دەرفەتی کار بۆ دەرچوانی راگەیاندن

09:44 - 2024-08-26
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
406 خوێندراوەتەوە

محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

گرنگە دەزگاكانی راگەیاندن مەرجی سەرەكی پێدانی کار بکەن بە بڕوانامە و لێهاتوویی، هەروەها بوونی شارەزایی لە بنەما و ئیتیكی كاری راگەیاندندا

ساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان، سەدان خوێندكار بەشەكانی راگەیاندن و تەكنیكی میدیا بەشێوەی ئەكادیمی تەواو دەكەن و دەبنە خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم و بەكالۆریۆس لە بوارەكەدا، بەڵام بە زەحمەت دەتوانن دەرفەتی كاریان دەستبكەوێت لەو دونیا فراوانەی كە لەبواری میدیا و راگەیاندندا هەیە.
مەرجەكانی بەردەم دەست كەوتنی هەلی كار بووە بەگرفت بۆ دەرچوانی ئەو بوارە، لەوانەش مەرجی ئەزموونی كار بە پلەی یەكەم و زانینی زیاتر لە زمانێك بە پلەی دووەم و زۆر لە حاڵەكاتی دەگمەندا بڕوانامەش یەكێك لە مەرجەكان دەبێت.
دامەزراوەكانی راگەیاندن بە هەر سێ جۆری (بینراو، بیستراو و چاپكراو)ەوە، دەبێت ئەو پرسیارە بكەن، دەرچوو چۆن ئەزموونی هەبێت لەو بوارەی كە خۆی تێدادەبینێتەوە، تاوەكو پێشتر دەرفەتی كاری بۆ نەڕەخسابێت و دەستی نەگیرابێت؟ ئەوە مەرجی هەر دامەزراوەیەك بێت، چۆن ئەزموون پەیدا بكات؟ هەروەها چۆن بتوانێت لە رێگەی پرۆگرامی قۆناغەكانی خوێندنەوە، زیاتر لە زمانێك فێربێت لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان لە خوێندنی كوردی بە ئەستەم خوێندكار فێری زمانی دیكە دەبێت؟
گرنگە دەزگا هەمەچەشنەكانی راگەیاندن، مەرجی سەرەكی بكەن بە بڕوانامە و لێهاتوویی، هەروەها شارەزا لە بنەماو ئیتیكی كاری راگەیاندن مەرجێکی دیکەبێت، بۆ ئەوەی دەرچوان لە هەلی كار بێبەش نەبن و جیاوازی ئەوەش بێتە ئاراوە كە دەرفەتی كار لە دامەزراوەكانی راگەیاندن زیاتر بۆ ئەو کەسانە بێت کە راگەیاندنیان بە ئەکادیمی خوێندووە.
پێدانی كار بە كەسانی ئەكادیمی وادەکات كەمتر دامەزراوەكە تووشی دەرچوون لە یاسا و ئیتیكی راگەیاندن بێت، بەهۆی شارەزایی و ئاشنابوونی کەسەکە بە یاسا و بنەما ئیتیكییەكانی كاری راگەیاندن و رۆژنامەنووسی.

وتارەکانی نوسەر