـــە لە ئۆرگانی هەرە بــــــاڵای پارتەكانمانەوە تاوتوێی وردەكاریی ئەو دۆسییانە بكرێت، خاڵی هاوبەش لە سیاسەت و هەڵوێستدا بدۆزرێتەوە و جەمسەرگیریی كوردستانییان بۆ پێكبهێنرێت، بەڵكو مەسەلەكە پێویستیی بە فراوانكردنی بازنەی بایەخدانە بە پێی جیاوازیی ناوچە كوردستانییەكانیش.
  بەمانایەكی روونتر، پێویستە لەئاست ئەم پرسەدا لە دەشتی نەینەواوە تا خانەقین، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی كوردستانیی بەردەوام و كراوە هەبێت. هەر حزبە دوو سێ لە ئەندامانی(م.س) و سەركردایەتیی خۆی، كە شارەزایی سیاسی و ستراتیژییان هەبێت، بە تێڕوانین و سەڵاحییاتی پێویستەوە بۆ ئەو ژوورە پێشنیازكراوە تەرخان بكات، رۆژانە رەسدی رووداو و پەرەسەندنەكان بكەن، بەدواداچوون و راپۆرتیان لەسەر جموجوڵ و هەڵوێستەكان هەبێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی بڕیاربەدەستی هێزە سیاسییەكانماندا، پلان و بڕیار و راسپاردەشیان هەبێت، بەتایبەتی بۆ بەرگرتن بە هەر پیلان و تەماحێكی لێدان لە پێگەو مافی كورد و كوردستانیانی ئەو ناوچانە. دەكرێت سندوقی سكاڵا دابنێن و دانیشتنی رۆژانەیان لەگەڵ توێژی جیاوازی كوردانی شارە كوردستانییەكاندا هەبێت، پەرۆشی كێشە و داواكارییەكانیان بن و نوێنەرانی كورد لەسەر ئاستی دەزگا لۆكاڵی و فیدراڵییەكانیش لە هەر پێشێلكارییەك ئاگادار بكەنەوە، بگرە رێنماییشیان هەبێت بۆ چۆنیەتی هەڵوێستوەرگرتنی كوردستانی لەئاست رووداو و پێشهاتەكاندا.
‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر