ئێران و ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

09:52 - 2024-08-21
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
153 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئێران بە ئاگاترین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، لەکاتێکدا بەردەوام لە خۆگەورەکردنێکی لەسەرخۆ و نەرمیدایە، هاوکات هەمیشە خۆی دوورگرتووە لە جەنگی بێسوود و تاقەتپروکێن و ئەگەر وەڵامی هەموو هەڕەشەیەکی بە هێرش و پارچەکرداری بدایەتەوە، ئێستا خاوەنی ئەم پێگە و هەژموونە گەورە و کاریگەرەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوو.
ئەگەرچی ناوبەناو هەڕەشەی وڵاتان سەرنجمان دەباتە سەر جەنگێکی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە راستیدا بە ئەندازەیەکی زۆر دەبێت هەموان سەیری ئێران بکەین بۆ ئەوەی ئایندەی ناوچەکە دیاریبکات، چونکە دەتوانێت بڕیاری راستەوخۆ بۆ رەنگڕێژکردنەوەی بدات کە ئایا جەنگی دەوێت یان خۆرهەڵاتێکی دوور لە هەر جەنگ و پێکدانێکی کارەساتبار؟
وڵاتێکی هێندە بێ ئەزموون نییە کە بەبێ زەرب و تەقسیمێکی ورد و خوێندنەوەیەکی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، حساباتەکە لەسەر خۆی قورس بکات و پەل بهاوێژێت بۆ دروستکردنی جەنگێک کە دواجار کەس نازانێت ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات.

 

ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە روانگەی ئێرانەوە، ئایندەیەکی بێکێشەیە و خۆی لە دەرەوەی هەر جەنگ و پێکدادانێکدایە

تێڕوانینەکان لەو روانگەیەوە چاوەڕێی ئێران دەکەن بچێتە جەنگەوە کە هێڵە سوورەکانی بەزێنراوە، یان لەلایەن چەندان هێزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پەستانی لەسەرە بۆ چوونەناو جەنگ و وەڵامدانەوەی هەموو ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەری دەکرێت، بەڵام ئەو تارمایی و سێبەرانەش گرنگن کە لە پشتییەوە وەستاون و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین بەئاسانی بچێتە ناو جەنگێکی قورسەوە و لەدواجاردا باجێکی گەورەش بدات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر بچێتە هەر جەنگێکەوە، ئەوا پێش هەر شتێک رەنگە سیستمی سیاسی و دەوڵەتداری تیایدا زیانی پێ بگات و ئەوەش بە دڵی ئەمریکا و زۆرێکی وڵاتانی ئەوروپییە کە خەون بە کۆتایی ئەو سیستمە سیاسییەوە دەبینن ئەمڕۆ کە لەو وڵاتەدا هەیە و باڵادەستە.
پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ئێران تا ئەو رادەیە جەنگی دەوێت، لەلایەکەوە هەڵچوون و توڕەیی ناوخۆیی و هێزە دەرەکییەکانی نزیک بە خۆی دابمرکێنێتەوە، لەلایەکی تریشەوە لە سێبەری بێدەنگییەوە تۆڵەی خۆی بکاتەوە و قوربانییەکی کەمیش بدات. 
ئەمە ترسی ئێران نییە لە بەرامبەرەکانی، بەڵکو تێگەشتن و وریایی ئەو وڵاتەیە لەو دۆخەی کە هەیە و بۆی دەستنادات بچێتە جەنگەوە، بەمانایەکی دیکە هوشیاریی و دیپلۆماسیی و خوێندنەوەی بۆ دەستپێنەکردنی جەنگ زۆر زیاترە لەو داواکاریی و پەستانە گەورانەی دەخرێتە سەری بۆ دەستپێکردنی جەنگ.
دەتوانین بڵێین ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە روانگەی ئێرانەوە، ئایندەیەکی بێکێشەیە و خۆی لە دەرەوەی هەر جەنگ و پێکدادانێکدایە. ئایندەیەکیشە لەکاتێکدا رەنگە زۆرترین نەیاری هەبێت تێیدا، هاوکات زیرەکترین وڵاتە کە تا دوا چرکەی خۆڕاگریی و بەئاگاییەکی قووڵەوە نایەوێت هیچ جۆرە جەنگێک تاقیبکاتەوە و بەرەو دواڕۆژێکی خوێناوی ببات. 
گەورەبوونی لە ناوچەکەدا، پێچەوانەی زۆر وڵات و زلهێزی دیکەیە کە بە جەنگ و داگیرکاری هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆیی داوە، بەڵام ئێران بەپێچەوانەوە سوودی لە فراوانبوونی نەرم و هەژموونی دیپلۆماسیی و داکشانی سیاسییانە بینیووە بەرەو قوڵایی خۆرهەڵات و هەرگیز ئەوە لە خۆی تێکنادات. 

 

 

وتارەکانی نوسەر