گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەم شێوەیەش چارەسەر نابێت؟

10:53 - 2024-07-24
جەمال ئارێز
207 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز


ئەو سزایەی بەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا سەپێنراوە، چەندین لێکدانەوە و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا جگە لە تورکیا، نە دامەزراوەی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی و نە عیراق هیچ تێبینییەکی ئەمنییان لەسەر فڕۆکەخانەکە نییە، بەگوێرەی زۆربەی شرۆڤە سیاسییەکان ئەو سزایە، هێندەی (سیاسی و ئابووری) یە، هێندە پەیوەست نییە بە کایەی ئەمنییەوە! چونکە چەند جارێک لەلایەن دەزگای فڕۆکەوانیی عیراق و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عیراقیشەوە ئەوە پشتڕاست کرایەوە، ئەو فڕۆکەخانەیە هیچ گرفتێکی سیاسی و ئەمنیی نییە و لەڕووی تەکنیکیشەوە ملکەچی هەموو پێوەرەکانی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتییە.

گومانەکانی تورکیا بۆچی؟
گریمان تورکیا گومانەکانی خۆی لەلا بووەتە یەقین، خۆ دەبێت لەو حاڵەتەدا عیراق و هەرێم و وڵاتانی دیکەش ئەو دۆخە سەلمێندراوەیان لا ببێتە راستی و چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە!
هەنووکە گەشتی فڕۆکە لە نێوان سلێمانی بۆ هەریەک بەغدا و نەجەف و بەسرەدا هەیە، بەهەمان شێوە لە هەولێریشەوە بۆ ئەو شارانە و بەپێچەوانەشەوە. 
ئەی نابێت گەشتی فڕۆکەی هەولێر- سلێمانییش هەبێت؟ ئەگەر هێڵی ئاسمانی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق، لەبەر خاتری داهاتی خۆشیان بێت دەتوانن ئەو هێڵە دابنێن کە ئەوە چارەسەرێکی ناوخۆییە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا بەو پێیەی هەرێم بەشێکە لە عیراق، چونکە جگە لەوەی قازانج بە داهاتی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمیش دەگەیەنێت، قازانج بە هاووڵاتیانیش دەگەیەنێت. 

ئەو داهاتە لەبری ئەوەی بچێتە گیرفانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی قەتەر و ئوردن و ئیماراتەوە، دەچێتە گیرفانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی عیراق و هەرێمەوە

کێ رێگرە لە گەشتی لۆکاڵیی؟
ئەگەر گەشتی لۆکاڵیی هاوبەش لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر هەبێت، ئەوا وەک هەموو گەشتەکانی دیکەی نێوان ئەو شارانەی عیراق، کارێکی ئاساییە و ئەو داهاتە لەبری ئەوەی بچێتە گیرفانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی قەتەر و ئوردن و ئیماراتەوە، دەچێتە گیرفانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی عیراق و هەرێمەوە.
خەڵکێکی زۆر کاری بەپەلەی ئیداریی و بازرگانییان هەیە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و بەپێچەوانەوە، کە ماوەی نێوانیان بە فڕۆکە تەنها (17) خولەکە، ئەوەش جگە لەلایەنی پاشەکەوتی کات، تا رادەیەک لۆدیش لەسەر رێگەوبانی زەمینیی کەمدەکاتەوە، جگە لە پاشەکەوتی ماددی، چونکە ئەگەر کرێی تکتی گەشت بە فڕۆکەی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عیراق لە هەولێر یان لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا بۆ 50 خولەک بە (100) هەزار دینار بێت، ئەوا بۆ (17) خولەکی نێوان هەولێر – سلێمانی و بەپێچەوانەوە رەنگە (50) هەزار دینار یان شتێک زیاتر بێت.
کوردێک کە لە ئەوروپاوە دێتەوە بۆ هەولێر ئاساییە، بەڵام ئەگەر بیەوێت راستەوخۆ بێتە سلێمانی، بەهۆی سزای سەپێندراوی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە، دەبێت بە هێڵی ئوردن یان قەتەر یاخود ئیمارات گەشت بکات، ئەوەش نزیکەی دوو هێندەی کرێی گەشتەکەیانە لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە، بەوەش هاووڵاتییان زەرەرێکی زۆر دەکەن و نە عیراق و نە هەرێمیش وەک داهاتی ناوخۆیی شتێکی ئەوتۆ قازانج ناکەن. 

بەغدا ناتوانێت گوشار لە ئەنقەرە بکات؟
دیارە لێرەدا گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی دەوڵەتی عیراق هێشتا لەو پێگە بەهێزەدا نییە گوشار بخاتە سەر تورکیا، بەڵام خۆ دەتوانێت ئەو هێڵە لە ناوخۆی هەرێمدا بخاتەگەڕ، لەکاتێکدا بەگوێرەی رێککەوتنە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش بێت، ئەوا دەبێت هەرێم هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی بە‌غدا بکات، تا لەسەر ئەو بنەمایە عیراق بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، کەوابێ سەرەنجام بەغداش بۆخۆی لەڕووی ئابوورییەوە سوودمەند دەبێت.
ئاخۆ لەڕووی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ئەم رێوشوێنەدا هەیە و من نەیزانم؟ یان گوشارەکانی تورکیا هێندە کاریگەرن عیراق نەتوانێت بڕیارێکی لۆکاڵیی خۆی بدات بۆ کارێکی وا سادە و ئاسانیش؟ 
ئەگەر بەغداش نەیەوێت، ئەوا دەکرێت لە ئەزمڕ ئیێر و فلای ئەربیل بپرسین، ئێوەش ناتوانن هێڵێکی ناوخۆیی دابنێن؟ 

وتارەکانی نوسەر