سەیر و سەمەرەی سیاسەت!

09:37 - 2024-09-15
شوان کەریم کابان
43 خوێندراوەتەوە

لە دنیادا سیاسەتدا، شتی غەریب و عەجیبی تێدایە، بەڵام ئەوەی لای خۆمان عەجیبتر و غەریبترە، هەروەک مەسەلەکانی تر، قسەیەک هەیە دەڵێن لە سیاسەتدا ئەخلاق نییە، ئەخلاق بە مانا تەقلیدییەکەی نا، بەڵام خۆ ناکرێ هەموو سنوورەکانی بۆچوون و عەقڵ و مەنتیق تێپەڕێنێت و باسیشی نەکرێت!.
 لە کوردستاندا کە راپەڕین بوو، پێنج شەش حزب و یەک دوو بزووتنەوە هەبوون، ئێستا سێ چوار هێندە هەیە و ئاساییشە، بە حوکمی کەشی ئازادیی کوردستان و بارودۆخە نوێکە. تا ئێرە حاڵەتەکە نۆرماڵە، بەڵام کە وردی دەکەیتەوە و هەروا لێکدانەوەیەکی سەرپێیی بۆ دەکەیت، سەیر و سەمەرەکەت بۆ دەردەکەوێت. 
لە کوردستان بزووتنەوە هەیە لەسەر خواستی گروپی دەرەوەی هەرێم دروستبووە و بە ئەمری ئەوان هەڵدەسووڕێت و خۆشی بە جێگرەوە دەزانێت و زۆر جاریش گرفت دروست دەکات!
 بزووتنەوە هەیە لەسەر بنەمای دژایەتیی دەسەڵات و ئەو گەندەڵییەی ئەو باسی دەکات دروست بووە و سەری زمان و بنی زمانی، باسی دزی و گەندەڵی و ناحەقییە، کەچی خۆی هەم پارەی خەڵک و هەم هی حکومەتیشی خواردووە و نەک لە هەرێمیش، بەڵکو لە بەغداش سیاسەت بۆ وەرگرتنی پرۆژە و پارە دەکات و وەک چۆن لێرە چەند کەیسێکی لە دادگایە، لەوێ دادگا حوکمی ئەندامێکی کاراشی داوە. 

 

بزووتنەوە هەیە لەسەر دژایەتیی دەسەڵات و بەتایبەتی ی.ن.ک و رەخنەگرتن لە پەیوەندیی یەکێتی و پارتی دروستبووە و گەشەی کردووە، کەچی ئێستا خۆیان لەگەڵ پارتیدا موو بە بەینیاندا ناچێت!

 

بزووتنەوە هەیە لەسەر دژایەتیی دەسەڵات و بەتایبەتتریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قسەکردن لەسەر پەیوەندیی یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروستبوو و گەشەی کرد، کەچی ئێستا لەگەڵ پارتیدا موو ناچێ بە بەینیاندا و بە پێچەوانەوە ئەوان پارتی ترن!. 
گروپ و بزووتنەوەی تریش هەن، لەسەر بنەمای دژایەتی لایەنێکی سیاسیی هەرێم و قسە بە سەرکردایەتییەکەیان دروست بوون و مێشکی خەڵکیان پڕکردووە لە دژایەتیی گەندەڵی و بەقاچاغ بردنی نەوت، کەچی لە بنەڕەتدا ئەوانە خۆیان قاچاخچێتی هەموو شتێکیان داهێنا و ئێستا لەگەڵ ئەو لایەنەی ئەوان قسەیان پێ دەوت، کۆبوونەوە و پیلانی نهێنییان هەیە!. 
بەداخەوە هەندێکی تریش هەن، بەشێکی خراپی ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێم لەئەستۆی ئەواندایە، کەچی بانگەشەی چاکسازی و دژایەتیی گەندەڵی دەکەن!.
 لەهەمووشی سەیرتر، هەموو ئەو گروپ و لایەنە بەڕێزانە لەسەدا نەوەدی چالاکیی سیاسی و میدیاییان لە سنووری دەسەڵات و نفوزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە. بەداخەوە، لێرە کاری سیاسەت وای لێهاتووە و هەموو سنوورەکانی عەقڵ و مەنتقی تێپەڕاندووە.

وتارەکانی نوسەر