هەموو ساڵێك لە عیراقدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی فیدراڵ، رۆژی 16/4 هەموو ساڵێك بە (رۆژی زانست - یوم العلم) ناساندووە، لەو رۆژەدا ئاهەنگێكی زانستیی گەورە ساز دەكات بۆ رێزلێنان لەو پرۆفیسۆر و زانكۆ و مەڵبەندی تۆژینەوە و گۆڤار و ...هتد كە نزیكەی بیست بڕگەی رێزلێنان لە بواری زانستیدا لەخۆ دەگرێت و سەرجەم زانكۆكانی عیراق بەشداری و پێشبڕكێی تێدا دەكەن، یەكێك لە بڕگەكانی رێزلێنانی (رۆژی زانست) بریتییە لە دەستنیشانكردنی (پرۆفیسۆری یەكەم لەسەر ئاستی زانكۆ).
زانكۆی سلێمانی و بەشداریی رۆژی زانست
لە 10/12/2011 دا زانكۆی سلێمانی گشتاندنێكی بۆ سەرجەم فاكەڵتی و كۆلێج و سكوڵەكان نارد و داوای لێكردن ئەو مامۆستایانەی مەرجەكانی خۆپاڵاوتنیان تێدایە بۆ (پرۆفیسۆری یەكەم لەسەرئاستی زانكۆ) بۆ ساڵی 2012 فۆڕمی تایبەت بەو بابەتە پڕبكەنەوە و كۆمەڵێكی زۆر بەڵگە و نامە و نووسراویشی پێویست بێت وەك دۆسییەك هاوپێچی فۆڕمی خۆپاڵاوتنەكە بكرێت. (بڕوانە گشتاندن و فۆرمی خۆپاڵاوتن). ئەوە بوو بەندەش لە كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكان لەبەرئەوەی مەرجەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی فیدراڵی (فەرمانگەی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدان)م تێدابوو فۆرمی خۆپاڵاوتنم پڕكردەوە، سەرجەم بەڵگەنامە و پێداویستییەكانم لە دووتوێی دۆسێیەكدا نارد بۆ سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، زانكۆی سلێمانیش پاش وردبینیكردن و پەسەندكردنی دۆسێیەكە، راستەوخۆ رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی فیدراڵی كرد.
چوون بۆ بەغدا بۆ بەشداریی لە رۆژی زانستدا
پاش ناردنی دۆسییەكە بۆ وەزارتی خوێندنی باڵای فیدراڵ و دوای ماوەی نزیكەی سێ مانگ و نیو، ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم لە 10-11/4/2012 بوو، ئاگادار كرامەوە كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بە (پرۆفیسۆری یەكەم) لەسەر ئاستی زانكۆی سلێمانی هەڵبژێردرام و دەبێت رۆژی 16/4/2012 لە هۆڵی (الحكیم) لە زانكۆی بەغداد ئامادە بم، لەبەرئەوەی بەریز وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی فیدراڵ (علی محمد حسین الادیب) رێزلێنانمان پێدەبەخشێت، ئەوەبوو بەندەش رۆژێك پێش ئاهەنگی رێزلێنانەكە لە بەغداد ئامادەبووم و بەیانی رۆژی 16/4/2012 سەرجەم ئەو پرۆفیسۆرانەی زانكۆكانی عیراق، كە نازناوی پرۆفیسۆری یەكەمیان بەدەستهێنا بوو ئامادەبوون، بەندەش تەنیا پرۆفیسۆر بووم لە زانكۆی سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە پاڵێوراوبووم و ئامادەبووم لە هۆڵی (الحكیم)، (بڕوانە لیسی ناوی پرۆفیسۆرە یەكەمەكانی عیراق).
رۆژێكی پڕشانازی بۆ زانكۆی سلێمانی
رۆژی 16/4/2012 رۆژێكی پڕشانازی بوو بۆ زانكۆی سلێمانی كە تەنیا زانكۆ بوو لەو رۆژەدا یەكێك لە پرۆفیسۆرەكانی نازناوی پرۆفیسۆری یەكەم لە سەر ئاستی زانكۆ بەدەستبهێنێت، بەندەش گەلێك دڵخۆشبووم كە نوێنەرایەتی زانكۆی سلێمانی دەكەم لەم ئاهەنگە زانستییەدا.
لەو رۆژەدا بەڕیز وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵ ریزلێنانی بە دەستهێنانی نازناوی (پرۆفیسۆری یەكەمی سەر زانكۆ) شیرینە بۆ بەندە و زانكۆی سلێمانیش زیاتر لە دوانزە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و هیوادارم زانكۆی سلێمانی كە زانكۆی دایكە گەشاوەتر و پایە بڵندتر بێت لەسایەی مامۆستا و فەرمانبەر و كارگێڕانی باڵادا .
*پسپۆڕی جێوسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی
لیسی ناوی پرۆفیسۆرە یەكەمەكانی عیراق
پرۆفیسور د. جەزا تۆفیق تالیب لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا
بروانامەی نازناوی پڕۆفیسۆری یەکەم