تیكتۆك، تاكە سەكۆی سۆشیال میدیایە كە بەداخەوە لە بچووكەوە تا گەورە بەكاری دەهێنێت، بۆیە من بە ترسناكترین سەكۆی دادەنێم، بەتایبەت مەسەلەی لایڤ و تەحەدی و كێبڕكێی بێ مانا و كڕینی پۆینت و بردنەوە و دۆڕاندنی پارەی تێدایە كە ئەمەش وایكردووە هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی نەهێڵێت و بووە بە قومارخانەیەكی ئۆنلاین !
بەكارهێنەرانی ئەم سەكۆیە هیچ سنوورێكیان نەهێشتۆتەوە و پاڵەوان و تیكتۆكچییەكانی خۆمان هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی پۆینت بەدەستبێنن
ئەگەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تر پێویستیان بە یاسا نەبووبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە تیكتۆك بە تەنها پێویستی بەرێكخستنەوە و یاسایەكی تایبەت هەیە، چونكە بەكارهێنەرانی ئەم سەكۆیە هیچ سنوورێكیان نەهێشتۆتەوە و پاڵەوان و تیكتۆكچییەكانی خۆمان هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی پۆینت بەدەستبێنن و بەداخەوە خەڵكێكیش هەیە هانیان دەدات بۆ ئەم كارە و رۆژانە بە پارەی خۆیان لە بازاڕ پۆینت دەكڕن و شەوانە بۆ ئەم قۆشمەچیانەی تیكتۆك خەرجیان دەكەن! بۆ نموونە ئێستا ئەگەر پیاسەیەكی جادەی ئەسواق سیروان بكەیت لە هەولێر، چەندین گەنجی دەستگێڕ دەبینیت كە پۆینتی تیكتۆك دەفرۆشن. لە كاتێكدا %99ی تیكتۆكچییەكانی كورد هیچ بەهایەك ناهێڵنەوە بەس بۆ كۆكردنەوەی پۆینت و پارە هەموو سنوورێك دەبەزێنن.
نموونەكان
وا من چەند نموونەیەكی قێزەونتان بۆ باس دەكەم، كە دڵنیام رۆژانە خۆشتان دەیانبینن:
*ژنێك، دانیشتووە لایڤی كردۆتەوە لەگەڵ سێ پیاوی نەناس، جنێو و قسەی ناشایستە و وشەی سێكسی پێدەڵێن، ئەمە لە كاتێكدایە مێردەكەشی بە تەنیشتییەوە دانیشتووە و زوو زوو بە ژنەكەی دەڵێت، گوێی مەدەرێ گرنگ ئەوەیە پۆینت و لایكمان بۆ زیاد بێت با هەر قسە بكەن!
* كوڕێكی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی، لایڤیان پێكردۆتەوە، كە مرۆڤ سەیری دەكات تووشی شۆك دەبێت، چونكە ئەم جۆرە مرۆڤانە هی ئەوەن خزمەت بكرێن و هەستیان رابگیرێت، كەچی كەسوكارەكەی (تیكتۆك)یان كردووە بە سواڵكردنی سەرجادە و پۆینت و پارە بەم كەمئەندامە داماوە پەیدا دەكەن، كە بەداخەوە بە پاڵكەوتنەوە لایڤی پێدەكەنەوە، چونكە رێژەی كەمئەندامییەكەی ئەوەندە زۆرە ناتوانێت دانیشێت! ئەوە باسی چەند پاڵەوانێكی (داون- مەغۆل) هەر ناكەم كە دەیانهێننە سەر ئەم تیكتۆكە و وات لێدەكات بێز لە مرۆڤایەتیش دەكەیتەوە!
تا زووە فریاكەون
* كوڕە كوردێك لە كوردستان و كچە كوردێك لە ئەوروپا، لایڤیان كردۆتەوە كە ئەم جۆرەیان ئێجگار زۆرە، هەردوولایان قسەی ناشیرین و دوور لە دابونەریت بە یەكتر دەڵێن و دیالۆگێكی بێ ئاست و سێكسی دەكەن بۆ ئەوەی سەرنجی بینەرەكان رابكێشن و (گوڵ و مۆتە و شێر و دڵ و لایك)یان بۆ بكەن، ئەمەش بۆ كۆكردنەوەی بڕێك پارە. ئاستی ئەم جۆرەیان دەگاتە خۆ رووتكردنەوە و پیسایی بەیەكتر خواردن و جۆرەها بەناو (چاڵێنج) كە هەمووی قێزەونن!
* بەهیوام داواكاری گشتی هەرێم، زوو فریا بكەوێت و سنوورێك بۆ ئەم تیكتۆكچیانە دابنێت، چونكە كۆمەڵگەیان بەتەواوی شێواندووە و بەهایان بۆ خێزان نەهێشتۆتەوە و ترسی ئەوەشم هەیە ئەمجارە ببنە پەرلەمانتار!