کەرکوکییانە

من و کەرکوک و کوردستانی نوێ

09:53 - 2025-01-14
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
46 خوێندراوەتەوە


لەم یەک دوو رۆژەی بەرێ لە دیواری واڵەکەی خۆم، لە دیواربەندی ئەو شوێنەی لە رێی میدیای زانستەوە لە کاغەزەوە بووە بە لاپەڕەی مۆبایل بە کورتی قسەو باسێکم لەو بارەیەوە کرد، کوردستانی نوێ ئەگەر بۆ یەکێتییەکان سەنگەری وشەو وەشان بووە، بۆ منێک کە خۆم بە غەوارە نازانم، سەنگەری رەخنەو دەردە دڵی کەرکوکییانە بووە، منێک بە ناسنامە کەرکوکی و لەیلانی، بە مناڵی دەشت و دەرپێوی و خەلەکانی، بە گەنجی و تا بەپیری چەمچەماڵی و بەبیرکردنەوە کوردستانی، لە کوردستانی نوێکەی یەکێتیدا، کە من پێموایە لە ماڵی یەک حزب گەورەترە، زۆرم لەسەر کەرکوک وتووە، لە بەردەم مامدا لەسەر کەرکوک زۆرم لە خۆم وروژاندووە، لە باجی حەق وتنیش باکم نەبووە، کوردستانی نوێ بۆ من سی ساڵ زیاتر تەمەنە، بیرمە یەکەم وتارم لە دوالاپەڕە بە ناوی ئەڵقەڕێزی ئەمنی ئابووری هاتە وەشان چ کەیفێکم پێهات، خۆ من پێشتریش لە هەشتاو هەشتەوە نووسینی بڵاوکراوەم هەبوو، لێ ئەوەیان بۆنی خودخاوەنی و ئازادی دەدا.
کوردستانی نوێ لە کۆکی و ناکۆکی مندا لە تەک خاوەنە فەڕمییەکەیدا وەک حزب، سەنگەری داکۆکی من بووە لە کەرکوکی کوردان، ئێستاش وەسایە، لە ساڵ بۆنەی ئەو رۆژنامە کاغەزیە بەڕومەتەدا وێڕای پیرۆزبایی سوپاسیان دەکەم کە لەم یادەدا منیان بیرهێنایەوە و رێزیان لێنام، جا ئەوێ رۆژێ کە لەو رۆژنامەیە وتارم بڵاوکردەوە عەگید و گەنج و جوان خاس بووم، ئێستێ خەریکە پیر و کەلەلا دەبین پتر لە سی ساڵ، سێ دەیە بە دەم ئاسانە.
کوردستانی نوێ و کەرکوک دوو ئاشناو ئازیز و لەبەر دڵانی منن، داخوا رۆژێ بێت ئەو کوردستانی نوێیە، هەموو دەردەدڵە کەرکوکییەکانی من کۆبکاتەوە و بیکات بە سیپارەی کەرکوک خوازی و بکەوێتە بەر دیدەی ئەوانی بە لاپەڕەی رۆژنامەکە رانەگەیشتون، من کە دەچمە ئەوروپا و لە نێو ئەو دنیا خێرا گۆڕاوەدا رۆژنامەی کاغەز دەبینم، کەم جار هەندێک رۆژنامە لە تەک خۆما ناهێنمەوە، دڵم بەو کاغەزەو بۆنەکەی خۆشە، خۆشم سەردەمانێک غەزەتەچی بوومە، بە کوردستانی نوێ و رۆژنامەی کاغەزی کوردییەوە شانازی ئەوە دەکەم ئێمەش قەڵەم و دیوانمان هەیە.
ئەوەی ئێمەش هەمانە، بەشێکە لە مێژووی غەزەتەی جیهانی، ئەوەی کاتی خۆی بروک کردی بە رەقیبی دەسەڵاتەکانی دیکە و ناوی نا دەسەڵاتی چوارەم، بە هەق رۆژنامە لەناو میللەتی زیندوودا دەسەڵاتی چوارەمە، جا قوربان ئێمەش زیندووین، زیندووین کە خاوەنی بەرخودانی مێژوو وەرچەرخێنەری کۆبانین، ئەو کۆبانیەی لە شوێنێکدا مێژووی بە شێوازێکی نوێ دەمەزەرد کردەوە، ئێستا کوردستانی نوێ چەقی وشەی کوردی و کۆبانێش چەقی تێکۆشانی جیهانییە، لە خۆڕا نییە ئەنجلینا جۆلیش شانازی پێوە دەکات، بەرتاقای قسەیەکی ماکرۆن یان ترەمپ بۆ کورد دڵم بە گوتەکەی جۆلی خۆشە.

وتارەکانی نوسەر