ئاڵا لەقەد باڵا، نەک وەک کاڵا

10:14 - 2024-12-18
جەمال ئارێز
51 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

نەک هەر رۆژی ئاڵا، بەڵکو هەر بیرکردنەوە لەوەی خەڵکی کوردستان ئاڵایەکیان هەبێت و بە شانازییەوە لە بۆنە نیشتمانییەکاندا سڵاوی لێبکەن، خەونێکی لەمێژینە بوو، خۆ ئەگەر زۆر رۆنەچینە مێژووی دوورەوە، ئەوا لە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کۆماری کوردستانەوە لە مەیدانی چوارچرای مهابادەوە کە سەرەتاکانی شکڵگرتن و بزاوتنی هزری نەتەوەیی رێکخراو بووە، ببووە خەونێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، بەڵام ئەو خەونە هەر بەخەون مابووەوە لەژێر سایەی داگیرکەرانی کوردستاندا.

دانپێدانانی رەسمی لە دەستووردا
ساڵی 2003 و لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عیراقەوە لەم بەشە رزگارکراوەی باشووری کوردستان بۆ یەکەمجار ئەو ئاڵایەی کە هەمیشە خەونێکی زیندووبوو و کەوتبووە ژێر تەپوتۆزی داگیرکاری و ترس و تۆقاندنەوە، بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە لەسەر هەموو باڵەخانە رەسمییەکانی هەردوو ئیدارەی پێشووی سلێمانی و هەولێر بە بڕیاری پەرلەمانی قۆناغی راگوزەری هەرێم هەڵکرا و ئەو خۆری ئازادییەی لە 1991-ەوە لە ئاسمانی هەرێمدا هەڵهاتبوو، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئەو پەڵە هەوری سڵەمینەوە لە وڵاتانی ئیقلیمیی لەسەر لاچوو، بگرە وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی دەستووری نوێی عیراق لە 2005دا وەک ئاڵای هەرێمی کوردستان لەسەرتاسەری عیراقدا بەڕەسمی دانی پێدانرا.

قەراربوو ئاڵا سیمبولی هەمووان بێت
مخابن دەبوو کایەی سیاسی و کارگێڕیی هەرێم لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵی رابردوودا هێندە خزمەتی بە دۆزی رەوای نەتەوەیی و نیشتمانی بکردایە لەڕووی سیاسییەوە کە خەڵکی کوردستان وەک هەر گەلێکی دیکەی جیهان، ئاڵای کوردستانیان وەک خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی خەڵکی بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانەوە خۆشەویست بکردایە بەجۆرێک ئاڵاکە لەقەد باڵای دەستکەوت و خزمەتەکان بێت، نەک لەلایەن هەندێک لایەنەوە بکرێتە کاڵا و پەخشکردنەوەی دروشمی باق و بریقی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێ ناوەڕۆک و بێ کردار.
پێموانییە لەناخەوە هیچ کوردستانییەکی نیشتمان پەروەر هەبێت ئاڵای کوردستانی خۆش نەوێت و میسری وتەنی لەدڵەوە (تعظیم سلام)ی بۆ نەکات، جگە لەوانەی دەیانەوێت رۆژێک بەناوی ئەوەی خۆرەکەی رەمزی مەجوسییەتە و هەندێکیش بەناوی ئەوەی هیچ سیمبولێکی تێدا بەدی ناکرێت کە ئاماژە بێت بە نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە، هۆکارەکەشی ئەوەیە هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی وا لەڕێگەی کار و خزمەتەوە لەلایەن بەشێک لە سەرکردایەتیی سیاسی بواری کارگێڕی نەدراوە بە هاووڵاتی کە ئاڵاکە بە رەمز و نیشانەی یەکێتیی نیشتمان و خەڵک بەهۆی نادادپەروەریی و سیاسەتی برسیکردنەوە.

حزبایەتی و ناوچەگەری
لەسەر ئاستی نەتەوەییش تائێستا زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی حزبە کوردستانییەکان لە هەرچوار پارچەی نیشتمان، چۆن بەهۆی سیاسەتی زاڵی حزبایەتییەوە لەسەر هیچ  بابەتێکی چارەنووسساز رێکنەکەوتوون، ئاڵاشیان کردووەتە قوربانی هەمان شێواز لە سیاسەتکردن، بۆیە بەداخەوە ئەگەر ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان نەکەوتایەتە ئەو گێژاوی حزبایەتییەوە، ئەوا نەدەبوو ئاڵا رۆژی بۆ دیاری بکرێت، بەڵکو دەبوو لە هەر کونجێکی ئەم جیهانە کە هاووڵاتییەکی کوردستانی لێیە،  هەموو رۆژێک رۆژی ئاڵا بووایە.

ئاڵایەک هەموو کوردستانیان شانازیی پێوەبکەن
بەو هیوایەی چۆن لە 2003 ئەو خەونە بە نیوەناچڵیش بێت هاتەدی، ئەوا لە داهاتوودا ئەم خەونەش بێتەدی و ئاڵای کوردستان هێندەی باڵای قوربانییەکانی نەتەوەکەمان بێت لە مێژوودا، نەک بکرێتە کاڵا و سەنگ و قورساییەکەی بکرێتە قوربانی حزبایەتی و ناوچەگەریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و نادادپەروەریی حکومەت. 

وتارەکانی نوسەر