گۆران و لائۆ

11:45 - 2024-08-08
مەحمود شێرزاد
218 خوێندراوەتەوە

هەرچەند دەکەم ئەم خەیاڵەی پێی مەستم  بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم

زۆر کەس ئەم شیعرەی (گۆران)ی وا لێکداوەتەوە کە مەبەستی گۆران ئەوەیە زمانەکەی (زمانی کوردی) لاوازە و ناتوانێ خەیاڵ و مانا و مەبەستەکانی پێ دەرببڕێ، ئەم لێکدانەوەیە هەڵەیە و دواتریش لەسەر زاری خەڵکێکی زۆر بە جۆرێکیتر دووبارە بۆتەوە کە زمانی کوردی بۆ وەرگێڕانی هەندێ بابەت و بوار نابێ، ئێستا ئەم لێکدانەوەیە بە کردار رەتکراوەتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئێمە خۆمان زمانی خۆمان وەک پێویست نازانین و خووی بەکارهێنانی قامووس و فەرگەنگەکنیشمان نییە کە شەست قامووس و فەرهەنگ زیاترن. ئەم شیعرەی گۆران بەهیچ شێوەیەک باسی زمان ناکا، بەڵکو باسی دەربڕین دەکا. گۆران لەم شیعرەدا دەڵێ خەیاڵەکانم خۆیان بەدەستی دەربڕینەوە نادەن، یانی نایەنە سەر زمان، ناتوانم بیانخەمە ناو چوارچێوەی هەڵبەستەکانمەوە و بیانهۆنمەوە. نەک هەر گۆران، هیچکەس لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە و بە هیچ زمانێک ناتوانێ ئەمە بکا، جا ئەم زمانە هەرچییەک بێ. هەموو ئالی مانایەک لەهەموو سەردەمێک و لەناو هەموو کەلتورێکدا ئەم کێشەیەیان هەبووە و هەیانە. جا ئەم حاڵەتەی گۆران ئاماژەی پێداوە، حەکیم و عارف و یۆگییەکان هەمیشە هەیانە، قەت نەیانتوانیوە و قەتیش ناتوانن ئەوەی دەیبینن، ئەوەی دەیبیستن و ئەوەی دەیزانن، ئەوەی پێی مەستن، دەریببڕن. هەموو زمانەکانی دنیا بکەی بە یەک زمان و هەزاران جار لەوە بەهێزتریشی بکەی، هێشتا شتێ لە قووڵاییدا هەیە، خۆی بەدەستی دەربڕینەوە نادا. بۆیە لائۆ دەڵێ: ئەو هەقیقەتەی بەیان بکرێ هەقیقەت نییە، یانی هەقیقەت یان مانا و خەیاڵ و مەبەستێک هەیە کە ناگوازرێتەوە بۆ ئاستی دەربڕین، ئەگەریش دەریببڕی سەقەتی دەکەی، بە قەولی لائۆ هەقیقەت نامێنێ. جا گۆران لە شیعری دووەمدا هەمان قسەکەی لائۆ دەکا و دەڵێ:

ئەم شیعرەی گۆران بەهیچ شێوەیەک باسی زمان ناکات، بەڵکو باسی دەربڕین دەکات. گۆران لەم شیعرەدا دەڵێ: خەیاڵەکانم خۆیان بەدەستی دەربڕینەوە نادەن


 لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم  بۆچی وەها دوورن لە یەک، نازانم!

راست دەکا، ئەوەی دەروون لەگەڵ ئەوەی دەریدەبڕی زۆر جار دوو شتی جیاوازن، ئەوە نییە لائۆش وا دەڵێ: هەقیقەت شتێکە و لە دەربڕیندا شتێکیترە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە باسمان کرد. ئێستا خەریکی خوێندنەوەی دیوانی گۆران بووم. زەمانی زوو، زۆرجارانم خوێندۆتەوە، بەڵام ئەمجارە هەندێ یاقوت و مەرجان و مرواریم تێدا بەدی کرد کە جاران نەم دەبینین، یارب! بۆ چەند ساڵ زووتر تووشی یۆگا و تێڕامان نەبووم تا ون و نادیاری زیاترم بدیبایە.

وتارەکانی نوسەر