ئاخر مامۆستایان ئەرك و مافیان هەیە، نابێت وەزارەتی پەروەردە هەر تەنها ئەرك بسەپێنێت و گوێش بە داواكاریی و مافەكانمان نەدات
لەگەڵ دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە بە بێ هیچ جۆرە راوێژێك بە سەدان هەزار مامۆستا كە لە نێوەندەكانی خوێندن خزمەت دەكەن، كۆمەڵێك رێسا و رێنمایی پەروەردەیی، وەك فەرمان، بەسەر مامۆستایاندا بێ هیچ هەڵسەنگاندن و زەمینەسازییەك دەسەپێنێت، وەك ئەوەی مامۆستا كۆیلە بن.
پارساڵ، لەڕێگەی پڕۆژە ناسەرکەوتووی مامۆستایەکی راهێنەرەوە كە ئێمە نامان کە نامانەوێت، چونكە هەر لەو رۆژنامە سەنگینەدا بە وتارێك باسمان لەوەكرد كە ئەم پڕۆژەیە ناتوانێت پڕۆسەی پەروەردە پێشبخات، ئەگەر وەزارەت راپەرسییەكیش لە بارەی ئەو پڕۆژەیە بكات و بۆچوونی مامۆستایان وەربگرێت، ئەو كات راستیی ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەكەوێت، چونكە هەموو مامۆستایان رەخنەی دەكەن. ئەمساڵیش وەزارەتی پەروەردە، فۆڕمێكی بە ناوی هەگبەی مامۆستا بەسەر مامۆستایاندا دابەشكردووە، كە چەندین ئەرك و رۆڵی لاوەكی بۆ مامۆستایان لە دەرەوەی پڕۆسەی خوێندن زیاد كردووە.
ئەم هەگبەیە گوشار دەخاتە
سەر مامۆستایان
بەپێی ئەو رێنمایی و بڕیارانە بێت كە لە فۆڕمەكەدا هاتوون، ئەوا مامۆستایان كەمترین بواریان بۆ وانە وتنەوە دەبێت. سەیر لەوە دایە خاڵی وەها لە هەگبەكەدا هەیە، كە بەڕاستی جێگەی سەرنجە دابنرێت و ئەوانەی فۆڕمەكەیان بە ناوی هەگبەی زانستییەوە رێكخستووە، درك بەوە نەكەن كە جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە نەك ئەستەمە بگرە مەحاڵیشە.
بۆ نموونە: لە هەگبەكەدا هاتووە كە (دەبێ مامۆستا وتار و نووسینی پەروەردەیی و هەر بابەتێكی دیكە بنووسێت و لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاویانبكاتەوە، كتێب بنووسێت، بە بەردەوامی بخوێنێتەوە، ببێتە سەرنووسەر و سكرتێری نووسین و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامە و گۆڤارەكان.
دەبێ دیبەیت و كۆڕ و سیمینار و سیمپۆزیم بكات) وەك ئەوەی كردەی نووسینی وتار و كتێب و سیمینار پێشكەشكردن، كارێك بن هەموو مامۆستایەك بتوانێت بیانكات.
مامۆستایان دیارترین توێژن كە ناخوێننەوە
من خۆم مامۆستام، زۆر باش ئەوە دەزانم، ، مامۆستا هەیە 40 ساڵە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندایە، كەچی دوو كتێبی نەخوێندۆتەوە، هەزارەها مامۆستا هەیە بە درێژایی ژیانیان یەك رۆمان، بیرەوەری، كتێبی مێژووییان نەخوێندۆتەوە، كەچی مامۆستای دڵسۆز و ئەركدار و بەرپرسیاریشن، ئەمە بۆچی وایە؟ چونكە مەرج نییە ئەوەی مامۆستا بێت دەبێ نووسەر و خوێنەر بێت و توانای ئەوەی هەبێت كتێب بنووسێت و كۆڕ و سیمینار بگێڕێت.
ئەم خەسڵەتانە هیچ پەیوەندییان بە شوناسی پیشەیی مرۆڤەوە نییە، بەڵكو تایبەتمەندن، تەنانەت دارتاشیش پیشەیە و هەموو كەس ناتوانێت ببێتە دارتاش. ئیدی نازانم ئەوانەی بێ ئاگایانە ئەو بەناو هەگبەیەیان داناوە، چۆن پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان نەكردووە، دەكرێ هەموو مامۆستایەک ببێتە نووسەر و كتێب بنووسن و بڵاویبكەنەوە؟
چۆن پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان نەكردووە، مامۆستایەك بە درێژایی ژیانی بڕوای بە خوێندنەوە نەبێت و كتێبێكی نەخوێندبێتەوە، ئیدی چۆن تازە فێری كەلتوری خوێندنەوە و كتێب نووسین دەبێت؟
جێگەی داخە ئەم جۆرە رێسا و رێنماییانە، دەلالەت لەوە دەكەن كە لەنێوان مامۆستایان و وەزارەت و یەكەی سەرپەرشتیاریی، چەند درزێكی قووڵ هەیە و چۆن وەزارەت دەیەوێت كارێك بە مامۆستایان بسپێرێت، كە دەبێ خۆیان بیزانن و دركی پێ بكەن؟
وەزارەتی پەروەردە، وەك چۆن پێداگرە لەسەر ئەوەی هەر ساڵێك رێنماییەك بەسەر ئێمەی مامۆستایاندا بسەپێنێت، ئایا پێداگریشە لەسەر گێڕانەوەی مافەكانمان؟
ئایا گوشاری لە حكومەت كردووە پلە بەرزركردنەوەی مامۆستایان كە 10 ساڵە راگیراوە دەست پێبكاتەوە، لە كاتێكدا ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ بێ كێشە پلەكانیان بەرز دەكرێتەوە؟
ئاخر مامۆستایان ئەرك و مافیان هەیە، نابێت وەزارەتی پەروەردە هەر تەنها ئەرك بسەپێنێت و گوێش بە داواكاریی و مافەكانمان نەدات!