پارێزگار، ئیستحقاقیی كورد و یەكێتی لە كەركوك

10:13 - 2024-08-12
گۆران فەتحی
148 خوێندراوەتەوە

گۆران فەتحی


وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، دەرنجامی سیاسەتی عەقڵانی یەكێتییە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق كە درێژەی سیاسەتەكانی خوالێخۆش بوو مام جەلالە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراق بە كورد و سوننە و شیعەشەوە




هەڵبژاردنی هەڤاڵ رێبوار تەها وەكو كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پارێزگاری كەركوك، سەركەوتنێكی گەورە بوو، هەرچەند دژایەتی زۆر كرا لە لایەنی سیاسیی كوردی و عەرەبی و توركمانییەوەو بە پاڵپشتی دەرەكی، هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكەش بوونی ئەو قاعیدە جەماوەرییە گەورەو فراوانەی یەكێتییە لە كەركوك و هەروەها هەوڵی سەركردایەتیی سیاسیی ئێستای ئەم حزبە بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق.
ئەم دەرەنجامەش، گێڕانەوەی هاوسەنگییە لە كەركوك و هەروەها ماف بۆ خاوەنی بنەڕەتی ئەو خاك و ناوچەیە لەرووی نەتەوەیی و حزبیشەوە، دوای حەوت ساڵ لەسەپاندنی پارێزگارێكی عەرەب بەسەر دانیشتوانەكەیدا، كە هەموو هەوڵێكی خستبووە گەڕ، بۆ دژایەتیكردنی كورد و دووبارە تەعریبكردنەوەی كەركوك.
كەركوكی قودس و شاری سەوز، هەردەم پێگەیەكی تایبەتی لای یەكێتی هەبووەو ئەم حزبە بەرگریكارێكی سەخت بووە لێی و سەدان شەهیدی بەو شارە بەخشیوە، لەسەرەتای دامەزرانییەوە، سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال و سەركردایەتی یەكێتیش لەرابردوودا و سیاسەتی ژیرانەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئێستادا، وایكردووە هەردەم یەكێتیی حزبی ژمارە یەك بێت لە كەركوك و لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی دوای ساڵی 2005یش براوەی سەرەكی بێت و پارێزگار لەم حزبە بێت.
سەركەوتنی ئەمجارەش بە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، دەرنجامی سیاسەتی عەقڵانی یەكێتییە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق كە درێژەی سیاسەتەكانی خوالێخۆش بوو مام جەلالە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا بە كورد و سوننە و شیعەوە، ئەوەش وایكردووە مافەكانی كورد هەم لە ناوچە جێ ناكۆكەكان و هەمیش لەسەر ئاستی عیراق پارێزراو بێت.
ئەم سەركەوتنەش وەنەبێت هەروا ئاسان بووبێت، چونكە وەكو باسمان كرد لە ناو ماڵی كورددا كێشە هەبوو، كە كاریگەری خراپی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەبوو، ئەجێندای هەرێمیش كێشەیەكی تر بوو لەم رووەوە، كە نەیارانی كۆكردبۆوە لەبەرەیەكدا دژ بە خواستی یەكێتی، بەڵام سەرەكەوتنە گەورەكەی یەكێتیی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا و بەدەستهێنانی پێنج كورسی،  وایكرد هەر هەوڵێك بۆ بازدان بەسەر ئەم حزبەدا لەپرسی پارێزگار شكست بهێنێت، ململانێی ناوخۆیی ناو پێكهاتەكانی تری كەركوكیش بەتایبەت پێكهاتەی عەرەب دواجار لە بەرژەوەندی یەكێتی بوو.
لە كۆتاییدا نابێت رۆڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەندێ لایەنی سیاسیی سەرەكیی عیراقیش لەبیر بكەین، كە دواجار بەڵانسی هێزی بەلای یەكیتییدا شكاندەوە و توانرا لەدانیشتنی ئەنجومەنی كەركوك لەبەغدا 50 + 1 تەواو بكرێت و دەنگ بە پارێزگارێكی كورد و یەكێتی بۆ كەركوك بدرێت.

وتارەکانی نوسەر