رێبوار تەها و كەركوك

09:28 - 2024-08-15
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
164 خوێندراوەتەوە

جارێ یەكەم رۆژە، نە كاتی رەخنە و شكاندنەوەیە، نە كاتی ئەوەیە بڵێین فەرموو رێبوار تەها بە گۆچانە سیحرییەكەتەوە چیمان بۆ دەكەی، وتاری برادەرێكم خوێندەوە لیپ بوو لە رق لە رێبوار و حزبەكەی رێبوار، دەی حزبەكەی بەهەرحاڵ، خۆی بۆ؟! خوابكەم رۆژێ لەڕۆژان ئەو برادەرە نەچێتە دەرگاكەی پارێزگاری كەركوك.
رێبوار تەها گەنجێكی كەركوكییە، دوو خول ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووە، دەتوانێ داكۆكی لە خەڵكەكەی خۆی و لە شارەكەشی بكات، زۆر باشیش ئاگاداری مێژووی شارەكەیەتی، بۆیە دەكرێ ماوەیەك بواری بدرێت بزانین دەتوانێ چی بكات، بە باوەڕی من هەر بواردان نا، دەكرێت پشتگیریشی بكەین، خۆ شورەیی و كێماسی نییە مرۆڤ پشتگیریی هاوزمانێكی خۆی بكات، دەی دەكرێت لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیا سیاسییەكەشی بێ خۆبردنە پێشەوە و ماستاو، لەهەموو پێكهاتەكان راوێژكاری بوێر و بگۆی هەبێت، با لانیكەم لەم قۆناغەدا رێگەیەكی تر تاقیبكەینەوە، لە رابردوودا سیاسییەكان دەرهەق عەبدولڕەحمان مستەفا و دكتۆر نەجمەدین زۆر باش نەبوون، بۆ دەبێ ئەمە دووبارەبكەینەوە، لەكاتێكدا حەوت ساڵە هەموو هات و هاوارمانە.
كاتی خۆی دكتۆر نەجمەدین كەریم بە ئێمەومانانی وت دوو ساڵ سەبرم لێبكەن، دوو مانگ تێنەپەڕی هەرچی جنێوە پێیدرا، خودایە ئەم كوردە بۆ وایە، رۆژێ پێموت دكتۆر دەڵێن دزی دەكەیت؟ وتی: لەتیف من 12 ملیۆن دۆلار لە ژمارە بانكییەكەمدایە، تۆ بڵێی چاوم لە دزی بێت؟!، لێ كەس لەسەری نەوەستا، ئێستا رێبوار پارێزگاری كەركوكە، ئەوە یەكەم جارە لەمێژوودا رێبوارێكی بەناو كوردی دەبێتە پارێزگار، با بزانین شەش مانگی تر چی دەبێت، رێبوار پارێزگاری هەموو كەركوكییەكانە بەوانەشەوە كە سەنگەریان لێگرتووە، با هەوڵبدەین ئەم شارە بكەینەوە بەو شارەی شێخ مارف بەرزنجی و ئازاد هەورامی و ئەرپە و مامەڕیشە و هەموو شەهیدەكان خەونیان پێوە دەبینی، شارەكەی عەتا تەرزی باشی و عەلی مەردان و هابە و سەڵاح داودە و جاندەمۆو سەرگۆن پۆڵس و ئەسیری و فازڵ عەزاوی و تا دوایی.
من تا شەش مانگی تر هاوكار و پشتیوانم، دەمەوێ لەو شەش مانگەدا رێبوار تەها لە هەموو گەڕەكەكانی كەركوك و لای ماڵە هەژارەكان و لە هەموو شار و شارۆچكەكانی سەر بەو پارێزگایە ببینم، لێگەڕێن با رێبوار لە كاردا ببینین.
بە ئومێدی دوو ساڵی پڕ لە ئیش، ئەو پۆستەش پیرۆزە لەو كەركوكیانەی خەون بە ئایندەی باشترەوە دەبینن.

وتارەکانی نوسەر