پەروەردە لەناو پرۆسەی پەروەردەدا

10:12 - 2024-12-17
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
56 خوێندراوەتەوە

‎‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

 

ئەوەی گرنگە هاوشانی زانست و مەعریفە، هەوڵبدرێت بۆ پەروەردەكردنی فێرخواز لە كۆی ئیتیكەكانی رۆژانە و مامەڵەی دروستی پێكەوەیی و رەوشت و ئاكار


 

پەروەردە پرۆسەیەكە بۆ بە دەستهێنانی كوالێتی زانست و زانیاری، كارامەیی و بەهاو رەوشت، یاخود رێگەیەكە بۆ بوونیادنانی تاكی پێشكەوتوو و لێهاتوو و خاوەن زانست و مەعریفە و رەوشت بەرز، لەم ساڵانەی دواییدا و لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەکی زۆر دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەمان هەیە، بەڵام بە شێوەیەك لەچاو ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و دوو هەزارەكاندا ئاستی خوێندکاران پاشەكشەی كردووە لە رووی كوالێتییەوە، لەبەرئەوەی ئەوكات لە پەروەردەدا فێرخواز فێردەكرا و پەروەردەش دەكرا، خێزان کەمتر خەمی منداڵەكەی بوو، لەبەرئەوەی پەروەردە و پرۆسەی خوێندن لە ئاستێكدا بوو، جگە لە فێرکردن منداڵان و فێرخوازانی تا كۆتا قۆناغی پرۆسەی خوێندن پەروەردە دەكرد.
ئەم پەروەردە كردنە لە نێو كۆمەڵگە و مامەڵەكردنی تاكەكان لەگەڵ یەكدی رەنگدانەوەیەکی جوان و ئەرێنی دابووەوە، ئێستا بە جۆرێك پەروەردەکردن لە نێو پرۆسەی پەروەردەدا پاشەكشەی كردووە، فێرخواز هەڕەشە لە مامۆستا دەكات، كەلێن كەوتۆتە نێوان رێزی خوێندكار بۆ مامۆستا، خێزان لە ئاستێكی دیكەدا پشت بە پەروەردەی منداڵەكانی دەبەستێت لە پرۆسەی خوێندندا، كۆمەڵگە جیاواز لە جاران سەیری ناوەندەكانی خوێندن دەكات لە بونیادنانی تاكێكی پڕ لە كوالێتی و رۆشن فكر لە كۆی بوار و كایەكانی دیكەی ژیاندا.
‎بەم دواییانە زیاتر كار كراوە بۆ كوالێتی زانست و زانیاری، ئەویش بە جێبەجێکردنی سیستم و هێنانی پرۆگرامی دیكەی وڵاتان بۆ خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام  نەگونجاوە لەگەڵ پرۆسەی خوێندن و هەلومەرج و ژینگەی نێو قوتابخانەكاندا، ئەوەی گرنگە هاوشانی زانست و مەعریفە، هەوڵبدرێت بۆ پەروەردەكردنی فێرخواز لە كۆی ئیتیكەكانی رۆژانە و مامەڵەی دروستی پێكەوەیی و رەوشت و ئاكار، لەبەرئەوەی ئەگەر زانین مامەڵەی جوانی لەگەڵدا نەبێت، كۆمەڵگەیەكی زانا و خاڵی لە رەوشت بەرهەمدێت، كە سەرئەنجام رەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگە، لە كۆتاییدا گەڕانەوەی شكۆ و رێز بۆ مامۆستا و دەستكراوە كردنیان لە پەروەردەكردن و فێركردن، لە ساڵانێكی كەمدا كۆمەڵگە دەچێتە ئاستێكی پێشكەوتووتر و بەهێزترەوە.

وتارەکانی نوسەر