کەرکوکییانە

کەرکوکی دڵشکاوان

10:10 - 2025-01-07
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
93 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 


ساڵ وەردەچەرخێ و گەڵای تەمەن دەوەرن و ژمارەیەکی نوێ دەبێتە دیرۆکی فەڕمی، ئێمەش بەردەوامین لە نوسینەوەی ئازاری کەرکوکییانە، رەنگە بۆ ساڵی دادێ بیر لەوە بکەمەوە شێوازی گۆشەکە هەندێک دەستکاری بکەم، ئەمە ئەگەر هاوڕێیانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ لێم قەبوڵ بکەن، وێڕای ئەوەی خودا هەڵناگرێ باسی سەردەمێکی دوورتر ناکەم، لێ چەندین ساڵە دەستکاری وشەیەکم نەکراوە، گەر تووندیش بووبێت، ئێ ئەمنیش ئەوە پتر لە سی ساڵە لەو رۆژنامەیە دەنووسم، رەنگە یەکەمین بابەتم بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993، گەر پێشتریش هیچم نەوەشاندبێت.
لەو رۆژنامەیە زۆرترین شەڕم لەسەر کەرکوک کردووە، ماوەیەکیش بەرپرسی مەلەفی مادەی 140 بوومە، لەگەڵ ئەوەشدا کەرکوک بۆ من لە کەرکوک بۆ شێخ رەزای تاڵەبانی و زۆری دیکە باشتر نەبووە.
 ساڵی 2003 بارگەم لێکناو چوومەوە وێندەر، هەرچیم لە دەست هات کردم، تەقینەوە و بێ جێگە و رێگەیی و دڕک و داڵی سەرەڕێ، هەندێک کشانمیانەوە بۆ چەمچەماڵی شاری شەهید و ئەنفال، لە کەرکوک بەوەی هەمبو و نەمبوو کەچە خانوویەکی قادسیەم کڕی، مانگێ دواتر عەرەبێک بە دوو منداڵی گچکە و سێ چوار کوردی تەمەندارەوە بە لوشکە لوشک پاڕایەوە کە کوڕەکەی ئەو کارەی کردووە و نایفرۆشێت، شتێکیشی لە پارەکە کەمتر گەڕاندەوە بۆم، بەڵێنامەی کڕینەکەم پێداو لێیدا رۆی، دواتر ناسنامەیەکیان بۆ ناردم گوایە لە پەنجا عەلی پارچە زەویەکیان داومەتێ، ‌ئێستا و ئەوجاش سۆراغی نەبوو، لە شۆراویش دیسان حەپەلوشکراوە و هێشتا لە دووی بێسەر و شوێنێکەی دەگەڕێم، کەرکوک هەی کەرکوک.
لە مانگی کۆتایی ساڵی 2024، دوو کەرکوکی مەزن لە دەرەوەی کەرکوک بە دڵشکاوی گەڕانەوە بۆ دیوانی ئێزدان، یەکیان دکتۆر ساڵح فاتیح ساڵح بوو کە بەداخەوە کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی لە بری ئەوەی بەناوی خۆیەوە بکرێتە بەشێ لە کتێبخانەی کەرکوک، بەڵام تەخشان و پەخشان کرا، ئەوی دی، دکتۆر حەسەن محەمەد عەلی کافرۆشییە، کە دکتۆرێکی دڵی باو و دەنگەو لە بەرلین کۆچی دوای کرد، ئەویش نازانم کتێبخانە و ئارشیفەکەی چی بەسەر دێت، خۆزگەم پارێزگاری کەرکوک یان لایەنگەلی پەیوەندیدار ئەو کەرکوکییە دڵشکاوانەیان پێش مردن بەسەر دەکردەوە، ئێستاش لەو تاراوگەیە ناوگەلی دیار هەن کە شارەکەیان لە مێژە لە بیری کردوون.
هاوڕێیەکم زۆر بە داخێکی قووڵەوە، باسی کتێبخانەکەی دکتۆر ساڵحی بۆ کردم، باسی دانسقەیی کتێبەکانیشی کرد، دکتۆر حەسەنیش لە شەستەکانەوە لە وڵات نەماوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە دیارەکانی بەرلین، رشتەی دڵ بووە، کوردێکی عەیار بیست و چوار و خەمخۆری کەرکوک بووە، بە مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی گوتووە، تۆبڵێی رۆژێ بچمەوە کەرکوک و سەنتەرێکی دڵچارە دابنێم، رەنگە جاری دیکە لەسەر ئەو زاتانە بنووسم، ئێستا خەیاڵم لای عەبدوڵا سەراج و جەبار ئاسۆیە.
* 29/12/2024 نووسراوە

وتارەکانی نوسەر