کیمیا لە پەیوەندیی رۆژانەدا

12:52 - 2024-07-23
مەحمود شێرزاد
168 خوێندراوەتەوە

دکتۆر «جۆو هانسۆن» زیندەوەرناسیی بەناوبانگی ئەمریکی توانی لێکدانەوە بۆ فۆڕمۆلی کیمیایی لەشی مرۆڤ بکات و بەدەستی بێنێ. جۆو هانسۆن جگە لەوەی فۆرمۆلی کیمیایی مرۆڤی نووسییەوە (کە رستەیەکی ئاڵۆزی درێژە و پێویست ناکا لێرەدا بیهێنمەوە) و گووتی کیمیایی لەشی مرۆڤ لە لەدایکبوونەوە تا مردن بەبەردەوامی گۆڕانی بەسەردا دێ، بەڵام بەگشتی %97 هەر زیندەوەرێک لە چوار رەگەزیی کیمیایی دروست بووە، ئۆکسیژن، کاربۆن، هیدرۆژن و نیترۆژن. ئەم چوار رەگەزە هەمیشە لەژێر کاریگەریی خۆراک و خواردنەوە و ژینگە و بیرکردنەوە و هەست و پەیوەندییەکانی ئێمەدان و گۆڕانییان بەسەردا دێ.

ئەنشتاین دەڵێ: (کاتێ سەیری شتێک دەکەی ئەو شتە لە ژێر کاریگەریی نیگای تۆدا دەگۆڕێ و شتەکەی پێشوو نامێنێت)

مەولانای بەڵخی دەڵێ هەموو بەریەککەوتنێک لە نێوان مرۆڤەکاندا رووداوێکی کیمیاییە، کاتێ دوو کەس لەگەڵ یەکتریدا دیدار دەکەن، هیچیان کەسەکەی پێشوو نامێنێ. ئێستا لێکۆڵینەوەی زانستی ورد لەبارەی ئەم بابەتەوە کراوە، ئێمە دەزانین کاتێ یەکتریی دەبینین لە رێگەی رژێنەکانەوە هۆڕمۆنێکی دیاریکراو دەڕژێ و بیرکردنەوەکان و هەستەکانی ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکا. کاتێ لەگەڵ کەسێک دادەنیشین کە یەکترییمان خۆشدەوێ یان یەکترییمان ناخۆش دەوێ، کیمیایی لەشمان دەگۆڕێ، بەڵام لەڕاستییدا بابەتەکە زۆر لەوە قووڵترە، ئەم رووداوە کیمیاییە سنووری ماددە تێدەپەڕێنێ و پێ دەنێتە سنووری وزە و ئاگاییەوە، زانستی یۆگا زۆر زوو پەی بەمە برد، گوتی (ئیگۆ – من) یان وارسکە (غەریزەکان)ت ئارام بکەوە و خامۆشیان بکە، با کاتێ بەر دنیا دەکەوی هاسەنگی وزە و ئاگاییت تێک نەچێت.
یەکێک لەو زانا زۆر مەزنانەی درکی ئەم بابەتەی تا رادەیەک بە قووڵی کردبوو، ئەنشتاین بوو، ئەنشتاین دەڵێ: (کاتێ سەیری شتێک دەکەی ئەو شتە لە ژێر کاریگەریی نیگای تۆدا دەگۆڕێ و شتەکەی پێشوو نامێنێ). دیارە هەر ئەو ناگۆڕێ، تۆش کە بینەری ئەو شتەی دەگۆڕێی و لەڕووی کیمیاییەوە کەسەکەی پێشوو نامێنی. لەڕاستیدا گۆڕانکە لە نێوان بینەر و بینراودا سەرەتا لەسەر ئاستی ئاگایی و وزە روودەدا، پاشان لەسەر ئاستی ماددە و فیزیکدا دەردەکەوێ.
وەک دەزانین هەموو ماددەیەک شەبەنگی هەیە کە ئەو شەبەنگە خەرمانەی ئەو شتە یان ئەو کەسە پێکدێنێ. ئێمە هەموومان هەمانە، کاتێ رۆژانە بەر یەکتریی دەکەوین خەرمانەکانمان پێکەوە تێکەڵ دەبێ و لەنێوان ئێمەدا بە بێ ئاگاداربوونی خۆمان هەندێ زانیاریی و هەست و وزە پێکەوە دەگۆڕینەوە و لەڕوویی کیمیاییەوە کاریگەریی لەسەر یەکتریی دادەنێین و یەکتریی دەگۆڕین، کەواتە رۆژانە دەبێ جگە لە خۆراک و خواردنەوە و خەوتن و سێکس، ئاگامان لە بیرکردنەوە و هەست و پەیوەندییەکانمان بێ، چوونکە هەموو رەهەند و جووڵە و چالاکییەکی ئێمە رووداوێکی کیمیاییە کە خۆمان و ئەوانیتر، تەنانەت ئاژەڵ و دار و درەخت، ئاو و خاک و خۆڵی دەورووبەریشمان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
 

وتارەکانی نوسەر