لە كوڵەجۆ، چی روویدا، کێ کۆنترۆڵی دۆخەکەی کرد؟

09:59 - 2024-08-27
گۆران فەتحی
112 خوێندراوەتەوە

ناحیەی كوڵەجۆ سەر بە شاری كفریی و سنووری ئیدارەی گەرمیانە، پاراستنی لەئەستۆی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، یەكێتیش بە كردار ئەو ناوچەیەی پاراستووە لەهەر مەترسییەك لەرابردوو و ئێستادا، هاتنی هێزەكەی حەشدی شەعبی و كشانەوەشی لەژێر فشاری هێزی پێشمەرگە، دەرخەری ئەو راستییەیە.
ئەو ناوچەیەی هێزەكەی حەشدی بۆ هاتبوو، بەهۆی دزەكردنی داعش و لەبەر فەراغی ئەمنی جاروبار هەڵمەت و پرۆسەی ئەمنی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەلایەن هێزی پێشمەرگەو هەندێكجاریش بە هاوبەشی لەگەڵ سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراقدا، لە ئێستاشدا بەهۆی هاتنی زیارەتكارانی شیعەوە بۆ عیراق، رێ و شوێنی ئەمنی دەگیرێتەبەر بۆ زامنكردنی سەلامەتی گیانی ئەو زیارەتكارانە، بەڵام ئەمە نابێـت بكرێت بەپاساو بۆ هاتنی حەشد بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی هێزە پێشمەرگە، كە پاراستنی ئەو ناوچەیەیان لەهەر مەترسییەك لەئەستۆگرتووەو بەهیچ جۆرێكیش ناهێڵن هیچ هێزێكی تری دەرەوەی هەرێمی تێدا جێگیربێت.

هاتنی هێزەكەی حەشدی شەعبی
بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە سەعات چواری بەیانی، هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی كە زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێلیان پێ بوو و هەزار چەكدار دەبوون بە چەكی قورس هاتنە كوڵەجۆی سنووری ئیدارەی گەرمیان و لە دەوروبەری بیرە نەوتێكی ناوچەكە جێگیربوون، بێ هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا.
بیرە نەوتەكەش كە ئەو هێزەی لێ جێگیربوو ناوی «گڵابات - قومرە»یە، ئەو هێزەش بەوەوە نەوەستاو بە قوڵایی 10 كیلۆمەتریش بەئاراستەی شارۆچكەی كفری پێشڕەوی كرد، ئەوەش خەڵكی ناوچەكەی نیگەران كرد و هێزی پێشمەرگەش كەوتە جووڵە بۆ رێگری كردن لەو هێزەی حەشد و ناچاركردنی بەكشانەوە.
 هێزەكەی حەشد بە بیانووی ئۆپراسیۆن و راوەدونانی تیرۆریستان هاتبوونە ناوچەكە، لەكاتێكدا دەبوو بەهەماهەنگی و بەئاگاداری پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە جووڵەیان بكردایە. كۆڵەجۆش كە حەشد بۆ داگیركردنی بیرە نەوتەكەی و جێگیربوون تێیدا هاتبوو، دەكەوێتە ناو میحوەری یەك و لیوای پێنجی پێشمەرگەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە شۆفڵ سەنگەریان لێدابوو.

بەنیازی چی بوون؟
هێزەكەی حەشد كە بەژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەممەر و شۆفڵەوە هاتبوونە ناحیەی كوڵەجۆ، سنووری لیوای پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، مەبەستیان داگیركردنی بیرە نەوتەكە و جێگربوون بووە لەو ناوچەیە، دوای ئەوەی سەنگەرییان لێداوە و شوێنی خۆیان قایم كردووە.
ئەو هێزەی حەشد وەكو پاسەوان و پارێزەری كۆمپانیایەكی چینی چوونەتە ناوچەكە بۆ گەڕان بەدوای نەوتدا، لەكاتێكدا سنووری كاری كۆمپانیاكە نەفتخانەیە بەرەو حەمرین، نەك كیڵگەكانی نەوت لەكفری.

چوونی پێشمەرگە و كشانەوەی هێزەكە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی ئەو هێزەی حەشد بۆ كوڵەجۆ، هێزی پێشمەرگە كەوتە خۆ و بەژمارەیەكی زۆری چەكی قورسەوە رووەو ناوچەكە چوون، وەزارەتی پێشمەرگەش پەیوەندی بە بەغداوە كرد بۆ ئاگاداركردنەوەی لە بارودۆخەكە و بەغداش دڵنیای دا كە ئەو هێزە دەكشێتەوە، چونكە بێ هەماهەنگی هاتووەتە ناوچەكە.
ئەوەبوو هێزەكەی حەشد دوای هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە و پەیوەندی كردن بەبەغداوە لەناوچەكە كشایەوە، دۆخی سنووری كوڵەجۆش ئێستا بەتەواوی ئاسایی بۆتەوە و هیچ چەكدارێكی حەشدی تێدا نەماوە.
ئەم رووداوە دەری دەخات، هەندێك لە گروپە چەكدارەكانی عیراق تەماحیان لەبەشێكی ناوچەكانی گەرمیان و نەوتی ئەو ناوچەیەیە، كە بە سنووری نفوزی هێزی پێشمەرگە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەژمێردرێ، بێ ئاگا لەوەی پێشمەرگە روح و گیانی خۆی فیدای هەموو خاكی كوردستان و گەرمیانیش وەكو بەشێكی ئەو خاكە دەكات، یەكێتیش هەرگیز ناهێڵێت بستە خاكێكی كوردستان مەترسی بێتەسەر.

هێزەکانی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ

وتارەکانی نوسەر