گەنجان لە هەرێمی كوردستان لە پێناو ژیانێكی باشتر و شایستەتردا، دەبێت دەست لەناودەست هاوكار و پشتیوان بن بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی، تا كۆتایی بە چاوەڕوانی هەلی كار و دامەزراندن و لە باربردنی هیواكانیان بهێنرێت.
گەنجان شادەماری گۆڕانكارییەكانن، رۆڵگێڕی سەرەكین لە بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەو دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان و كەسوكاریان
گەڕانەوە بۆ كابینەی شەشەم و حەوتەم
پاش هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/9/2009، رێكەوتن لە نێوان یەكێتی و پارتی کرا لەسەر پێكهێنانی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم، كە بەوجۆرە بوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو ساڵی یەكەمی كابینەكە، پۆستی سەرۆكی حكومەتی لابێت، دوو ساڵی دواتریش كە وەك كابینەی حەوتەم تەشكیل كرا پۆستی سەرۆكی حكومەت درایە پارتی، كە بەدیاری كراوی ساڵانی 2012 بۆ 2014 بوو، كە ئەو دوو كابینەیە لە خزمەتكردندا تەواو پێچەوانەی یەكتری بوون، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی كە كابینەی حەوتەم ببێتە نۆبەرەی كابینەكانی دواتر بۆ هاتنەئارای نەهامەتییەكانی هاووڵاتیان
یەكێتی و كابینەی شەشەم
دوای ئەوەی یەكێتی بەپێی رێكەوتن، پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت لە كابینەی شەشەمدا، سەردەمێكی نوێ و گرنگ هاتە ئاراوە، كە توانی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا دامەزراندن و رەخساندی هەلی كار و دەستپێكردنی پرۆژەكان و پێشینەكانی خانووبەرە بچێتە ئاستێكی باڵاوە، جیا لەوەش خوێندكارانی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان لە پاش تەواوكردنی خوێندن بۆ ماوەی شەش مانگ و مانگانە وەك دیاری بڕە مووچەیەكیان پێ دەدرا، تاوەكو دەرفەتی كار یاخود دادەمەزراندنیان بۆ دەڕەخسا، بەڵام ئەمە درێژەی نەكێشاو پاش كۆتاییهاتنی وادەی كابینەكە، و پێكهاتنی كابینەی حەوتەم و كابینەكانی دواتر، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و گەنجان پێی نایە قۆناغێكی خراپەوە كە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.
گەنجان و كابینەی هەشتەم و نۆیەم
بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان و پێكهاتنی كابینەی هەشتەم، هەروەها لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پاش هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018، بەهۆی درووشمەكانی ئۆپۆزسێۆنەوە گەنجان لە كۆی ناوچەكان، هیوایان لەسەر هەردوو كابینە هەڵچنی بوو، بەڵام نەك هیوا بۆ ئایندەیەكی باشتر و كرانەوەی دەرگای خێر و خۆشی و بەڕوویاندا، بەڵكو گەیەنرانە لوتكەی بێ هیوایی لە حكومەت و حكومڕانی كوردی. كە مخابن پاش قوڵبوونەوەی بێ كاری و دانەمەزراندن، گرفتی مووچەو پەككەوتنی بازاڕی كار و ئاوڕنەدانەوە لە ژیان و گوزەرانیان، زیاتر ناچاربوون كوردستان بەجێ بهێڵن و روو لە وڵاتانی ئەوروپا بكەن، كە بەداخەوە حكومەت ئاسا و بێباكانە دەریاكانیش رێگربوون لە بەردەم بەدیهاتنی هیواكانیان.
لایەنی نوێش تاقیكرایەوە
بە ئامانجی دەستخستنی دەرفەتی كار و دامەزراندن و بەهێزبوونی بازاڕی كار، كچان و كوڕان بە دەنگەكانیان لایەنی نوێشیان تاقی كردەوەو قایلی دروشمەكانیان بوون، بەڵام كابینە لە دوای كابینە، ژیان و گوزەرانیان برایە قۆناغێكی خراپتر و ئاڵۆزترو، لایەنە نوێکان نەیانتوانی رۆڵێكی ئەرێنی و گرنگ بگێڕن لە باشتركردنی بارودۆخی گەنجان و پێداویستی و داخوازییەكانیان، بەڵكو تەنها درووشمەكانیان بووە هۆی بێ ئومێدكردنی گەنجان و گەشتنی خۆیان بە دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانیان.
گەڕانەوە بۆ سەردەمی خۆشگوزەرانی
گەنجان شادەماری گۆڕانكارییەكانن، رۆڵگێڕی سەرەكین لە بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەو دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان و كەسوكاریان، بۆیە دەبێت پێكەوە دەست لەناو دەست پشتیوانی سەرۆكی یەكێتی بن لە راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی، رێگربن لەوەی چیتر چارەنووسی هەرێمی كوردستان و گەنجان و خەڵكەكەی، نەخرێتە دەست حزبی بچوك بچوك و لایەنێك; كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا مامەڵەی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی پێوەدەكەن. راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە تاكە چارەسەرەو، گەنجان و خەڵكی كوردستانیش دەبێت لۆژیكانەو روانین و پشت ئەستوور لە مێژوو و خەبات و سیاسەتی واقعی لایەنەكان، حزبی سیاسی هەڵبژێرن بۆ حكومڕانیی و دەربازبوونیان لەم دۆخە نەویستراو و درووستكراوە.