کەرکوکییانە

کەرکوک و تیر و تانە

10:19 - 2024-08-27
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
120 خوێندراوەتەوە

لەدڵەوە حەزدەکەم کەرکوک ئەو شارەی هەمیشە خەمی من بووە بێ ئەوەی رۆژێ تیای حەسابێتمەوە، ببێتە نمونەیی ترین شاری نەک هەر عیراق بەڵکو تەواوی ناوچەکە،دڵنیام ئەگەر خاوەنی راستی و دوور لەبەرژەوەندیی هەبێت، ئاسانە ببێتە ئەوەی دەمانەوێت، چونکە شارستانیەتی هەیە، دیرۆک و کۆنینەی هەیە، سروشت و سیمای هەیە، قەڵا و خاسەی هەیە، لەهەموو ئەوانەش گرنگتر نەوتی هەیە، نەوت کە ئەگەر بەدەست پیاوی ئاوەز دارەو بوایە ئەو شارەی پێ دەکرد بە لاس فیگاس، بێ ئەوەی هەر کەس لای خۆیەوە ناوێکی لێبنێت و لە راستیشدا هیچ.
یەکێک لەکێشە هەرە سەرەکییەکانی کەرکوک ئەوەیە ئەوانەی دەیانەوێ خاوەندارێتی بکەن چاویان لە سەروەت و سامانەکەیەتی واتە ئەوان لە خەمی شار و خەڵکەکەدا نین ئەوەندەی لەخەمی بەرژەوەندیی خۆیاندان، ئەمەش خاوەندارێتی راستینە و خەمخۆر ون دەکات، یان ون دەبێت، خەیاڵی خستنی یەکتر خەیاڵی خەمخۆری شارەکە و هاوبەشی و پێکەوەیی نییە، ئەمە لەبری خۆشەویستی بێت بۆ کەرکوک رقە لەو شارە، کەسێک لەدڵەوە ئەو شارە و خەڵکەکەی خۆش بووێت، چۆن دڵی دێت کێشە لەناو خەڵکەکەیدا دروست بکات، ئەو شارە بۆ دۆشین نییە بۆ ژیانە، هەتا توانیان دۆشییان و دوایی بەربوونە وێزەی، ئێمە و مانانیش دەمان گوت، شارەکە گرنگە، من زۆر لەسەر بەشارکردنەوەی کەرکوکم نوسیووە، یەکەمین کاری بەشار کردنەوە گۆڕینی ئاوەزی سیاسییەکانە، دەکرێ لەبری ئەوەی بۆنی نەوت مەستیان بکات،خۆشی لە جوانی و بۆنی باخچەکان وەربگرن.
کوردەواری دەڵێن ئاوی کانیەکت خواردەوە لێڵی مەکە، یان پیسی مەکە، ئاوی کانی نا، هەیە بەشی بیرە نەوتێک خێر و بێری ئەو شارەی خواردووە، کەچی سەرقاڵی تیر و تانەیە و خۆیشی وەک فریادڕەس نیشان دەدا، فریادڕەس ئەوەیە، شار نەکاتە قوربانی خۆی، خۆ ئەگەر خۆیشی قوربانی بۆ شارەکە نادات، لانی کەم لەوانی دیکە بگەڕێت کارێک بکەن، نوقڵانە دان لەوەی هێشتا بسمیلا کەچی باسی شکست کردن، تیر و تانەیە، کەرکوک شارە هەوڵی دنیا درا بکرێتە گوند، لە شاری بخرێت، لێ هێشتا هیوای بەشارکردنەوە زیاترە، ئەمە کاری پێکەوەیی دەوێت، لێدانی یەک نەمامیش دەکرێت هاوبەشی بێت، نەک ئەوەی بە دۆنم زەوی لێ داگیر بکەیت، دواتریش بیفرۆشی و لەشوێنی تر شانی لێدابدەی و خەریکی تیرو تانە بی.
دەشێت هەریەکە و بەجۆرێک خزمەتی شارەکە بکەین، شار ئاسنگەر و دارتاش و تەکسی و پۆلیس و نووسەر و رۆژنامەوان و رەخنەگر و پاکەوان و نانەواو قەسابیشی پێویستە، هەندێک سیاسی پێیانوایە هیچ یەک لەوانە هەندەی ئەوان پێویست نین، ئەوانیش بۆ قسەی زل و تانە و تەشەر نەک ئەوەی لانی کەم دەبەیەکی بەتاڵ فڕێ نەداتە سەر شۆستەکە، چونکە شۆستە موڵکی گشتییە و کەسی نییە، هەیە شۆستەی بەر مۆڵە تەجاوزەکەشی دەفرۆشێت.

وتارەکانی نوسەر