لەم فەوزای بەناو سۆشیال میدیایەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە كەس نازانێت كێ میدیاكارە و كێ تیكتۆك چییە و كێ لایڤ کەرەوەیە!، كێ دەیەوێت پەیامی راستیی و بوێریی بگەیەنێت و كێ بە دوای ناهەقی و بوختانەوەیە؟ قورسە باس لە میدیایەكی سەنگین و حەق بێژی وەك رۆژنامەی كوردستانی نوێ بكەیت، لەبەرئەوەی لەو كۆمەڵگەیەی خۆماندا هەر زەڕنەقوتەیەك دەبینیت، مایك و لۆگۆی بەناو كەناڵێكی میدیایی پێیە و بە دوای وروژاندن و شكاندنی شكۆی تاكەكانی كۆمەڵگەوەیە، لە كاتێكدا كاری میدیای حەقیقی، رێك پێچەوانەی ئەمەیە، دەبێت میدیا بۆ خزمەت و دروستكردنی رای گشتیی بێت، پاشان کاری پاراستنی شكۆی تاكەكان و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگەبێت بە گشتی.
ئێمە كە ئێستا 33 ساڵ تێدەپەڕێنین بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی كە بەردەوامە لە دەرچوواندن، بە ئەسەفێكی زۆرەوە دەبێت ئەوە بڵێین میدیای راستگۆ و خاوەن بنەما ئیتیكییەكان لە گیانەڵادایە و ئەوەی هەیە تەنها فەوزایەكە بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە، بۆیە لەسەر میدیاكارە رەسەن و ئەكادیمییە شارەزاكان و دامودەزگا حكومیی و تەشریعییەكانە، بەرگریی لە میدیا سەنگینەكان بكەن و جارێكی دیکە پاڵپشتییان بكەن، بۆئەوەی ئەوان ببنەوە سەرچاوەی پێدانی زانیاری و هەواڵ، بۆ خزمەتی كۆمەڵگە، نەك تێكدانی كۆمەڵگە و ماڵوێرانی بۆ تاكەكان.
ئێمە ئەمڕۆ بە رێزەوە لە حزوری 33 ساڵ تەمەنی رۆژنامەیەكی سەنگین و خاوەن مەبدەئی كوردایەتی دەوەستین كە زیاتر لە 9000 ژمارەی لێدەرچووە، ئەو رۆژنامەیەی خوێندنگەی پێگەیاندنی هەزاران كادیری میدیاکار و ئەكادیمی بووە لە كوردستاندا، ئەو رۆژنامەیەی لەوەتەی هەیە بە نەفەسێك كاردەكات، ئامانجی خزمەتی هاووڵاتییە و بە درێژایی ئەو 33 ساڵە جگە لە خزمەتی كۆمەڵگە و گەیاندنی دەنگی خەڵك و خستەڕووی چارەسەر و ناچاركردنی بەرپرسانی (حكومیی و حزبی) بۆ هاتنە سەرخەت و چارەسەركردنی گرفتەكانی كۆمەڵگە، چەندین كاری دیکەشی كردووە، خۆم كە زیاتر لە 28 ساڵە لەو رۆژنامەیە كاردەكەم و لە هەڵەچنی، پەیامنێری، سەرپەرشتیاری چاپخانەوە هێناومە تا لێپرسراوی لاپەڕە، لێپرسراوی بەش، دواتر دەستەی نووسەران و سكرتێری نووسین، ئێستا جێگری سەرنووسەر، هەمیشە خۆم بە خزمەتكاری ئەو وشانە زانیوە كە لەو رۆژنامەیەدا بۆ خزمەتی هاووڵاتی و هۆشیاركردنەوەی تاكەكان نووسراوە و دەنووسرێت.
جێگەی خۆشحاڵییە بۆ من و هاوپیشەكانم لە كوردستانی نوێ، تائێستاش لە نێو كۆمەڵگە و شوێنە گشتیی، رەسمی و ناڕەسمییەكانیشدا، كە ناوی كوردستانی نوێ دێت، یەكسەر خەڵك سەنگینیی، بوێریی و حەق بێژییان بیردێتەوە، بە تایبەت كە لە ساڵی 1992ەوە هەر لە ژمارە (0)ی رۆژنامەكەوە كوردستانی نوێ پشت و پەنایەكی گەورەی هەبوو كە ئەویش مام جەلال تاڵەبانی بوو، لەبەرئەوەی خۆی وێڕای سیاسەتمەداریی و كاریزماییەكەی، رۆژنامەنووسێكی دێرین بوو، ورد و درشتی كوردستانی نوێی ئاگا لێبوو، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەنگی زیاتری بە رۆژنامەكە دابوو، بۆ ئێمەی رۆژنامەنووس كە كارمان لەو رۆژنامەیەدا دەكرد، هەمیشە بە رێنماییەكانی ئەو زاتە رۆژنامەكەمان ئاڕاستە دەكرد و بۆ ئێمە هەمیشە پشت و پەنا بوو، ئەمەش وایكردبوو كوردستانی نوێ هەمیشە بەم سەنگینی و كاریگەرییەی خۆیەوە بمێنێتەوە، ئێستا وێڕای ئەو فەوزایەی لە سەرەتای ئەم وتارەوە باسمان كرد، بەڵام هەر جێگەی متمانەی هاووڵاتییانە و بەهیوام وەك هەمیشە جێگەی ئومێدی هەمووان بێت.
*جێگری سەرنووسەری كوردستانی نوێ