رۆڵی دووانەی هاووڵاتی و هەڵبژاردن

10:08 - 2024-08-25
محەمەد مێرگەسۆری
171 خوێندراوەتەوە

دەنگدان ئامرازێکی گرنگ و بنەڕەتییە،  کە لەڕێیەوە هاووڵاتیان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت هەبێت، دەنگدانیش دەرفەت وهەوڵێکە بۆ ئەوەی تاک وهاووڵاتی کاندیدێک هەڵبژێرێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە دەستە هەڵبژێردراوەکاندا، کە یاسا ئامادە دەکەن لە هەندێک پۆستی بڕیارداندا.
گرنگیی هەڵبژاردن
زۆرجار دەنگدان لە چوارچێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنێکدا ئەنجام دەدرێت، کە لەسەر ئاستی نیشتمانی یان پارێزگا بەڕێوەدەچێت، شایانی باسە کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی یان شارەوانییەکان هێندەی هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانی نیشتمانی یان ناوچەیی گرنگە.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 1948،کە بە رەزامەندی نزیکەی کۆی دەنگ لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکرا.
لە مادەی 21ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە کە؛
- هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتەکەیدا بکات، چ راستەوخۆ یان لەڕێگەی نوێنەری هەڵبژێردراوی ئازادەوە.
- هەر کەسێک بە یەکسانی لەگەڵ ئەوانی تردا مافی ئەوەی هەیە لە وڵاتەکەی خۆیدا پۆستی گشتی بگرێتەدەست.
- ئیرادەی گەل بنەمای دەسەڵاتی حوکمڕانییە و ئەم ئیرادەیە دەبێت لەڕێگەی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دەربکەوێت، کە جارجار بە مافی دەنگدانی گشتگیر ئەنجام دەدرێت، لەسەر بنەمای یەکسان لە نێوان دەنگدەران، بە دەنگدانی نهێنی، یان بە رێکارێکی هاوتا لەڕووی دەستەبەرکردنی ئازادی دەنگدان.
هەروەها رێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، میساقی رێکخراوی دەوڵەتانی ئەمریکا، جاڕنامەی ئەفریقا بۆ مافەکانی مرۆڤ و گەلان. هەموویان جەخت  لە مافی بەشداریکردنی هاووڵاتیان و رۆڵیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەنەوە. 
لە کاتێکدا مافی دەنگدان وەک یەکێک لە مافە سەرەتاییەکان ناسێنراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی بۆ ملیۆنان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان رێزی لێنەگیراوە. چەندین كەس و لە چین و تویژ و گروپی جیاواز لەو مافە بێبەشن، وەکو کەسانی غەیرە هاووڵاتی، گەنجان، هەندێک کەمینە، ئەنجامدەرانی هەندێک تاوان، تاکی ئاوارە و ئاوارە ناوخۆییەکان. هەروەها هەندێ کەس و گروپی تر کە بە هۆکاری جیاواز مافی دەنگدانیان لێ زەوتکراوە، لەوانەش هەژاری، نەخوێندەواری، گۆشەگیری، ترس، و رێکارە نادروستەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، گەشەی ئەو رێکخراوانەی چاودێری هەڵبژاردن دەکەن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی رەتکردنەوەی مافی دەنگدان. حکومەتەکان بەرەو رووی تەحەدای جۆراوجۆر دەبنەوە لە بەدیهێنانی مافی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە وەک لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، رێکخراو ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار بەچاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، کە رەنگە فۆڕمی جیاوازیان هەبێت، جا گروپە ناوخۆییەکان بێت یان تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەندییان بە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان هەیە، هاوکاری حکومەتەکان و لایەنە ناوخۆییەکان دەکەن، بە مەبەستی کارکردن لەسەر رێکخستن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بە چاودێریکردنی پرۆسەیەکە لە سەرەتاوە (پەروەردەی دەنگدەران، کاندیدەکان، هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئامادەکاری بۆ پرۆسەی دەنگدان) تا قۆناغی ژماردنەوەی دەنگەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان. دانپێدانانی گروپەکانی چاودێری هەڵبژاردنەکان کە پرۆسەی هەڵبژاردن ئازاد و دادپەروەرانە بووە، شەرعیەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدات.
دەرئەنجامی سیاسی
بەدەستنەهێنان و نەبوونی ئەو جۆرە شەرعیەتدانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا، بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئازاد و دادپەروەرانە نەبوون، رەنگە دەرئەنجامی سیاسیی و ئاڵۆزیی و مەترسیداری هەبێت، چونکە دەکرێت ئاژاوە دروست ببێت یان شەڕی ناوخۆی لێبکەوێتەوە.
هاووڵاتی و بەتایبەت گەنجان رۆڵی گرنگ  و (یەکلاکەرەوەDecisive - ) دەگێرن لە  بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیری هەڵبژاردن، ئەمەش لە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای سەردەمی پەیوەندیکردن، وەک سۆشیال میدیا (تویتەر، فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئەپ و....هتد)، هەروەها بۆهاندانی هاووڵاتیان و گەنجان بۆ بەشداریکردن و بۆ سەرکەوتنی  پرۆسەی هەڵبژاردن، هەوڵدەدرێ لە رێگەی دروستکردنی تیمی کاتی گەنجان کە لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە سەرپەرشتی دەکرێن یان هی حزب ولایەنی سیاسی، بۆ ئەوەی هاووڵاتی و گەنجان بتوانن بەشێوەیەکی فراوان و هەمەلایەنە مامەڵە لەگەڵ تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بکەن، لەلایەكی ترەوە ئەم  پلاتفۆرمانە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕن، بەو پێیەی پلاتفۆرمگەلێکن کە لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا کەڵک وەردەگرن و سوودیان لێ وەردەگیرێت، بەهۆی ئاسانیی بەکارهێنان و گرنگیدانیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و پەرەپێدانی ریکلام و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئێستادا.

 

هەڵبژاردنی ناوخۆیی یان شارەوانییەکان هێندەی هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانی نیشتمانی یان ناوچەیی گرنگە

 

کاراکردنی رۆڵی هاووڵاتیان
سەبارەت بە چۆنێتی کاراکردنی رۆڵی هاووڵاتیان بە گشتی و بەتایبەت گەنجان لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گرنگە  ئاماژە بەو خاڵانە بدەین:
1 - رۆڵی ئەوان زیاتر لە رێگەی تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە دەردەكەوێ، بەو پێیەی کە ئامرازێکی گرنگە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتی لە هەموو ئەو پرس و بابەتانەی، کە لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا لەم قۆناغە گرنگەدا جێی بایەخ و هەڵوێستە لەسەرکردنن، هەروەک ئامرازێکی سەرەکین بۆ پەیوەندیکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبژاردن لە  سەرچاوەی دروست و متمانەپێکراو. 
2 - رۆڵی ئەوانە، لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمانەوە، روونکردنەوە لەبارەی هەموو ئەو پرس و بابەت و کێشە وگرفتانە بدەن،  لەم ماوەی بانگەشە و هەڵمەتە و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، کە لە چێوەی هەواڵە نادروستەکاندا دەردەچن و بانگەشەیان بۆ دەکرێت.
3 - رۆڵی ئەوانە کە درێغی نەکەن  لە چەسپاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبوون، بە هۆشیارکردنەوەی دەنگدەر لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگە و وڵاتەکەی بە هەڵبژاردنی گونجاوترینی  کاندیدکراو.
4 - پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی ئەو کەسانەی کە شارەزای پرۆسەکە نین، یان لە بایەخی پرۆسەکە وبەشدارینەکردن نەگەیشتوون.
هۆشیاریی کەلتوری بەشداریی سیاسیی
ئەم هەوڵە دەرفەتێکیشە بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاریی کەلتوری بەشداری سیاسیی لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا. هەروەها کەلتوری مافی هاووڵاتیان بەهێز دەکەن وەک لە دەستووردا زامن کراوە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی و لێبوردەیی لە کۆمەڵگەدا.
بۆیە بەشداری هەڵبژاردن بەو مانایەیە، کە هاووڵاتی درک بە گرنگی رۆڵی خۆی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات، بزانێت چۆن کاندید هەڵبژێرێت لە رێی بەرنامەی هەڵبژاردنەوە کە باشترینە بۆی و دیدگای خۆی بەپێی خواستی خۆی دیاری بکات، ئەمەش پێویستی بە  پەرەپێدان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی راهێنان و هۆشیاری تاک وکۆمەڵگەیە.

وتارەکانی نوسەر