کەرکوکیانە

كه‌ركوكی ئازاد هه‌ورامی

10:15 - 2024-12-17
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
63 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 


له‌م رۆژانه‌ی به‌رێدا به‌ رێكه‌وت كتێبه‌كه‌ی ئه‌میره‌ محه‌مه‌دم به‌رچاو كه‌وت (ئازاد هه‌ورامی كه‌ركوكییه‌كی كوردستانی)، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ گرنگه،‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌كانی كاروانی بێ غه‌ل و غه‌شی كوردایه‌تییه‌، له‌ نێو نوته‌كیه‌كی فراواندا، ئازاد هه‌ورامی وه‌ك چۆن كه‌ركوكییه‌كی كوردستانی بوو، ئاواش هه‌ورامیه‌كی كه‌ركوكییه‌، من زیاتر له‌ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كتێبی كورد و كه‌ركو‌كم پێشكه‌ش بە دوو شه‌هید كرد، یه‌كه‌م ئازاد هه‌ورامی و دووه‌م فاخیری برام، له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نمه‌وه‌ سه‌رسامی ئازاد هه‌ورامی بووم، پیاوێك چه‌ك و میوزیك و گۆرانی و عیشق و هه‌موو جوانییه‌كی له‌ خۆیدا كۆكردبووه‌وه‌، هه‌مووشی بۆ ئازادی نیشتمان، چه‌ندین جارم له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ میرخاسه‌ نووسیوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی یه‌ك دوو بیره‌وه‌ریی چاپ نه‌كراوی دوو پێشمه‌رگه‌ی زۆر نزیكی خۆیم خوێندوه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ردووكیان زۆر جوانیان نووسیوه‌، ئازاد هه‌ورامی ده‌كرێت له‌ كه‌ركوك گه‌وره‌ترین پارك، یان جوانترین كۆڕنیشی به‌ناوه‌وه‌ بنرێت، ئه‌و شایانی هه‌میشه‌ مانه‌وه‌یه‌ له‌ یاده‌وه‌ریدا، ناكرێت له‌ كوچه‌و كه‌ناره‌كانی بیره‌وه‌ری كه‌ركوكییه‌كاندا بیر بچێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌قه‌ له‌ چه‌قی شار له‌و شوێنانه‌ی هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردندان پاركێكی گشتی به‌ ناوی رێی خه‌بات، به‌ ناوی گیتاره‌كه‌ی ئازاد هه‌ورامی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی مامه ‌ریشه‌ دوانه‌خرێت و فه‌رامۆش نه‌كرێت.
له‌ ناو بزاوتی رزگاریخوازی كوردیدا، ناوی دره‌وشاوه‌ی وا هه‌ن كه ئه‌سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌گه‌لی دیكه‌ كه‌سی وایان هه‌بن، ئازاد به‌ هیچ كلۆجێك له‌ چێ‌ گیڤارا كه‌متر نییه‌ و زیاتره‌، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ته‌ك چه‌ند دۆستێكدا باسی به‌راوردی چه‌ند شاعیرێكی شۆڕشگێڕم كرد، وتم سه‌یركه‌ن، سێ‌ شاعیری سێ‌ گه‌لی جیاواز هه‌ن كه‌ هه‌رسێكیان شۆڕشگێڕ بوونه‌، پاپلۆ نیرۆدا، خوسره‌وی گوڵسورخی، مه‌لا عه‌لییه‌كه‌ی خۆمان، به‌راوردی هه‌ڵوێست و ئازایه‌تیان بكه‌ن، ئه‌رێ‌ ئه‌و دووه‌ی دیكه‌ شان ده‌ده‌ن له‌ شانی مه‌لا عه‌لی، بێگومان نه‌خێر، مه‌لا عه‌لی شاخێكه‌ له‌وره‌و ئازایه‌تی، ئه‌و ده‌یه‌وێت لێره‌ش و له‌ هه‌ركوێی دیكه‌ش بۆ مرۆڤایه‌تی تێكۆشان بكات، ئه‌و زیندانیش وه‌ك گۆڕه‌پانی خه‌بات وێنا ده‌كات .
ئازاد هه‌ورامی وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر به‌ گه‌نجی له‌ مه‌یدانی تێكۆشاندا ده‌ركه‌وت، زۆر زووش بوو به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ زیت و وریاكانی كۆمه‌ڵه‌، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای نووسین و بیر و بۆچوونی جیاواز، له‌ زۆری دیكه‌، هونه‌رمه‌ند، شاعیر، سه‌ركرده‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی لێبورده‌و بیرفراوان و ئاشتیخواز، دۆستێك نامه‌یه‌كی ئه‌وی نیشاندام له‌سه‌ر گیر و گرفته‌كانی نێو كۆمه‌ڵه‌ و ئاڵای شۆڕش و ئه‌و رۆژگاره‌ كه‌ بۆ هاوڕێیه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی ناردوه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی، نوسیویه‌تی من هه‌رگیز له‌ ته‌ك ئه‌و جۆره‌ سزادانه‌ی هاوڕێكانماندا نیم، با ره‌خنه‌شمان لێیان هه‌بێت، له‌ كتێبه‌كه‌ی خاتوو ئه‌میره‌دا، لوقمانی مه‌لا ڕه‌حیم ده‌ڵێت كاك ئازاد له‌ پشووه‌كاندا هۆنراوه‌ی بۆ ده‌گوتین، یه‌كێك له‌و به‌یته‌ هۆنراوانه‌ به‌م جۆره‌ بووه‌ :
من له‌ داخی میلله‌تی كورد له‌ت له‌ته‌ جه‌رگ و دڵم 
ئه‌ژدیها ئه‌گرن به‌ قه‌د كێوێك و عیبره‌ت ناگرن 
ئه‌وه‌ لوتكه‌ی جیاوازیه‌كه‌یه‌ .

وتارەکانی نوسەر