کۆچی گەنجانی دەڤەری راپەڕین بۆ دەرەوە

10:18 - 2024-12-29
وتار
136 خوێندراوەتەوە

بورهان رەمەزان

کۆچکردن لە دێر زەمانەوە بوونی هەبووە، دەتوانین بڵێین کۆچکردن رەگوڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، لەو کاتەوە سەری هەڵداوە کە مرۆڤ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، یان لە وڵاتێکەوە کۆچی کردووە بۆ وڵاتێکی تر، دەکرێت بڵێن کۆچکردن بە چەند هۆکارێک ئەنجام دەدرێت، ئەویش جاری وا هەیە مرۆڤ بۆ ئەوە کۆچی کردووە کە لە ژیانێکی ناشایستەدا ژیاوەو و ویستوویەتی بگاتە ناوچەیەک، کە بتوانێت ژیانی خۆی بەرەو پێشەوە بەرێت و لە ژیانێکی شایستەدا ژیان بکات، لە هەمان کاتیشدا پاڵنەرێکی دیکە هەیە، مرۆڤ پاڵبنێ بۆ ئەوەی کۆچ بکات، کە ئەویش رزگاربوونە لە ژێردەستەیی و لەو زوڵم و زۆرەی کە لەلایەن دکتاتۆرێک یان سیستەمی حکومەتێک لێی دەکرێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر کۆچکردن بۆ ئەوەی بگاتە ناوچەیەکی تر یان وڵاتێکی تر، بۆ ئەوەی هەناسەیەکی ئازاد، ژیانێکی سەربەست بژی.

بووە بە دیاردە
 لە هەرێمی کوردستاندا کۆچکردن لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە، دیاردەی کۆچ دیسانەوە لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەکی تر جیاوازییەکی زۆری هەیە، بۆ نموونە دەڤەری راپەڕین ئەو ناوچەیەیە، کە لە رێژەی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا پشکی شێری بەرکەوتووە، ئەمەش بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە دەڤەری بیتوێن و پشدەر لە هەموو سەردەمەکاندا رۆلێکی بە رچاویان هەبووە لە بەگژداچوونەوەی دووژمنانی کورد، بەڵام دەبینین ئەم ناوچەیە وەکو پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و حکومەتی هەرێمی بەرنامەو پلانی خزمەتی قوڵی نەبووە بۆ ئەم ناوچەیەو دەبوایە دەڤەری راپەڕین دەستەخوشکی پاریس بوایە، چونکە شۆڕشی فەرەنسی و راپەڕینە مەزنەکەی کورد یەک ئامانجیان هەبووە، ئەویش مەسەلەی ئازادبوون و بووژانەوەیە، بەڵام بەداخەوە نەک راپەڕین بووژێنراوەتەوە بەڵکو خنکێنراوە، ئەجێندای سیاسی وایکردووە کە ئەم ناوچەیە بێبەش بکرێت لە بوونی هەلی کار، ئەمەش بێ پلانیی حکومەت دەردەخات.

ناوچەیەکی ستراتیجی گرنگ
 سنووری راپەڕین، سنورێکی ستراتیجی گرنگ و خاکێکی بە پیت و هەڵکەوتەی جوگرافی لەبارە بۆ هەموو ئەو کەرتانە و دەشێت، حکومەت دەتوانێت پێداویستی و خواستی گەنجانی تێدا پڕ بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە دەڤەری راپەڕین لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پشتگوێ خراوە لە هەموو رووەکانەوە .
گەنج بۆچی سەر هەڵدەگرێت، هەمدیسان دەکرێت شرۆڤەی ئەوە بکەین، کە گەنجانی ئەم هەرێمەو بەتایبەتتر گەنجانی دەڤەری راپەڕین، کە قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکەن، دەبێت لە ماڵەوە دابنیشن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە حکومەت و بەتایبەتی وەزارەتی پلاندانان  هیچ پلانێکیان نییە، ئەم تەزەخوومەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان چارەسەر بکات، جا لە کەرتی تایبەت بێت یان حکومەت، بەڵام بەداخەوە نە لە حکومەت چارە دەکرێت و نە لەم سنوورە کەرتی تایبەت هێندە گرنگی پێدەدرێت، ئەگەر نا حکومەت پشتگیری بازرگانانی کردبایە تاوەکو سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و هەلی کاریان رەخساندبایە ئەوا بەشێک دەبوو لە چارەسەر. 

کەرتی گەشتوگوزار ببێتە ئەولەویەت
دەکرێت بڵێن هەرێمی کوردستان، لە رووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە هەڵکەوتەیەکی لەبارە، کە بتوانرێت سودی لێ ببینرێت، بۆ ئەوەی کەرتی گەشتوگوزار ببێتە ئەولەویەتی سەرەکی بۆ دابین کردن و وەدەستخستنی سەرچاوە داراییەکان، دەڤەری راپەڕینیش ناوچەیەکی زۆر گونجاوە بۆ کەرتی گەشتوگوزاریی و لەو رێگایەشەوە حکومەت دەتوانێت هەلی کار بدۆزێتەوە بۆ گەنجان. 
دەکرێت بڵێین لایەنی دووەمی کۆچیش بوونی هەیە، ئەویش چاولێکەرییە، بە نموونە کەسێک دەڕوا بۆ ئەوروپا، بەڵام لەولاوە دراوسێکەی هەست دەکات ئەمان کەسێکیان ناردووە بۆ وڵاتێک کە خێر و بێرەکەی زیاترە، ئەوانیش چاو لەوان دەکەن و بگرە ئەو کەسەی کە کۆچ دەکات ئیشیشی هەیە یان دامەزراوە، بەڵام دەکرێت بڵێن هەڵپەی زیاتری پەیداکردنی داراییەتی، چونکە وتمان کۆچ بە زۆری لە ناو گەنجەکاندایەو کاتێک کۆچ دەست پێدەکات بە زۆری چینێک دەگرێتەوە، کە ئەویش چینی گەنجانە، چونکە هیواو ئاواتی گەنجان زۆرە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان بەردەوام لە هەوڵداندان.
کۆچ لەدەستدانی وزەو هێز و تاقەی گەنجان دەگەیەنێت، کۆمەڵگاش بەرەو کۆمەڵگایەکی پیری دەبات، ئەمە لەلایەک، لە لایەکی ترەوە ئەم توێژە بۆ هەموو کەرتە جیاوازەکان پێویستە لە رووی سەربازی و پەروەردەیی و تەندروستی و هتد، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار پەراوێزی کردوون، کاریگەریی ئەم کۆچەش لە چەند ساڵی ئایندەدا دەردەکەوێت.

کۆچی گەنجان وەک دیاردەیەک

وتارەکانی نوسەر