كوردستان لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ترەمپ دا

09:53 - 2024-08-29
لەشکر حەمە ساڵح
225 خوێندراوەتەوە

چەند مانگێكی ترە و لە ئەمریکا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوە دەچێت. دۆناڵد ترەمپ كاندیدی بەهێزی كۆمارییەكانە و خاتوو كامالا هاریس-یش تا ئێستا كاندیدی بەهێزی دیموكراتەكانە و لەبری جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا دەچێتە كێبڕكێكەوە.
لە دەرفەتی دیكەدا باسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و كاریگەرییمان لەسەر وڵاتانی جیهان كردوە، هەروەك باسی ئەوەشمان كردووە تەنها خەڵكی ئەمریكا دەنگ بە سەرۆكەكەیان دەدەن لە كاتێكدا سەرۆكەكەیان زیاتر كاریگەریی لەسەر دەرەوەی وڵاتەكە هەیە تا ناوخۆی وڵاتەكە!
بەهەرحاڵ، ئەگەرێكی بەهێز هەیە كە ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ببێتە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكاش! ئایا بارودۆخی ناوچەكە و جیهان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ناوچەكە و جیهان چۆن دەبێت؟ وەك خولی پێشووی سەرۆكایەتییەكەی مامەڵە دەكات یان ئەویش ئەزموونی وەرگرتووە و مێژوو دووبارە ناكاتەوە؟
چەند مانگێكە، دروست لەو كاتەوە كە ترەمپ هەنگاوی جددیی ناوە بۆ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی، وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەستیان كردووە بە ئامادەكاری و خوێندنەوەی پێشهات و هەڵسەنگاندنی ئەگەرەكان، هاوكات هەندێك رووداویش دێنە پێش كە زیاتر لە زەمینەسازی دەچن بۆ گەڕانەوە ترەمپ.
دۆسێ جیهانییە گرنگەكانی وەك شەڕی ئۆكرانیا و تەنانەت شەڕی غەززە -ش، بێگومان لە پێشەوەی ئەولەویەتی سەرۆكە كۆن و نوێیە چاوەڕوانكراوەكەی كۆشكی سپیدا دەبن، بەڵام ئێمە لە كوردستان چیمان كردووە و خوێندنەوە و تێگەیشتنمان بۆ ئەو بارودۆخە كۆن و تازەیە چییەو چۆن هەڵسوكەوت دەكەین؟ هەروەك جاران خوا وەكیلی لێدەخوڕین یان كەمێك هەڵوەستە دەكەین و جددی مامەڵە دەكەین؟
لەوانەیە زۆركەس پێیان وابێت كوردستان بۆ ئەمریكا گرنگ نییەو ئامادەكاری كوردستان بۆ گەڕانەوەی ترەمپ خۆ خەریك كردنێكی بێ سوودە، لە راستیدا پێچەوانەكەی راستە. راستە كوردستان بۆ ئەمریكا گرنگییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام بە دیوی خۆماندا گرنگە خۆمان بۆ ئەو دۆخە ساز بكەین. لە خوولی پێشوودا ترەمپ سیاسەتێكی نوێ و جیاوازی هەبوو لە بەرامبەر ناوچەو دۆسێ هەرێمایەتی و جیهانییەكاندا، لە چەند وێستگەیەكدا پریشكی ئاگری ئەو سیاسەتە جیاوازەی ترەمپ بەر كوردستان -یش كەوت!. زیانەكانی ئەو قۆناغە كەم نین بەتایبەتی ئەگەر بە وردی بگەڕێینەوە دواوە!
ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی؛ بەهێزە. كوردستان لە كوێی هاوكێشەی ناوچەییدایەو چۆن وا دەكات كەمترین زیانی لە سیاسەت و بەرنامەكانی ترەمپ بەر بكەوێت؟ یان راستتر، سیاسەت و بەرنامەی ئەمجارەی ترەمپ چی دەبێت و تا چەند جیاواز دەبێت لە خوولی پێشوو؟ توندتر دەبێت یان كرانەوە و میانڕەویی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت؟ 
رەنگە زۆر كەس تاقەتی وروژاندنی ئەم باس و خواسەی نەبێت و گرنگی پێنەدات، بەڵام لە راستیدا پرسی هەرە گرنگی ناوچەكەو جیهان شتێك نییە، جگە لەو باسەی لە سەرەوە لێی دواین. كوشتنی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە ئێران رۆژێك دوای دەستبەكاربوونی مەسعود پزشكیان، سەرۆكی نوێی ئێران، چەند پەیوەندیی بە شەڕی غەززەوە هەبێت ئەوەندەو زیاتر پەیوەندیی بە چاوەڕوانی و پێشهاتەكانەوە هەیە بۆ چەند مانگی داهاتوو و یەكلابوونەوەی كێبڕكێی سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ كۆشكی سپی.

وتارەکانی نوسەر