مامۆستا دارعەسای پێ نییە

11:04 - 2024-09-16
سدیق سەعید رواندزی
126 خوێندراوەتەوە

 

نكۆڵی لەوە ناكرێت پەروەردە و فێركردن، رۆڵێكی سەرەكی و بنەڕەتی لە پێشخستن و پێگەیاندنی كۆمەڵگە و نەوەكانیدا دەبینێت. چەند پەروەردە  سەركەوتوو بێت، چەند پێشبكەوێت، ئەوەندەش كۆمەڵگەیەكی تەندروست، پێشكەوتوو، كراوە و تێگەیشتوو، دروست دەبێت. بایەخی پەروەردە لە هەموو دونیادا، بە جیاوازیی گەشەی ژیاریی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، بایەخێكی لە پێشینەیە و یەكێكە لەو كایانەی، لە پێشەوەی هەموو ئەجێنداكانی دیكەی دەوڵەت دێت. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ژاپۆن بە سەر لە نوێ ئاوەدانكردنەوەی قوتابخانەكان و بایەخدان بە پەروەردە، توانی لە شكستی دوای جەنگ هەڵبستێتەوە و ببێتە پێشكەوتووترین و داهێنەرترین وڵات لە ئاستی دنیادا. بۆیە پەروەردە سێكتەرێكە، پەیوەندیی بە هەموو لایەنەكانی ژیانەوە هەیە و دەروازی پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵگەشە. تا پەروەردە نەبێتە خەمی هەمووان، ناتوانین بە گشتگیری لە بایەخی ئەو كەرتە تێبگەین.
 لە ماوەی ئەو سی ساڵەی دوای ڕاپەڕیندا، بایەخێكی زۆر بە كەرتی پەروەردە دراوە، بەڵام هەموو شتێك كۆتایی نەهاتووە. هێشتا لە گەلێك ڕووی میتۆدی و لۆجستی و پەیڕەو و خزمەتگوزاریی پەروەردەییەوە، پێویستیمان بە بایەخی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتر هەیە. ئەم بایەخدانە، هەر تەنها ئەركی حكومەت و دامەزراوە پەروەردەییەكان نییە، بەڵكو ئەركی خێزان و مامۆستا و خوێندكاران خۆشیانە، وەك سێیانەیەك بۆ ئەوەی نەوەیەكی پەروەردەیی و تەندروست پێبگەیەنین. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە گشتی تێگەیشتنێك لەبارەی مامۆستاوە هەیە، وەك ئەوەی دار عەسای پێ بێت و دەبێ لە خوێندگەدا، منداڵێكی نموونەیی و پەروەردەیی و هوشیار پەروەردە بكات و پێبگەیەنیت. ئیدی ئۆرگانە پەروەردەییەكانی دیكە، لە شێوەی خێزان، خۆیان لەو ئەركە دەبوێرن و بە ئێستاشەوە دەگوترێت با مندڵەكەمان بچێتە حوێندنگە، هیچ نەبێت بەیانییەكەی لە كۆڵ ماڵ دەبێتەوە. هەڵبەتە، بە بێ هاوئاهەنگی خێزان، دەسپێكی پەروەردەكردنی منداڵ لە ماڵ و فێركردنی، هەرگیز ناتوانرێت لە خوێندنگەدا خوێندكار و مرۆڤێكی نموونەیی دروست بكەین، لە بەر یەك هۆكاری زۆر سادە ئەویش ئەوەیە، ئەو خوێندكارە لە نێوان دوو پەروەردەی دژ بە یەك دایە. عەلی وەردی، لەبارەی منداڵانی عیراقەوە دەڵێت، ئەوان پەروەردەی خێزان و لاكۆڵانن، لە ماڵەوە چەند جوان پەروەردە بكرێن، كە تێكەڵ بە منداڵانی دیكەی كۆڵان بوون، دەگەڕێنەوە خاڵی سفر و فێری زمانی زبر و توند و پڕ لە جوێن دەبن. لەو سۆنگەیەوە، ئەركی دایك و باوك لە پەروەردەكردنی منداڵ، لە ئەركی مامۆستا قورستر و گرنگترە، چونكە ئەگەر دایبابان توانیان منداڵێك بە پەروەردەیەكی جوانەوە، بخەنە بەردەستی مامۆستا، ئەوا ئەویش لەڕووێكی دیكەوە، دەبێتە تەواوكەری ئەو پەروەردەكردنە، بەڵام بڵێن گۆشت بۆ تۆ و ئێسقان بۆ ئێمە، ئەمە هەرگیز لەگەڵ پەروەردەی سەردەم و مرۆییانە ناگونجێت. جێگەی داخە لەم رووەوە بەشێكی زۆری خێزانی كوردی، كەمتەرخەمن و هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن، گوێ نادەنە منداڵەكانیان و چاودێریان ناكەن و دەشیانەوێت مامۆستا بە تەنها ئەو منداڵە بكاتە مەهاتما گاندی، ئاخۆ ئەمە دەكرێت؟ پەروەردەكردنی منداڵ، ئەرك و بەرپرسیاریەتییە و ئەو بەرپرسیاریەتییەش لە خێزانەوە وەك یەكەم ئۆرگانی پەروەردەیی دەست پێ دەكات و بە قوتابخانەدا تێدەپەڕێت و لە زانكۆكاندا دەگاتە ترۆپك. بۆیە چەند پەیوەندییەكی بە هێز لە نێوان خێزان و قوتابخانە هەبێت، ئەوەندەش كایەی پەروەردە سەركەوتووتر و نەوەیەكی تێگەیشتووتر بەرهەم دێت. بە بێ ئەم پەیوەندییە كەلێنێكی گەورە دەكەوێتە بواری پەروەردەوە. من وەك مامۆستایەك، بەردەوام لە وانەی بەها كۆمەڵایەتییەكان و كۆمەڵایەتی، باسی نهێنی و ماف و تایبەتمەندیی تاكەكەسیانەی مرۆڤەكان بۆ خوێندكاران دەكەم، كە بەشێكە لە ژیانی خۆیان و نابێ بچنە ناوی، كەچی جارێكیان سەرنجمدا، چەندین خوێندكار لە پشت سەری مامۆستایەكی دیكەوە تەماشای مۆبایلەكەی دەكەن، كە منیان دیت، پێم گوتن من باسی چیم بۆ كردوون لە بارەی تایبەتمەندیی كەسەكانەوە؟ گوتیان مامۆستا پێت گوتووین نابێ تێكەڵ بە تایبەتمەندیی كەسیی مرۆڤەكان بین! بێ دەنگ بوون و تەریق بوونەوە و زۆر هەستیان بە شكانەوە كرد، گوتم ئەی مادام وایە بۆ سەیری مۆبایلی مامۆستا دەكەن؟ ئەمە بۆچی وایە؟ چونكە لە ماڵەوە بەردەوام مۆبایلی دیك و باوكیان بە دەستەوەیە!

وتارەکانی نوسەر