ستونی کراوە

چۆن (ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌) بوو بە بڕاند ؟

09:53 - 2024-07-24
مەریوان مەسعود
179 خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

 

لە ساڵی 2012، دووەم جارم بوو سەفەری ئەمریكا بكەم، لە قاوەخانەیەكی نیویۆرك دوو ئەمریكیی بەرەگەز عەرەبم ناسی، یەكێك لەو گلەییانەی ئەم دوو ئەمریكییە هەیانبوو، كە لەبەر زۆری نمایشی فیلمەكان و گرانی بلیتەكان ناتوانن بچن بۆ تەماشاكردنی ئەو فیلمانەی كە دڵخوازی خۆیانە، منیش مەوزوعەكەم لە رەهەندێكی ترەوە لێكدایەوە، كە شارێكی وەكو نیویۆرك گلەیی هاووڵاتییەكانی زۆری نمایشی فیلم بێت لە هۆڵەكانی سینەما، دەبێت ئەو شارە چەندە خۆشبەخت بێت! .
لە راستیشدا ئێستا زۆربەی شارەكانی كوردستان، بەتایبەت سلێمانی خەریكە دەبێتە نیویۆرك لە رووی زۆری كۆڕ و سیمینار و دیبەیت، كە ئەمەش مایەی خۆشحاڵییەكی زۆرە كە رووناكبیرەكانی ئەم دەڤەرە تەنها گلەیی هەیانە زۆریی چالاكییەكانە كە فریای ئامادەبوونی هەمووی ناكەون!. یان دوا نیوەڕۆی وا هەیە لە ماوەی دوو سەعاتدا  لە پێنج شوێنی ئەم شارە كۆڕو سیمینار و بۆنەی ئەدەبی و هونەری هەیە، ئەمەش هەمان ئەو رستەیەم دێنێتەوە یاد كە لە ساڵی 2012 لە نیویۆرك بە خەیاڵمدا هات، كە سلێمانی خۆشبەختە گلەیی رووناكبیرەكانی زۆریی كۆڕ و بۆنە ئەدەبی و هونەری بێت !.
ئەوەی دەمەوێت راشكاوانە لەم نووسینەمدا بیڵێم ئەوەیە، بە خۆشحاڵییەوە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ لە رێگەی (ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌)ەوە یەكەم دامەزراوە بوو دەستپێشخەری كرد بۆ دەستپێكردنەوەی سازكردنی كۆڕی ئەدەبی و رۆژنامەوانی و سیاسییەكان بە شێوەیەكی رێكخراو. چونكە یەكێك لەكێشەكانی كەمیی كۆڕ لە شارەكان دەگەڕێتەوە بۆ : كرێی هۆڵ، كرێی خزمەتگوزاری، كۆفی برێك، دەنگ، پۆستەر و كارتی بانگهێشت...، بەڵام كاتێك ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌ هات و هەموو ئەو خاڵانەی كە بۆ گێڕان و سازكردنی كۆڕێك پێویست بوو كردیە (بێ بەرامبەر) بۆ هەموو نووسەر و كۆڕگێڕێك بە بێ جیاوازی، ئەمە وایكرد كە رووناكبیرانی سلێمانی و شارەكانی تریش كۆڕەكانیان زۆرتر بكەن، لەوانەش گرنگتر كاتێك (ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌) بوو بە بڕاندێك لە ناوەندە ئەدەبیی و رۆژنامەوانیی و رووناكبیرییەكان بە گشتی، هەموو هۆڵ و رێكخراوەكانی تر چاویان لە ساڵۆن كرد و كۆڕەكانیان كردە (بێ بەرامبەر)، ئەمەش جێگای خۆشحاڵی بوو كە كوردستانی نوێ‌ جارێكی تریش پێشڕەوایەتی ئەم رەوتەی كرد كە لە ئەنجامدا وایكرد گەرموگوڕییەكی زۆر بەشارێكی زیندووی وەكو سلێمانی دیار بێت. 
دیارە كوردستانی نوێ‌ هەر بەمەش نەوەستا، بەڵكو لە هەریەك لەشارەكانی هەولێر و كەركوك-یش ساڵۆنێكی كردەوە لە رێگەی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیارییەوە، لەم هەنگاوەشیاندا سەركەوتوو بوو، چونكە ئێستا هەردوو ساڵۆنەكەی هەولێر و كەركوك هەفتانە كۆڕی تێدا سازدەكرێت و رووناكبیرانی ئەم دوو شارە بێ جیاوازی ئامادە دەبن و لەوێش (بڕاندی ساڵۆن) لە گەشەكردنی خێرا دایە.

وتارەکانی نوسەر