خۆمانە و خێزانیی

توندوتیژیی زارەکیی

09:57 - 2024-08-11
رۆزا دڵشاد مەریوانی
132 خوێندراوەتەوە

(14)

پیاوەکە لە نۆرینگەیەکی قەرەباڵغدا لەبەرخۆیەوە هەر بۆڵەبۆڵێتی، پەلەیەتی نایەوێت چاوەڕێ بکات، بە دەنگێکی بیستراو هەندێ وشەی نەشیاو بە ژنەکەی دەڵێت لە بابەتی جنێو و سوکایەتی. ئەم نموونەیەش توندوتیژیی زارەکییە، بەداخەوە زۆرجار کاتێک باس لە توندوتیژیی دژ بە ژنان دەکەین ئەوەی لەلای زۆربەمان باوە وادەزانین تەنیا لێدان و ئازاردانی جەستەییە و لەبیری دەکەین توندوتیژیی لە چەندین فۆرمدا خۆی دەبینێتەوە. 
هاوکات ئەوەی وادەکات توندوتیژیی زارەکیی مەترسیدار بێت ئەوەیە زۆرجار پاساو بۆ ئەوجۆرە دەهێنرێتەوە، وەک ئەوەی بە ژنەکە دەوترێت «ئینجا چییە با ئەو قسانە بکات تۆ وەڵامی مەدەرەوە، خۆ بە قسە نامریت!» بەڵام نەخێر راستە بە قسە بە جەستە نامریت، بەڵام رۆژ بە رۆژ پارچەیەک لە رۆحت دەمرێت، هەر مرۆڤێک ژیانێکی لەو جۆرە بەسەر بەرێت مردنێکی بەئازار و خاو دەمرێت، زۆرجار بە پاساوی ئەوەی «خۆ لێینەداویت» ژنان بەرگەی ئەو ژیانە دەگرن، هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا و چیرۆکی ئەو ژنانەی توندوتیژیی جەستەییان بەرامبەر کراوە یان بەداخەوە کوژراون، دەبینین سەرەتا کەسەکە بە توندتیژیی زارەکیی دەستیپێکردووە، پاشان بە تێپەڕبوونی کات پەرەیسەندووە بۆ توندوتیژیی جەستەیی، بۆیە هەر ژنێک مێردەکەی بەردەوام بە جنێو و سوکایەتی رەفتاری لەگەڵدا بکات زۆر ئاساییە رۆژێک لە رۆژان لێیبدات یان دواجار بیکوژێت، چونکە دەستپێکردنی توندوتیژیی خاڵی سەرەتای هەیە، بەڵام کۆتایی نییە، کەسی توندوتیژ ناتوانێت بەسەر هەڵچوونەکانیدا زاڵ بێت و کۆنتڕۆڵیان بکات. 

 

 

وەک مرۆڤێک ناکرێت توندوتیژیی هەر جۆرێکی بێت قبووڵ بکەین، تەنیا لەبەر هەندێ پاساوی کۆمەڵایەتی و وابزانین رۆژێک دێت بەرامبەرەکەمان لەپڕ چاکدەبێتەوە

 

 

هەروەها بەڕای من توندوتیژی زارەکیی یەکێکە لە رەفتارە قێزەونەکان بەرامبەر بە مێینەیەک بکرێت، جا لەلایەن مێرد یان باوک و براوە بێت، چونکە وەک پسپۆرانی دەروونیی باسی لێوە دەکەن ئازار و برینەکانی جەستە زووتر چاکدەبنەوە وەک لە برینەکانی دەروون، بۆیە ئەو ژنەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت ماوەیەکی زۆری دەوێت تا دەروونی چاک دەبێتەوە و پێویستی بە چارەسەری دەروونیی و راهێنانەوەی کۆمەڵایەتییە تا بتوانێت جارێکی دیکە وەک مرۆڤێکی ئاسایی لەنێو کۆمەڵگەدا بژی.
دواجار وەک مرۆڤێک ناکرێت توندوتیژیی هەر جۆرێکی بێت قبووڵ بکەین، تەنیا لەبەر هەندێ پاساوی کۆمەڵایەتی و وابزانین رۆژێک دێت بەرامبەرەکەمان لەپڕ چاکدەبێتەوە، بەڵکو ئەگەری زیاتری هەیە پەرەبستێنێ بۆ مرۆڤێکی توندوتیژتر، ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە لەگەڵ خودی خۆماندا نەرمونیان بین و قبووڵی نەکەین هیچ کەسێک جەستە و دەروونمان بشێوێنێت.

وتارەکانی نوسەر