یەكێتی و ئاوەدانی لە خورماتوو

11:45 - 2024-07-23
گۆران فەتحی
139 خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە خاوەنی قاعیدەیەكی جەماوەری گەورەیە لەكەركوك و خورماتو و خانەقین و باقی ناوچەكانی تر، هەردەم هەوڵی داوە، باروگوزەرانی خەڵكی ئەو ناوچانە باش بكات و بەرگرییان لێبكات، هەم لەبەغدا و هەمیش لە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایانەی ئەو ناوچانە لە خۆدەگرن، خورماتووش نموونەیەكی ئەو ناوچانەیە كە یەكێتی هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ  گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بە گەڕەكە كوردییەكانی.

خزمەتكردنی گەڕەكە كوردییەكان
بەو پێیەی كە یەكێتی لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا توانی نوێنەرێك لە خورماتوو بنێرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و هەروەها نوێنەرێكیش بنێرێتە بەغدا، ئەوا هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەگەڕەكە كوردییەكانی ئەو قەزایە، كە ساڵانێكە لە لایەن ئیدارەی پارێزگا و قەزاكەوە بەئەنقەست پەراوێزخراون.
ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر كە یەكێتیی و كورد خاوەنی زۆرینەی پۆستەكانی ئەو قەزایە بوون، خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و فراوانبوون لەو شارەدا بێ جیاوازی پێشكەش بە هەموو ناوچەكانی شارەكە دەكرا و دەستی ئاوەدانییان پێدەگەیشت، ئیدارەی ئەو قەزایە وەكو باسمان كرد لەدەستی كورددا نەماوە، بۆیە لایەنی شیعەو سوننەی توندڕەو دژایەتی كورد دەكەن و هەوڵ دەدەن و هەوڵیشیان داوە خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لەگەڕەكە كوردییەكاندا نەبێت،  بۆیە یەكێـتی هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەرگری كردن لە مافی كوردی شارەكە و گەیاندنی ئاوەدانی بەگەڕەكە كوردییەكان.
بەهەوڵی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنەری یەكێـتیی لەئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینیش،  هەڵمەتی پاككردنەوە و هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاك و پاشماوەی گەڕەكە كوردییەكانی دەستی پێكردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی تیمەكانی پاككردنەوەی ئیدارەی قەزاكە نەدەهاتنە ئەو گەڕەكانە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، ئەوەش بەپیچەوانەی ناوچەو گەڕەكەكانی تر، ئەوەش ناڕەزایی لەلای كوردی ئەو گەڕەكانە دروستكردبوو، بۆیە گلەیی و گازندەییان گەیاندبووە مەڵبەند و بەرپرسانی یەكێتیی. 

ئاوەدانی لە گەڕەكە كوردییەكان
هەربەهەوڵ و تەقەلای یەكێتی و نوێنەری لە ئەنجوومەنی سەڵاحەدین، بڕیارە بە گوژمەی 2 ملیار دینار چەندین پرۆژە لەناو شاری خورماتوو بكرێت،  خزمەتگوزاریش پێشكەش بە گەڕەكە كوردییەكانی شارەكە بكرێت.
ئەمەی ئێستاش دەكرێت دوای ئەوە دێت، لەهەڵبژادنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عیراقدا كورد كاندیدێكی سەركەوت بۆ پەرلەمان، كە ئەویش لە پشكی یەكێتی بوو، لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش لە ساڵی 2023دا بەربژێرێكی تری كورد سەركەوت لەو قەزایەو چووە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەوەش سەنگی یەكێتیی لەو شارەدا بەهێزتر بوو.

كورد هەردەم زۆرینە بووە
جێی ئاماژەیە، شاری خورماتوو یەكێك لەو قەزایانەی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، لەهەموو سەردەمە مێژووییەكاندا كورد زۆرینەی شارەكەو دەوروبەریان پێكهێناوە، لەسەردەمی رژێمی بەعس تەعریبێكی زۆری تێدا كراو زەوی و زاری خەڵكە بنەڕەتیەكەشی كە كوردن دەستی بەسەردا گیرا، دوای روخانی رژێمی بەعس و هاتنە كایەی عیراقی نوێ، جۆرێك لە ئازادی هەم لەشارەكانی تری عیراق و هەمیش لەناوچە جێ ناكۆكەكان دروست بوو، كوردیش بەهێزەوە هاتە كایەی ئیداری و دەسەڵات لەكەركوك و زۆرێك لەناوچە جێ ناكۆكەكان بەخورماتووشەوە، بەڵام دوای ساڵی 2017 ەو رووداوەكانی دوای ریفراندۆم، بارودۆخێكی خراپ بۆ كورد لەو قەزایەو باقی ناوچە جێ ناكۆكەكان هاتە ئاراوە، هەموو هەوڵێك درا بۆ بنبڕكردنی كورد لەخورماتوو و ناوچەكانی تر، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەكو خاوەندارێتی بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیە خەڵكەكەی بەجێنەهێشت، لەبەغدا و هەمیش لەهەرێم تواناكانی خستەگەڕ بۆ بەرگریكردن لە كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان بەخورماتووشەوە، ئەوەی ئێستاش یەكێتی دەیكات لەو ناوچانە بۆ ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكە كوردییەكانی خورماتوو، یەكێتی بە ئەركی خۆی دەزانێت بەرامبەر بەخەڵكی ئەو شارەی گەرمەسێر و كوردەواری، یەكێتی هەروەها كار بۆ ئەوە دەكات لاسەنگی لە ئیدارەی ئەو شارە چاك بكاتەوە.‎

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خاوەنی قاعیدەیەكی جەماوەری گەورەیە لە خورماتوو

وتارەکانی نوسەر